هەواڵ

 ئەمە تۆڵەی کێیە؟

مەهمەت فاتیح ئیلگار و دۆغو پەرینچەک

مەهمەت فاتیح ئیلگار کە دەریاسالارێکی سوپای تورکیا و بە تۆمەتی کودەتای باڵیۆز دادگایی کراوە، لە پەیوەندیەکی تەلەفۆنیەکانیدا لەگەڵ جەماعەتی ئەرگەنەکۆن کە بەروارەکەی دەگەڕێتەوە بۆ پێش ڕێکەوتنیان لەگەڵ ئێردۆغان، ئاماژە بە ڕووداوەکانی ئەمڕۆ دەکات. بە ڕوونی تیشک دەخاتە سەر بکەری ئەو زوڵم و زۆرەی ئەمڕۆ و ئەوە پشان دەدات کە کێیە تۆڵەی خۆی دەکاتەوە.

قسەکانی ئیلگار لەو سەردەمەدا وەک هەڕەشە و گوڕەشە تەماشا دەکرا و وەها لێکدانەوەی بۆ دەکرا کە لە ژێر کاریگەی و کاردانەوەی بەرامبەر ڕووداوەکاندا وەها قسە دەکات.

بەڵام تێپەڕینی کات ڕاستی قسەکانی پشاندا. ئێستا دوو ئەگەرمان لەبەردەمدایە: یان ئەوەتا فەرماندە سەربازیەکانی باڵیۆز کەرامەتیان پشاندا و ئەو قسانەیان دەکرد، یان ئەوەتا یەکێک ئەم قسانەی پێوتبوون کە بە تەمایە ئەنجامی بدات.

لەوە دەچێت ئەو زوڵم و زۆر و کۆکوژیەی ئەمڕۆ ئەنجام دەدرێت، لە قۆناغبەندی جیاوازدا پیلانی بۆ دانرابێت.

مانگی ئایاری ٢٠١٢، ئیلگار لە زیندانەوە تەلەفۆن بۆ یەکێک لە جەماعەتی خۆیان دەکات و باسی ئەوە دەکات کە لە سەرچاوەی باوەڕپێکراوەوە هەواڵی پێگەشتووە، کەوا بە زووترین کات لە زیندان ئازاد دەکرێن و، دوای ئازاد بوونیشیان هەموو شتێک گۆڕانکاری بەسەردا دێت. تەواوی ئەم قسانەش لە مێدیاکانی تورکیا بڵاوکرانەوە.

جەم عەزیز چاکماک کە ئەویش فەرماندەیەکی تری سوپای تورکیایە و بە تۆمەتی کودەتا زیندانی کرا، ناوبراو دوای ئازادبوونی لە زیندان لە نەخۆشخانەیەکی سەربازی چارەسەری بۆ کراو هەر لەوێ گیانی لە دەستا؛ قسە و هەڕەشەکانی ئەویش هیچی کەمتر نەبوو لە قسەکانی ئیلگار؛ بگرە زیاتریشی وت:

” لە ماوەی دوو ساڵدا تۆڵەی باڵیۆز دەکەینەوە، زۆر گیان دەسوتێت. لە کاتێکدا کە زۆر متمانەیان بە خۆیانە، بە بێ ئەوەی جیاوازی لە نێوان منداڵ و گەورەدا بکەین تۆڵە لە هەموویان دەستێنین. بەوانیشم وت(دادوەر و داواکاری گشتی) ئێوەش ڕۆژێک دێنە سەر ئەم کورسیانە و وەک خائینی نیشتیمان دادگایی دەکرێن. هەمیشە دەڵێم خودا تۆڵەی ئێمەیان پشان نەدات. چونکە ئێمە کە تۆڵەمان سەند، هەمان هەڵەکانی ڕابردوو دووبارە ناکەینەوە. گەر بەرامبەر ئەتاتورک سەرکەشیەک بکرایە دەیوت” گوێ بە منداڵ و گەورە مەدەن، هەرهەموویان بپێچنەوە، شارەکە بپێچنەوە”، لەو کاتەوە ئەمەی بینیوە، ئەم ئیشە بەم شێوەیە دەکرێت. نازانم چەندەی تر لێرە دەمێنینەوە، بەڵام زۆری پێناچێت، سەرچاوەکانم باوەڕ پێکراوە. لێپرسینەوە لە تەواوی ئەمانە دەکرێت. ناتوانن لە دادگای مێژوو ڕزگاریان بێت. کەس قورتاری نابێت، کەسیان. ئەمانە شوێنێکیان نیە سەری پێدا بکەن. ئەمانە گۆڕیش وەریان ناگرێت، سوێند بە شەرەفم وایان لێ دێت لە گۆڕیشدا جێگایان نابێتەوە. لە ماوەی دوو ساڵدا هەموو شتێک هەڵدەگەڕێتەوە، سەیرکە پێت دەڵێم، دوای دەڵێی پاشایەک وای وت، ئەمانە زۆریان لەم وڵاتە ڕادەکەن، تۆڵەمان زۆر جیاواز دەبێت، زۆر گیان دەسوتێت، وای چییان لێ دێت، شتی زۆر هەیە کە بەسەریان دێت و لە ئێستاوە دەیزانین، دوو ساڵیش زۆرە، لەوە دەچێت لە یەک ساڵدا ئەمانە هەمووی ڕووبدات. گەر ئێمە لە زیندان ئازادکراین، ئەوا تۆڵەی خۆمان لەوانەی دەرەوە دەستێنینەوە، زۆر بە جددی لێپرسینەوەیان لەگەڵ دەکەین. یەکەم ئیشمان چی دەبێت دەزانی؟ یەکەم شت برسیان دەکەین. ئێمەش دەستمان بەتاڵ نیە، پلانی باشمان هەیە. لەبەرامبەر جەنگدا دەجەنگین، چارەیەکی ترمان نیە. نابێت بەم شێوەیە کۆتایی پێ بێت. لە ماوەی یەک دوو مانگدا، یاسایەک لە پەڕلەمان دەردەچێت، بەو یاسایە لە زیندان ئازادمان دەکەن. ئەم وڵاتە بە قەیرانێکی ئابوری یاخود شەڕی ناوخۆ دێتەوە سەر خۆی. ئیدی دوای ئەوە ڕێگای گەڕانەوە دەست پێ دەکات”.

“وەک شمشێرێک واین لە کێلان دەرچوو بێت”

سەرەداوی ئەوەی ئەمڕۆ ڕوو دەدات، لە قسەکانی دۆغو پەرینچەکیشەوە بۆمان دەردەکەوێت، کاتێک لەبەردەم زینداندا کۆنگرەی ڕۆژنامەوانی ساز کرد لە ڕۆژی ڕزگاربوونیدا. پەرینچەک  پیاوێکی تاریک و ئاڵۆزە کە هەموو سەردەمێک توانای مانەوەی هەیە لە ڕۆڤەی تورکیادا.

 

دەتوانێت زۆر هەڵوێستی دژ بە یەکی هەیە کە ١٨٠ پلە جیاوازیان هەیە، لە هەر شوێنێکدا بوەستێت، خۆی وەک خاوەنی ئەو شوێنە پشان دەدات. لە پێش ساڵی ١٩٨٠ خۆی وەک ماهۆجو دەناساند، بەڵام ساڵی ١٩٩٠ دەچوە کەمپەکانی پەکەکە و گوڵی پێشکەشی بە عەبدوڵڵا ئۆچئالان دەکرد. لە کەمپەکانی پەکەکە وتاری پێشکەش دەکرد، ئۆچئالانی بە “جەنگاوەرێکی ئازادیخواز” ناودەبرد.

سەردەمانێکیش خۆی وەک کەمالی دەناساند و لێمان ببوە تۆختترین ئەتاتورکچی. ماوەیەکیش خۆی وەک نەتەوەپەرستەکانی تورکیا پشان دەدا و لە لۆزان پڕۆتێستۆی ئەرمەنیەکانی دەکرد.

پەرینچەک هێندە کەسێکی ئاڵۆزە کە کەس نازانێت خزمەت بە کێ دەکات، پارتەکەی لە هەڵبژاردنەکاندا %٠.١ دەنگەکان بەدەست دەهێنێت، بەڵام لەگەڵ هەر سەرۆکێکی سیاسی بخوازێت دادەنیشێت و خۆی بە خاوەنی دەوڵەتی تورکیا دەزانێت. هەرکەسێکی بوێت هەڕەشەی لێ دەکات و خۆی وەک سەرۆکی هێزێکی دەسەڵاتدار پشان دەدات.

قسەکانی پەرینچەک لە کاتی ڕزگاربوونیدا تیشک دەخاتە سەر ڕووداوەکانی ئەمڕۆ:

ئێمەیان بە تۆمەتی ئەرگەنەکۆن زیندانی کرد، بە مەبەستی ئەوەی تورکیا پارچە پارچە بکەن ئێمەیان زیندانی کرد، بۆ ئەوەی تورکیا یەکبخەینەوە لە زیندان دەردەچین. ئێمەیان زیندانیکرد بۆ ئەوەی کۆماری تورکیا بڕوخێنن.  ئێمەیان بە تۆمەتی ئەرگەنەکۆن زیندانیکرد، بۆ ئەوەی تورکیا بکەن بە وڵاتی شێخ و مورید و جەماعەتەکان. ڕەگی جەماعەت و تەریقەتەکان لە بنەوە هەڵدەکەنین و تورکیا هەڵدەستێنینەوە سەر پێ. ئێمە لە هەمان شوێنی خۆمانین کە پێش زیندانیکردنمان لەوێ بووین، وەک شمشێرێک واین لە کێلان دەرهاتبێت، ئامادەی هەموو ئەرکێکین کە پێمان بسپێردرێت، هەموو ئەرکێک. دوو چینی کۆمەڵگا کرانە ئامانجی ئەرگەنەکۆن: پارتی کرێکار و سوپای تورکیا، ئێمە ئیستا بووین بە قارەمانی جەنگ، لە جەنگی ئەرگەنەکۆن وەک قارەمان هاتینە دەرەوە. لێرەوە ڕایدەگەیەنم، دەسەڵاتی عەبدوڵڵا گوڵ و ڕەجەب تەییب ئێردۆغانەکان  و فەتحوڵڵا گولەنەکان دەڕوخێنین، هەموویان بە یەکەوە لەناو دەبەین. ئێمە وەک شمشێرێک وەهاین لە کێلان دەرچووبێت. هەلومەرجەکە ئێستا زۆر لەبارە… زۆر خراپیان بەسەر دێت. ناتوانین تورکیا پارچە پارچە بکەن. تورکیایەکی ئازاد و سەربەخۆ و مەدەنی و شۆڕشگێڕ دروست دەکەین. تورکیا بووە بە تورکیای جەماعەت و دەرویشەکان، ڕەگی هەموویان هەڵدەکەنین”.

 

هاوپەیمانێتی ناچاری

لە دوای سەردەمی داگیرکاری لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، سیستەمی وڵات بە گشتی لەلایەن سوپاوە بەڕێوە براوە. لە ڕۆژهەڵاتی ناوەراست بیرۆکراسی بریتیبووە لە چەند کەسێکی سەر بە سوپا، توخمی سەرەکی ناو حکومەتەکان لە کەسانی سەر بە سوپا پێکهاتووە و ئەمەش ڕۆڵێکی حەیاتی بۆ هەموو سیستەمەکان گێڕاوە. سەرەڕای ئەوەی بەردەوام بە ناوی گەلەوە قسە دەکەن، بەڵام سوپا هەمیشە سەرەڕای ڕای گەل بڕیار دەدات و دەسەڵاتی خۆی درێژ دەکاتەوە.

دۆسیەی ئەرگەنەکۆن و باڵیۆز، کاردانەوەیەکی مەدەنیانە بوو کە بەرامبەر هێزی سوپا ئەنجامدرا، کە هەمیشە بە ناوی گەلەوە بە پێچەوانەی خواستی گەلەوە بڕیار دەدات. ئەو سەردەمە کە ئێردۆغان خۆشی لە دەسەڵاتی سوپا دەترسا سەبارەت بە دۆسیەی ئەرگەنەکۆن وتی” من داواکاری گشتی دۆسیەکەم”. بەڵام پاککردنەوەی هێزە خۆ سەپێنەرەکانی ناو سوپا، لە هەمان کاتدا سەرەتای دەسەڵاتی خۆسەپێنەرانەی ئێردۆغانە. دوای پاککردنەوەی هێزە خۆسەپێنەرەکانی ناو سوپا، ئێردۆغان دەستی کرد بە دروستکردنی دەسەڵاتێکی ناشەرعی خۆسەپێنەرانەی تاکە کەسی. دوای ئاشکرا بوونی گەندەڵیەکانی لە دۆسیەی ١٧ و ٢٥ ی کانونی یەکەم، بۆ ڕزگارکردنی خۆی و خێزانەکەی لەبەردەم دادگا، پەنای بۆ ئەوە برد لەگەڵ جەماعەتی ئەرگەنەکۆن هاوپەیمانێتی ئەنجام بدات؛ بۆ ئەو مەبەستەش زۆرێک لەوانی لە خاڵە گرنگەکانی دەوڵەت دانایەوە.

ئێستا ئاکەپە هەرچەندە بەرپرسیارێتی سیاسی ئەو زوڵمەی  لە ئەستۆ گرتوە، کە ئەنجام دەدرێت و سەدان هەزار کەس برسی کراوە و لە زیندانەکان قەتیس کراون، بەڵام وەک لە تۆمارە دەنگیەکانی خۆیاندا گوێمان لێبوو، ئەوەی زوڵمەکە ئەنجام دەدات جەماعەتی ئەرگەنەکۆنە. ئێردۆغان توانی خۆی و خێزانەکەی بپارێزێت، بەڵام جەماعەتی ئەرگەنەکۆن لەناو دەزگا هەستیارەکانی دەوڵەتدا ڕەگیان داکوتیوەتەوە و بە کەیفی خۆیان زوڵم دەکەن. وەک پەرینچەک ئاماژەی پێکرد، زۆری پێناچێت دەست دەکەن بە بنکۆڵکردنی دەسەڵاتی ئێردۆغانیش.

ئایا توانای ڕووخاندنیان هەیە؟

لایەنی کەم ئەوە دەبینین کە هەوڵێکی جددی هەیە، هەرچەندە ئەرگەنەکۆن لە ناو خاڵە هەستیارەکانی سوپا و دادگا و بیرۆکراسیدا جێگای خۆیان کردۆتەوە، بەڵام ئێردۆغانیش دەستەوسان نەوەستاوە. ئێردۆغان ئێستا هێزێکی چەکداری سەر بە خۆی بە ناوی ”سادات” دروست دەکات، لە ناو سوپا و دادگا و دەوڵەتیش کەسانی سەر بە خۆی دادەدەمەزرێنێت.

نازانین کەوا قۆناغی تۆڵەسەندنەوە لە بزاڤی خزمەت کەی کۆتایی پێدێت، بەڵام دوای تەواو بوونی ئەو قۆناغە، ڕاستەوخۆ پێکدادانی ئێردۆغان و ئەرگەنەکۆن دەست پێ دەکات، زانینی ئەمەش پیویست بە فاڵگرتنەوە ناکات!  چونکە هاریکاری ئێستای نێوان ئێردۆغان و ئەرگەنەکۆن ڕێکەوتننامە نیە، بەڵکو هاوپەیمانێتیەکی ناچاریە!

 

سەرچاوە: ماڵپەڕی TR724

Show More
Back to top button