هەواڵ

ئەمریکا ڕاپۆرتی مافی مرۆڤی بڵاوکردەوە: تورکیا بووە بە وڵاتی ئەشکەنجە و ڕفاندن و مردن لەکاتی دەستبەسەرکرندا

"بزاڤی خزمەت کراوەتە ئامانج"

 

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، ڕاپۆرتی ساڵانەی مافی مرۆڤی بڵاوکردەوە. ڕاپۆرتەکە بە ناونیشانی “ڕاپۆرتی مافی مرۆڤی وڵاتان بۆ ساڵی 2017” بڵاوکراوەتەوە، ڕەخنەی توند ئاراستەی تورکیا کراوە.

جۆن سولیڤان جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕاپۆرتەکەی ڕاگەیاند. سولیڤان ڕایگەیاند کە ئێستا باری نائاسای لە تورکیادا بەردەوامی هەیە و لەو میانەیەدا هەزاران هاوڵاتی دەستبەسەر کراون کە لەنێوانیادا چەندین ڕۆژنامەنووس و ئەکادیمیست هەیە، ئەمەش زیانێکی زۆری لە سەروەری یاسا داوە لەو وڵاتە.

بەپێی هەواڵیکی دەنگی ئەمریکا، لە ڕاپۆرتەکەدا 64 لاپەڕە باسی تورکیا دەکات. لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە کە کۆتا هەڵبژاردنی گشتی لە ساڵی 2015 ئەنجام دراوە و چاودێرانی نێودەوڵەتی نیگەرانیی خۆیان بەرامبەر پرۆسەکە دەرخستووە و دەڵێن “سانسۆر دەخرێتە سەر میدیاکان و کەمپینێک کە توانای پروپاگەندەی کاندیدەکان سنووردار دەکات”.

هەروەها هاتووە کە لە کۆتا هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماردا لە ساڵی 2014 دا کاندیدەکان توانیویانە بە ئازادانە کەمپینەکانی خۆیان بۆ هەڵبژاردن بکەن بەڵام بارودۆخێکی وا خولقێنراوە کە هەموو کارێک لە بەرژەوەندی رەجەب تەیب ئێردۆغان بێت.

ڕاپۆرتەکە ئەوەش بیر دەخاتەوە کە لە ڕیفراندۆمی 2017 دا کە بۆ گۆڕینی دەستوور و سیستەمی بەڕێوەبردن ئەنجامدرا، بە جیاوازی ئەنجامێکی کەم پەسەند کراوە.

لە ڕاپۆرتەکەدا باس لەوە دەکات “بە بەکارهێنانی باری نائاسایی چەندین پۆلیس و کارمەندی سەربازی تۆمەتی تیرۆریان خراوەتە پاڵ و لە کارەکانیان دورخراونەتەوە.”

هەروەها فشاری سیاسی زۆر خراوەتە سەر هاوڵاتیان و بەتایبەت لەدوای 15ی تەمووزی 2016 وە کە باری نائاسای بە بەردەوامی نوێدەکرێتەوە و کاریگەری خراپی زۆری لەسەر کۆمەڵگا و دەزگاکان هەبووە و مافە سەرەتاییەکان تەواو سنوودار کراون.

لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بەوە دەکات کە تا کۆتایی ساڵی 2017 زیاد لە 100 هەزار کارمەندی حکومی لە کارەکانیان دورخراونەتەوە، زیاد لە 50 هەزار هاوڵاتیش دەستگیرکراون و خراونەتە زیندانەوە، هەروەها زیاتر لە 1500 دامودەزگای مەدەنی داخراون. هۆکاری دەستگیرکردنەکانیش دەگەڕێننەوە بۆ پەیوەندی بە تیرۆر و بەتایبەت هاوسۆزبوون لە بزاڤی خزمەت کە تۆمەتی ئەنجامدانی کودەتا دەستکردەکەی 15 ی تەمووزی دراوەتە پاڵ لەلایەن تورکیاوە.

بەپێی ڕاپۆرتی وەزارەتەکە، تورکیا یەکێکە لەو وڵاتانەی کە زۆرترین مافی تاکی تێدا پیشێل دەکرێت و دەڵێت “دەستبەسەرکردن و پاشان دەستگیرکردن و ئەشکەنجەدان و ڕووداوی نادیار و هەروەها لەژێر سایەی باری نائاساییدا چەندین پەرلەمانتار و تەنانەت 2 کارمەندی باڵیۆزی ئەمریکا دەستگیرکراون و دادگایی کراون. دەستگیرکردنی سەدان ڕۆژنامەنووس، داخستنی دەزگا میدیاییەکان، سنووردارکردنی میدیا و تاوانبارکردنی ئەو کەسانەی کە ڕەخنە لە حکومەت دەگرن، ڕێگریکردن لە سایتەکانی ئینتەرنێت، سنووردارکردنی کۆبوونەوە و دامەزراندنی ڕێکخراو، ڕێگریکردن لە جوڵانەوەی ئاشتییانە و دژایەتی کردنی کەمایەتییەکانی دیکە”.

هەروەها لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە کە نزیکەی 11 کەس ڕفێندراون و بێسەروشوین کراون بەتۆمەتی هاوسۆزبوون لە بزاڤی خزمەت.

 ڕاپۆرتەکە دەڵیت  کە لە تورکیادا یاسای دەستووری و یاساکان ڕێگرییان لە ئەشکەنجە و مامەڵەی خراپ کردووە، بەڵام هەندێک لە بەرپرسانی حکومەت ئەو ڕێگایانە بەکاردەهێنن و لەکاتی دەستبەسەرکردنی ئەندامانی ڕێکخراوە و مەدەنییەکان و پۆلیسەکان ئەشکەنجە و مامەڵەی خراپیان بەرامبەر ئەنجام دەدرێت. بەپێی چەند ڕاپۆرتێک، لەکاتی پشکنیندا پزیشکەکان دەترسن کە لە نووسینی ڕاپۆرتەکاندا ئاماژە بە بوونی ئەشکەنجە و ئازاردان بکەن، لەبەر ئەوە قوربانییەکان بێبەش دەبن لە بەدەستهێنانی بەڵگە بۆ سەلماندنی ئەشکەنجەکان کە دژیان ئەنجام دراوە.

هەروەها چەندین کەس کە بەتۆمەتی هاوسۆزیی بۆ بزاڤی خزمەت دەستگیردەکرێن و ڕێگرییان لێدەکرێت کە بەرگری لەخۆیان بکەن لە دادگادا یاخود سنووردار دەکرێن.

لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بەوە دەکرێت کە هەر هاوڵاتییەک بەرنامەی بایلۆک لە مۆبایلەکەیدا دابەزاندبێت ئەوا دەستگیردەکرێت و بەکارهێنانی ئەو بەرنامەیە وەک بەڵگەیەک بۆ خستەنپاڵی تۆمەتی تیرۆرستی هەژمار دەکرێت.

هەروەها ئاماژە بەوە کراوە کە یاساکان جەخت لە سەروەری یاسا دەکەنەوە بەڵام دوای ئەنجامدانی ڕیفراندۆم بۆ گۆڕانکاری لە یاسای دەستووریدا، یاسا زیاتر لاواز کراوە.

لەکاتێکدا کە یاسا ڕێگەی بە ئازادی ڕادەربڕین داوە، بەڵام حکومەت میدیاکانی تەواو سنوورار کردووە و بەردەوام فشار دەخرێتە سەر ڕۆژنامەنووسان. هەروەها چەندین ڕۆژنامەنووس و هاوڵاتی بەتۆمەتی قسەوتن بە سەرۆک وەزیران و سەرۆک کۆمار دەستگیرکراون.

 

سەرچاوە: TR724

Show More
Back to top button