بیروڕانوسەرانوتار

ئەم ستەمەتان چۆن لە دژی کیژە لاوەکانمان ڕەوا بینی؟

مەتین کاچماز، لە شاری لاهوری لە پاکستان لەگەڵ هاوسەرەکەی و هەردوو کیژە تەمەن ١٤ ساڵ و ١٦ ساڵەکەیدا بە فەرمانی حکومەت و جێبەجێکردنی دەزگای میت فڕێندران، گەڕێنرانەوە تورکیا.

کاچماز و خێزانەکەی، لە نیوە شەودا و لەلایەن هەندێک کەسی نەناسراوەوە هێرشیان کرایە سەر و تورەکەیان کردە سەریان و فڕێندران.

پاشان دەرکەوت کە ئەمانە ئەفسەرن و سەربە دەزگای دژە تیرۆری پێنجاب بوون، و لە لایەن تورکیاوە لیستێکیان پێدراوە بە ناوی ‘ئەو تورکانەی دەبێت بڕفێنرێن’.

هیچ بڕیارێکی دادگا نییە کە فەرمانی دەسبەسەرکردنی خێزانی کاچمازی دابێت.

١٨ ڕۆژ لە پاش ڕفاندنیان لە پاکستان، ڕێگەیان نەدابوون چاویان بە پارێزەرەکانیان بکەوێت.

دادگای خۆجێیی پێنجاب بڕیارێکی دەرکرد کە ڕێگری لە هێنانەوەیان دەگرێت.

***

هەرچەندە، سەرەڕای ئەوەی کاچماز و خێزانەکەی بەڵگەنامەی ‘پەنابەرییان’ وەرگرتبوو هەتا ١٣ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٨ لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە پێدرابوو، بەڵام لەلایەن دەزگای سیخوڕی پاکستانەوە لە شوێنێکی نادیار دەسگیرکرا بوون، پاشان فڕاندبوونیان بۆ ئسلام ئەبادی پایتەخت و لە فڕۆکەخانەی شارەکە درابوونە دەست دەزگای سیخوڕی تورکیا.

ئەم کارە پێی دەوترێت ‘Abduction’ واتا ‘مرۆڤ ڕفاندن’… لە فەرهەنگی نێودەوڵەتیدا بۆ مرۆڤ ڕفاندنی نایاسایی وشەیەکی تایبەتی ‘Rendition’ بەکاردەهێنرێت.

وشەی ‘Rendition’، لە پاش ڕوداوەکانی ١١ی سێپتەمبەر و لە سەردەمی بۆشدا لە لایەن دەزگای CIAەوە زوو زوو بەرامبەر ڕێکخراوی ئەلقاعیدە بەکاردەهێنرا.

لە ئیتاڵیاوە، لە مەقدۆنیاوە، لە ئەفغانستان و سەرانسەری جیهانەوە بەم شێوەیە بە سەدان کەس و ناو ڕفێندراون.

دەزگای CIA بۆ ئەم کارانە فڕۆکەی تایبەتی ژمارەی ساختەی کۆمپانیاکانی فڕۆکەوانیان بەکاردەهێنا.

ئەم کەسانە پاش ڕفاندنیان، لە زیندانی کاتیدا لە پۆڵەندا و ئەڵمانیا ئەشکەنجە دەدران.

گەر ‘گومانەکە’ بەهێزبایە، ڕاستەوخۆ دەگوازرایەوە بۆ بەندینخانەی گوانتەنامۆ…

پاش بە دەرکەوتنی ئەشکەنجەدان و مرۆڤ ڕفاندن، لە زۆر ڕووەوە داوا لەسەر ئەمریکا تۆمار کرا.

هەندێک لەو کەسانەی ڕفێندرابوون، پاش ماوەیەک بە ڕێکەوتنێکی تایبەت درانە دەست وڵاتەکانی خۆیان وەک سوریا و میسڕ کە زۆر دڕندانەتر مامەڵەیان دەکردن.

بەشێک لەو کەسانە، گەر شانس یاوەریان بایە و لە ژێر ئەو ئەشکەنجە دوور و درێژە ڕزگاریان دەبوو، دەگەڕانەوە ئەوروپا، لەوێ هەم پارێزراو دەبوون لە ڕفاندن و هەم داوای یاساییان بۆ قەرەبوو کردنەوە لەسەر ئەمریکا تۆمار دەکرد.

وڵاتی ئیتاڵیا، بڕیاری دەسگیرکردنی بۆ ٢٢ ئەفسەری دەزگای CIAی ئەمریکی دەرکرد کە بەشداربوون لە کاری ڕفاندندا.

***

بەدڵنیاییەوە کەیسی ئەلقاعیدە و ئەو کەسانەی بە ئەندامێتی ئەلقاعیدە تاوانبارن بەراورد ناکرێت لەگەڵ کەیسی مەسعود کاچماز و خێزانەکەی، کە مامۆستایەکە و هیچ مەیلێکی توندڕەوانەی نەبووە و تەنانەت بچوکترین کاری نایاسایی ئەنجام نەداوە. بەڵام بەداخەوە هێشتاش ئەوەی بەسەریاندا هاتووە جیاوازی نەبووە لەگەڵ ئەوەی بەسەر تاوانبارە توندڕەوەکانی ئەلقاعیدەدا هاتووە…

میدیا تورکییەکانی سەر بە دەسەڵات لە پێش هەموویانەوە سەباح و حوڕییەت، ئەنجامدانی ئەم ڕفاندنانەیان بە کارێکی نایاسایی دانەناوە، بەڵکو لە شێوەی ‘چیرۆکێکی سەرکەوتن’ باسیان لێکردووە بۆ خوێنەرەکانیان.

چەپڵەیان بۆ کارە نایاساییەکانی دەسەڵات لێدا. بوون بە هاوبەشی ئەو پێشێلکارییانە. دۆخێکی بێزارکەرە…

***

ئەسما جیهانگیر کە پارێزەرێکی پاکستانییە و دەربارەی ڕفاندنی خێزانی کاچماز گفتوگۆیەکی یاساییانەی ئەنجامدا و لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا زۆر بە ڕوونی باسی لە گەڕاندنەوە نایاساییەکەیان کرد و ئەو ڕووداوانەی بەسەریان هاتبوو.

ڕوونکردنەوەکەی بەم شێوە بوو:

‘خێزانەکە سەرەتا لە لاهور دەستبەسەر کران، ڕاستوەخۆ پاش ئەوە بران بۆ ئیسلام ئاباد. فڕۆکەیەکی تایبەت لە تورکیاوە هاتبووە فڕۆکەخانەی ئیسلام ئاباد. لە فڕۆکەخانەکە بە ڕاکێشان ئەندامانی خێزانەکەیان خستە ناو فڕۆکەکەوە و برندیان. ئەوەی دەمەوێت بیڵێم ئەوەیە: ئایا ئێرە وڵاتە یان دارستانە؟ یاخود ماڵێکی بێخاوەنە؟ چونکە لێرە هیچ کەس نییە نرخ بۆ دادگا دابنێت، هەر کەسێک کە بیانەوێت ڕادەستی دیکتاتۆرەکانی دونیایان دەکەن، هەر وەک چۆن لە ڕابردوودا کردویانە…

ئەمە تەنها لەبەر ئەوەی دەسەڵاتدارانی ئەوێ و دەسەڵاتدارانی ئێرە دۆستایەتیان هەیە… ئێمەش ئەو کەسانەی لێرەن وەک مەڕی قوربانیی بەردەوام دەبین لە ڕادەست کردنیان، وایە؟ دادگای ئەمڕۆ فەرمانی بە لایەنە پەیوەندیدارەکان کرد و داوای ژمارە و لیستی هەموو ئەو فڕۆکانەی کرد کە لە ئیسلام ئاباد نیشتوونەوە و لە ئیسلام ئابادەوە هەڵفڕیون.

دادوەر، داوای بینینی تۆماری فڕۆکە تایبەتەکانی کردبوو کە لە فڕۆکەخانەی ئیسلام ئاباد نیشتوونەوە لەگەڵ تۆماری سیستەمی داخراوی کامێراکانی چاودێری، هەروەها ووتی کە دەیهەوێت شێوازی ڕاگوازتن و ڕادەستکردنی خێزانەکە ببینێت.

گەشتیارە شایەتحاڵەکان پەیوەندیان پێوە کردین و چۆنییەتی ڕاکێشان و هاوارکردنی کیژەکانیان بۆ باسکردین هەروەها چۆن بە زۆرەملە خراونەتە نێو فڕۆکەکەوە. ڕاستەوخۆ پاش گەشتن بەندکراون، ئێستا هەردوو هاوسەرەکە دەستبەسەرن، ئەوان لە فڕۆکەخانەکە ئەشکەنجە دراون و لێیان دراوە…

دادگا هێشتا ئەو زانیارییانەی پشتڕاست نەکردۆتەوە کە دەستی کەوتوون و دەزگای دژە تیرۆری پێنجاب تۆمەتبار دەکەن بە ڕفاندنی خێزانەکە هەروەها لەسەر داوای ئێمە جێگری ڕاوێژکاری باڵای ئەم گروپە بانگکراوە بۆ ئەوەی وتەی وەربگیرێت. ئێمە تا کۆتایی لە دوای ئەم بابەتە دەبین، تا ڕەگی بابەتەکە دەڕۆین و ئەو کەسە دەدۆزینەوە کە فەرمانەکەی دەرکردووە. تا بزانین داخۆ ئەو دەسەڵاتدارە کێ بێت کە فەرمانەکانی دادگای پێشێل کردووە و فەرمانەکانی خۆیی زاڵکردووە؟

با شتێکی سەرنج ڕاکێشترتان پێ بڵێم: وەزیری ناوخۆ لەسەر ئەم بابەتە ڕوونکردنەوەی داوە و بێ ئاگایی خۆیی ڕاگەیاندووە لە سنورداش کردنەوەی ئەو خێزانە. تەنانەت دەزگای سیخوڕیی فیدڕاڵیش بێخەبەربووە لە پاش تەواوبوونی کردەوەکەش. هیچ تۆمارێکی نییە چوونە دەرەوی خێزانەکە لە وڵات بسەلمێنێت. وەزیری دەرەوەش بە هەمان شێوە بێ ئاگایی خۆیی ڕایگەیاند. گەر ئەم دوو وەزارەتە لە هیچ شتێک ئاگادار نەبن، کەواتە داخۆ ئەو کەسە سێهەمە کێ بێت کە لێرەوە هەموو فەرمانەکانی دەرکردووە؟ لەبەر ئەوەی کەسێکی سێهەم بوونی هەیە، کەواتە ئەویش ئێستا گوێبیستی ئێمەیە. ئێمەش دەزانین ئەو کێیە و دەست لە یەخەی هەڵناگرین.

وەزیری ناوخۆ، دەڵێت کە تەنانەت دەزگای سیخوڕی فیدڕاڵیش بێ ئاگایە. کە وابێ ئەم خێزانە چۆن توانیویانە وڵات جێ بهێڵن؟ لە کاتێکدا پاسپۆڕتەکانیان لای ئێمەن ئەو خێزانە چۆن نێردرانەوە؟ کێ بەبێ پاسپۆڕتەکانیان ئەوانی گەڕاندەوە؟ کێیە هێندە بە دەستەڵاتە توانیویەتی کەسانێک بێ پاسپۆڕتەکانیان بباتە دەرەوەی وڵاتەکە؟ کێ لە ئێوە دەتوانێ بە بێ پاسپۆڕت بچێتە دەرەوەی وڵات؟ من دەتوانم بە بێ پاسپۆڕت بڕۆم؟ هەتا یەکێک لە دەسەڵاتداران و بەرپرسانی ئەم وڵاتە فەرمانیان نەدابێت، هەتا یەکێک لەوان نەیان گوتبێت ‘بیبە’، ئەمە چۆن ئەکرێت؟’

***

پارێزەرێکی ویژدان زیندووی پاکستانی، وانەی مرۆڤ دۆستی و دادپەروەری دەدات بە کارمەندە بێ ویژدانەکانی میدیای تورکی و ئەو خزمەتکارانەی فەرمانە نایاساییەکانی دەسەڵات جێبەجێدەکەن.

خێزانێک پارێزراو و وەرگیراو بە ‘پەنابەر’ لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە، بەبێ پاسپۆڕت، و ڕفاندنیان و ڕادەستکردنیان بەو سیخوڕانەی کە بە فڕۆکەیەکی تۆمار نەکراوی تایبەتی دەزگای سیخوڕی تورکی هاتبوون.

هەروەها ڕاگواستن و گریانی دوو کیژە تەمەن ١٤ ساڵ و ١٦ ساڵەکانیان کە بە چاوبەستراوی و بە زۆرەملە خراونەتە نێو فڕۆکەکەوە بە بەرچاو گەشتیارانی نێو فڕۆکەخانەکە.

دەستەڵاتدارێک کە بۆ ڕەزا زەڕڕابی بە ڕەگەز ئێرانی دەڵێت ‘هاووڵاتییەکەی منیان دەسگیر کردووە’ و لەسەری ڕووبەڕووی ئەمریکا دەبێتەوە، دەستەڵاتدارێک کە ساڵانێکە بە ووتنی ‘خوشکە سەر بە سەرپۆشەکەم’ دەنگی ئافرەتان کۆدەکاتەوە، ئێستا ئازاری کیژە تورکە سەر بە سەرپۆشەکان دەدات و ڕێگە بە ئازاردانیان دەدات.

کیژە تەمەن ١٤ ساڵ و ١٦ ساڵە بێ تاوانەکان (لە کاتێکدا دایک و باوکیشیان بێ تاوانن) لە نیوەشەودا تورەکە دەکەنە سەریان و دەڕفێنرێن، بە چاوبەستراوی و بێ ئەوەی بزانن بە گریانەوە و بە زۆرە ملە دەخرێنە نێو فڕۆکەیەکەوە، پاشان لە تورکیا ڕادەستی کەسە نزیکەکانیان دەکرێن.

***

بە چی مافێک ئەم ستەمەتان لەو کیژە بێ تاوانانە کرد؟

چۆن ئەم ڕووداوە ناخۆش و ئازارە دەروونییە درێژانە تێبپەڕێنن؟

چۆن ئەو ستەمەتان دەرهەق بەو منداڵي بێ تاوانانە ڕەوا بینی؟

گەر لە سزا و لێپرسینەوەی ئەم دنیایەش دەربازبن، داخۆ لە سزا و لێپرسینەوەی خودای خاوەن ‘دادپەروەری ڕەها’ ڕزگاردەبن؟

وەک بەدیعوزەمان کە پاش ئازادکردنی لەو دادگایەی بڕیاری ناڕەوای لە سێدارەدانی بۆ دەرکردبوو، پاش بینینی ئەو بێتاوانەی لە پای پەتی سێدارە ڕیزکرابوون، ئێمەش وەک ئەو لە بەرامبەر ئەم ستەمکارییەدا پڕ بە دەم هاوار دەکەین و دەڵێین ‘جەهەنەم بژی بۆ ستەمکارەکان’…

http://www.tr724.com/genc-kizlarimiza-zulmu-nasil-reva-gordunuz/

 

Show More
Back to top button