هەواڵ

ئەمەریکا لە ڕاپۆرتی “ئازادی باوەڕ”دا ڕەخنە لە تورکیا دەگرێت


وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لە ڕاپۆرتی ساڵانەی خۆیدا سەبارەت بە “ئازادی باوەڕ” ڕەخنە لە تورکیا دەگرێت.
لە ڕاپۆرتەکەدا باسی ئازادی باوەڕ لە ٢٠٠ وڵاتی دونیا کراوە و ٢٢ لاپەڕە تایبەتمەند کراوە بە تورکیا.
ڕاپۆرتەکە سەبارەت بە تورکیا سەرنج بۆ ئەوە ڕادەکێشێت کەوا تورکیا خۆی وەک وڵاتێکی عەلمانی دەناسێنێت و لە هەمان کاتدا باسی ئۆپەراسیۆنەکانی حکومەتی تورکیا دەکات کە لە چوارچێوەی باری نائاسایی وڵاتدا ئەنجامی دەدات.
لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کەوا حکومەتی تورکیا لە دوای هەوڵی کودەتاکەی ١٥ ی تەموزی ٢٠١٦ بەردەوامی دەدات بە باری نائاسایی وڵات، هاوسۆزانی بزاڤی خزمەتی بە هەوڵی کودەتا تۆمەتبار کردووە و هەتا ئیستا زیاتر لە ٥٠ هەزار کەسی لێ دەستبەسەر کردوون.
دواتر باس لەوە دەکات کە ژمارەی شوێنکەوتوانی م. فەتحوڵا گولەن لە تورکیادا بە ٤ ملیۆن کەس مەزەندە دەکرێت.
هەروەها باس لەوە دەکات کە ژمارەیەکی زۆری هاوڵاتیان لە کارەکانیان دوور خراونەتەوە و بە تەنیا لە وەزارەتی کاروباری ئاینیدا ٤ هەزار کەس لە کارەکانیان دوور خراونەتەوە.
لە بەشێکی تری ڕاپۆرتەکەدا باسی عەلەویەکانی تورکیا کراوە کە لەلایەن حکومەتی تورکیاوە وەک موسوڵمان ئەژمار ناکرێن و مزگەوتەکانیان کە بە “ماڵی جەم” ناوی دەبەن، هەتا ئێستا بە پەرستگا قبوڵ نەکراوە لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە.
هەروەها باس لەوە دەکات کە کەمایەتیە ئاینیەکانی تریش هەمان کێشەیان هەیە و ناتوانن منداڵەکانیان لەوە بپارێزن کە بە زۆر وانەی ئاینیان پێ نەوترێتەوە لە خوێندنگە حکومەیەکاندا. باسیش لەوە دەکات کە هەتا ئێستا کێشە لەسەر زەوی ٥ کڵێسا هەیە. دواتر لە بەشێکی تری ڕاپۆرتەکەشدا باس لەوە دەکات کە حکومەتی تورکیا هەندێک جار یارمەتی ئاینە جیاوازەکانی تری داوە و پەرستگاکانی بۆ نۆژەنکردونەتەوە.

هەروەها باس لەوە دەکات کە دوو کەناڵی تەلەڤیزیۆنی تایبەت بە بڵاوکردنەوەی بیروباوەڕی جەعفەری لەلایەن حکومەتی تورکیاوە داخراوە و، گروپە ئاینیەکانی وەک عەلەوی، یەهودی، پرۆتێستانەکان و تەنانەت هەندێک لە موسوڵمانانی سوننیش لە ژێر هەڕەشەی بەردەوامی ڕێکخراوی تیرۆرستی داعشدان. هەروەها ئاماژە بەوە کراوە کە مێدیاکانی تورکیا ڕق و کینە بەرامبەر یەهودیەکان بڵاو دەکەنەوە و هەندێک پێشکەشکاری کەناڵەکانی تەلەڤیزیۆن بە ئاشکرا لە پەخشی ڕاستەوخۆدا یەهودیەکانیان بە هەوڵی کودەتای ١٥ ی تەموز تۆمەتبار کردووە.
هەروەها لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە هەمان ئەو کەسانەی نەفرەت و کینە بەرامبەر یەهودیەکان بڵاو دەکەنەوە، پاتریارکی فەنەر ڕومیشیان بە هەمان بابەت تۆمەتبار کردووە.
جگە لەوە ئاماژە بە زنجیرە دراماکانی تەلەڤیزیۆنەکانی تورکیا دەکات کە بەردەوام هاوڵاتیانی تورکیا لە دژی یەهودیەکان هان دەدات.
ڕاپۆرتەکە ئاماژەی بە زنجیرە درامای “پایتەخت” کردووە کە یەهودیەکان وەک شەیتان پشان دەدات و جەماعەتە یەهودیەکانی تورکیاش بەرامبەر ئەم جۆرە مامەڵانە لە نیگەرانیدان.

دواتر ڕاپۆرتەکە باس لەو هێرشانە دەکات کە دەکرێتە سەر پەرستگا و ماڵی کەمایەتیە ئاینیەکان و دەڵێت” لەلایەن چەند کەسێکی نەناسراوەوە نیشانی X لەسەر هەندێک ماڵی عەلەوی دانراوە و، هەندێک پەرستگای ئۆرتادۆکس، کاتۆلیک، پرۆتێستانەکان و عەلەویەکان هێرشی کراوەتەوە سەر و زیانیان بەر کەوتووە، لە شاری ماڵاتیاش کڵێسەیەکی پرۆتێستانەکان هێرشی کراوەتە سەر”.
لە ڕاپۆرتەکەدا باسیش لەوە کراوە کە ئەمەریکا بە شێوەیەکی بەردەوام هۆشداری دەدات بە تورکیا سەبارەت بەو پێشێلکاریانەی لە بابەتی ئازادی باوەڕدا ئەنجام دەدرێت. هەروەها ئاماژەوە بەوە کراوە کە باڵیۆزی ئەمەریکا و دیپلۆماتکارە ئەمەریکیەکان لە هەموو سەردانێکیاندا بۆ تورکیا سەبارەت بەم بابەتە لە پەیوەندیدان لەگەڵ کاربەدەستانی تورکیا.
هەروەها باس لەوە دەکات کە حکومەتی ئەمەریکا بەردەوام داوا لە کاربەدەستانی تورکیا دەکات کە فشاری سەر گروپە ئاینیە جیاوازەکان هەڵبگرن و جیاوازی نەکات لە مامەڵە لە نیوانیاندا و ئەو موڵکانەی تایبەتمەندن بە گروپە ئاینیە جیاوازەکان و دەستی بەسەردا گیراوە بۆیان بگەڕێندرێتەوە.
لە کۆتای ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بە دەستگیرکردنی قەشەیەکی ئەمەریکی کراوە بە ناوی ئەندرێو برونسۆن و دەستگیرکردنی ناوبراو بە نایاسایی لە قەڵەم دراوە.

Show More
Back to top button