بیروڕاهەواڵ

ئەمریکا: دۆسیەی هەوڵدان بۆ ڕفاندنی م.فەتحوڵڵا گولەن لەلایەن لۆبیەکی قاچاغەوە لە کۆتایی نزیک دەبێتەوە

دوای ئەوەی لە ماوەی ڕابردوودا حکومەتی تورکیا هەوڵی ڕفاندنی مامۆستا م.فەتحوڵڵا گولەنی دا لەلایەن چەند کۆمپانیایەکی تایبەت بە کاری لۆبی دروستکردن لە ئەمەریکا، ئێستا دۆسیەکە بەرەو کۆتایی دەڕوات.

لە ماوەی ڕابردوودا پیاوێکی کاری ئەمریکی بە ناوی بیژان کەیان کە بە ڕەگەز ئێرانیە، بە تۆمەتی ئەنجامدانی کاری نایاسایی لە دروستکردنی لۆبیدا، لەلایەن داواکاری گشتیەوە تۆمەتبار کرا.

ڕۆژی دووشەممەی دوێنێ، دوای ئەوەی گوێ لە دوا شایەتەکانی دۆسیەکە گیرا، دۆسیەکە بە مەبەسی بڕیاری کۆتایی، ڕادەستی دەستەی بڕیاردەر(Jury)  کرا.

 

“لەبەرچی مایکڵ فلین لێرە ئامادە نیە”

ئامادە نەبوونی مایکڵ فلین ڕاوێژکاری پێشووی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمەریکا بۆ کاروباری ئاسیشی نەتەوەیی، لە نێوان دەستەی پارێزەران و داواکاری گشتیدا مشتومڕێکی گەورەی بە دوای خۆیدا هێنا.

جێگەی وەبیرهێنانەوەیە کەوا مایکڵ فلین لە ماوەی ڕابردوودا دانی بە هەندێک لە تاوانەکانیدا ناوە و لەگەڵ داواکاری گشتی ڕێکەوتووە. ئامادەیشی پشانداوە کە هاوکاری داواکاری گشتی بکات لە ڕوونکردنەوەی دۆسیەکەدا. هەربۆیە ناوبراو سوودمەند دەبێت لە یاسای ڕێکەوتن لەگەڵ داواکاری گشتی.

لە دوا دانیشتنی دادگادا، دەستەی پارێزەران بە توندی رەخنەیان لە داواکاری گشتی گرت کە مایکڵ فلینی خاوەنی کۆمپانیاکەی بانگهێشتی هۆڵێ دادگا کردووە.

دەستەی پارێزەران لە بەشێکی قسەکانیاندا وتیان “ئەگەر ئێوە بایەخ بە شەفافیەت دەدەن، لەبەرچی فلین لەبەردەم هۆڵی دادگا ئامادە نیە؟ ئەو کەسەی فۆرمی نوێنەرایەتی کەسانی بیانی پڕ کردۆتەوە فلینە، ئەوەی واژۆی لەسەر وتارەکەی دژ بە گولەن کردووە هەر خودی فلینە، باشە پێمان بڵێن فلین ئێستا لە کوێیە؟”.

“ئاڵپتەکین بەرپرسی هەموو شتێکە”

دەستەی پارێزەران ئێکیم ئاڵپتەک – پیاوێکی کاری وڵاتی هۆڵاندا کە پەیوەندی توندوتۆڵی لەگەڵ ئاکەپە هەیە- بە بەرپرسی تەواوی کێشەکان لە قەڵەمدا و وتیان” ئاڵپتەکین دەیەوێت لە تورکیادا بگات بە شوێنێکی باش، دەیەوێت ببێتە کەسێکی گرنگ لەبەرچاوی کەسانی گرنگی ناو دەوڵەتی وڵاتەکەی، گولەنیش بۆ ئەم مەبەستە بە ئامانج گیراوە. ئاڵپتەکین بە مەبەستی دەسخستنی داهاتوویەکی باش بۆ خۆی، واژۆی لەسەر ئەم پڕۆژەیە کردووە. هەر لەبەر ئەمەش پەیوەندی لەگەڵ فلین و بیژان دروست کردووە”.

دەستەی دادوەری سەبارەت بەو پارانەی لەلایەن بریگرتەکانیانەوە وەرگیراوە وتیان” ئەم پارەیە بەرتیل یاخود کۆمیسیۆن نیە، پارەیەکە وەک بارمتە لەلایەن دانراوە و دەبوو بۆیان بگێڕنەوە. بیژان کەیان کەسێکە کە هەمیشە پارەی وەسڵەکانی دەدا. ئاڵپتەکین پاش ماوەیەک داوای پارەکانی لێکردۆتەوە و ئەویش پێیداوەتەوە. هەرکەسێک بێتە لای بیژان و بڵێت قەرزم لەلاتە، یەکسەر پێی دەداتەوە”.

ئەم قسانەی پارێزەرەکە، لە دادگادا بووە هۆی پێکەنینی بەشداربووان.

“گەر حەزتان بە بەشداری فلین دەکرد، لەبەرچی بانگتان نەکرد؟”

جەیمس گلیس یاریدەدەری داواکاری گشتی بە توندی وەڵامی قسەکانی دەستەی پارێزەرانی دایەوە و وتی”گەر حەزتان بە هاتنی فلین دەکرد، لەبەرچی داوای هاتنیتان نەکرد؟ گەر داواتان بکردایە کەوا بێت، دادوەر ترێنگا ناوبراوی بانگهێشتی دادگا دەکرد و وەک شایەت قسەی پێدەکرد. گەر ئێوە خوازیاری شتێکی وەها بوونایە، ئەوا فلین لەسەر ئەم کورسیە دادەنیشت و وەک شایەت قسەی دەکرد”.

“فەرمانەکان ڕاستەوخۆ لە وەزارەتی دەرەوەی تورکیا دەهاتن”

جێگری داواکاری گشتی لە بەشێکی تری قسەکانیدا ئاماژەی بەوەدا کە بیژان کەیان سەبارەت بەو رێکەوتنە نهینیەی لەگەڵ حکومەتی تورکیا ئەنجامیداوە، درۆی لەگەڵ نزیکترین هاوڕێکانی خۆیشی کردووە و وتی” بڕیارەکانی ئەم پڕۆژەیە ڕاستەوخۆ لەلایەن وەزارەتی دەرەوەی تورکیا دەردەکران – داواکاری گشتی لەم کاتەدا نامەکانی ئاڵپتەکین و بیژان کەیان پشانی دەستەی بڕیاردەر دەدات. بیژان کەیان لەگەڵ دەوڵەتێکی بیانی ڕێکەوتننامەی ئەنجامداوە و بە شاردنەوەی ئەم ڕێکەوتننامەیەش، هەوڵی فریودانی دەوڵەتی ئەمەریکا و هاوڵاتیانی داوە. هەربۆیە داوا لە دەستەی بڕیاردەران دەکەم، کەوا لە هەردوو تاوانەکەدا بە تاوانباری لە قەڵەم بدەن”.

 

بڕیار وەهایە دەستەی بڕیاردەران ڕۆژی سێشەممەی ئەم هەفتەیە(ئەمڕۆ) یەکەم کۆبوونەوەی خۆیان ئەنجام بدەن.

 

 

“دوا بڕیار لە دەستی دەستەی بڕیاردەراندایە”

لە سیستەمی دادگاکانی ئەمەریکادا، دەستەی بڕیاردەران لە ١٢ کەس پێکدێت و لەم دۆسیەیەدا ٧ ژن و ٥ پیاو بەشدارە.

دەستەی بڕیاردەر هیچ کاتێکی بۆ دیاری ناکرێت کەوا دەبێت کەی بڕیاری تێدا بدات و، لە هەمان کاتدا دەبێت بڕیارەکانیان بە کۆدەنگی بێت.

دەستەی بڕیاردەر تەنیا “تاوانباری” یاخود “بێ تاوانی” کەسەکە دیاری دەکەن و بڕی سزاکەی لەلایەن دادوەری دادگاوە دیاری دەکرێت.

گەر دەستەی دادوەری سەبارەت بە تاوانباری کەسەکە نەگەشتنە ئەنجام، ئەوا دادوەر بۆی هەیە لە بەرژەوەندی گومانلێکراو دۆسیەکە هەڵبوەشێنێتەوە یاخود دەستەی بڕیاردەران هەڵبوەشێنێتەوە و سەر لە نوێ لە بەردەم دەستەیەکی نوێدا دادگایی کردنەکە ئەنجام بداتەوە.

 

Show More
Back to top button