بیروڕاهەواڵ

ئەشکەنجەی هاوڵاتیانی تورکیا لە مێدیاکانی ئەوروپادایە

ڕۆژنامەنوسانی ئەوروپا بە شێوەیەکی بەرفراوان ڕووداوەکانی ئەشکەنجەدان و ڕفاندنی هاوڵاتیانی تورکیا لەلایەن دەزگای هەواڵگری تورکیاوە (میت) ڕووماڵ دەکەن. بۆ ئە مەبەستەش چاوپێکەوتن لەگەڵ خودی ئەو هاوڵاتیانە ئەنجام دەدەن کە قوربانی یەکەمی ئەم ڕووداوانەن.

دەستەیەک لە ڕۆژنامەنوسانی Correctiv.org کە بە هەردوو زمانی ئەڵمانی و ئینگلیزی هەواڵەکانیان بڵاو دەکەنەوە، ڕاپۆرتێکیان بە ناوی “تونێلە ڕەشەکانی تورکیا” بڵاوکردەوە، کە باس لە ئەشکەنجەدان و ڕفاندنی هاوڵاتیانی تورکیا دەکات لەلایەن دەزگای هەواڵگری میتەوە.

ماڵپەڕەکە ئاماژە بەوە دەکات کە سەبارەت بەو بانگەشانەی لە هەواڵەکەیاندا هاتووە پەیوەندیان بە کاربەدەستانی تورکیاوە کردووە ، بەڵام هیچ بەرپرسێک ئامادەیی تێدا نەبووە بۆ وەڵامدانەوەیان.

تۆڕی مێدیایی Correctiv.org کە لەگەڵ هەریەک لە ZDF ئەڵمانی، El Pais ئیسپانی، Le Monde فەڕەنسی، İl Fatto Quatidiano ئیتاڵی، Addendum ئوستوراڵی، Monday Morning دانیمارکی، ئاژانسی هەواڵی TT سویدی هەماهەنگی هەواڵگۆڕینەوەیان هەیە، بە شێوەیەکی بەرفراوان زانیاری لەسەر ئەشکەنجە و ڕفاندنی هاوڵاتیانی تورکیا ئاشکرا کردووە.

لە دۆسیە هەواڵیەکەدا ئاماژە بەوەش کراوە کە ڕووداوەکانی ڕفاندنی هاوڵاتیان تەنیا لە تورکیا نیە و لە وڵاتانی کۆسۆڤۆ، گابۆن، سودان، مۆڵدۆڤا، ئازەربایجان، ئۆکرانیان، مالیزیا، سویسرا، مانگۆلیا و چەندین وڵاتی تر ڕووداوی هاوشێوە ڕوویانداوە.

لە هەواڵەکەدا چاوپێکەوتن لەگەڵ دوو کەس کراوە کە ناوەکانی “تۆلگا” و “عەلی”یان بەکارهێناوە. بە گوێرەی هەواڵی ماڵپەڕە ئەڵمانیەکە، کاربەدەستانی تورکیا هاوسۆزانی بزاڤی خزمەت لە زیندانە شاراوەکانی تورکیادا زیندانی دەکەن و لە ژێر فشاری ئەشکەنجەدا زۆریان لێدەکەن بۆ ناوبردنی کەسانێکی تر و دانپێدانان بە تاوانگەلێکدا کە ئەنجامیان نەداوە.

بە گوێرەی هەواڵێکی بەرنامەی Frontal21 کە بڕیارە لە کەناڵی تەلەڤیزیۆنی ZDF ی ئەڵمانی بڵاو بکرێتەوە، بانگەشەی ئەوە دەکرێت کە دەزگای هەواڵگری تورکیا هاوسۆزانی بزاڤی خزمەت لە زیندانی شاراوە و نهێنیدا ئەشکەنجە دەدات و بۆ ئەو مەبەست چاوپێکەوتنی لەگەڵ دوو هاوڵاتی تورکیا کردووە کە بەو قۆناغەدا تێپەڕیون و ئەشکەنجە دراون.

 

دوو شایەتحاڵەکە باس لەوە دەکەن کە لە ناوەڕاستی شەقامێکدا ڕفێندراون و بە زۆر تورەکەیان لەسەر کراوە و بۆ شوێنێکی نادیار گوێزراونەتەوە. دوو شایەتحاڵەکە باس لەوە دەکەن کە لە زیندانێکی نهێنیدا خراونەتە ژێر ئەشکەنجەوە و زۆریان لێکراوە هەتا شایەتی درۆ لەسەر چەند هاوسۆزێکی بزاڤی خزمەت بدەن.

هەروەها باس لەوەش دەکەن کە لەو ژوورەی زیندانی کراون، بەردەوام لە ژێر چاودێری توندوتۆڵدا بوون و بەردەوام بە دەنگی بەرز مۆسیقای سەربازیان بۆ لێدراوە. هەروەها لە هەواڵەکەدا باس لەوە دەکات کە دوو کەسەکە بەرگەی ئەشکەنجە دەرونیەکانیان نەگرتووە و بەو هۆیەوە کەوتوونەتە سەر زەوی، بەڵام سەرەڕای ئەوەش لەلایەن کاربەدەستانی زیندانەوە هێرشی جەستەییان کراوەتە سەر و لێیان دراوە.

جێی وەبیرهێنانەوەیە ئەم بانگەشانەی لە هەواڵەکەدا هاتووە پێشتریش لەلایەن ڕێکخراوی مافەکانی مرۆڤەوە باسی لێوە کراوە و، وێنزەل میخالیسکی نوێنەری ڕێكخراوی مافی مرۆڤ لە ئەڵمانیا لە لێدوانێکدا بۆ کەناڵی ZDF سەبارەت بەم بابەتە دەڵێت” لە تەواوی ئەم ڕووداوانەوە ئەوەمان بۆ دەردەکەوێت کە ئەم شتانە بە شێوەیەکی سیستەماتیکی ئەنجام دەدرێن”.

 

لە دوای هەوڵی کودەتاکەی ١٥ ی تەموزەوە کاربەدەستانی تورکیا بە توندی لێپێچینەوە لەگەڵ هاوسۆزانی بزاڤی خزمەت دەست پێکردووە و م.فەتحوڵڵا گولەن کە لە ساڵی ١٩٩٩ لە ئەمەریکا دەژی، بە پیلانداڕێژەری کودەتاکە لە قەڵەم دەدەن. دەیان هەزار کەسیش بە تۆمەتی ئەوەی سەر بە بزاڤی گولەنن زیندانی کراون و لە ژێر لێکۆڵینەوەدان. ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ بە توندی ڕەخنە لە دادگاکانی تورکیا دەگرن، کە لە زۆرێک لە دانیشتنەکانیدا شایەتحاڵی نەناسراو و نهێنی بەشداری پێدەکەن، بە بێ ئەوەی ناسنامەیان ئاشکرا بکرێت.

هەریەک لە تۆلگا و عەلیش باس لەوە دەکەن کە لە دوای ئەشکەنجەدانێکی زۆر ناچار بوون بەوەی لە دادگا ببنە شایەتحاڵی نهێنی و قسەی ناڕاستیان لەسەر کەسانی تر پێکراوە. هەردووکیان بەم هۆیەوە لە زیندان ئازاد کراون و دواتر هەلی هەڵهاتنیان لە وڵات بۆ ڕەخساوە.

لە هەواڵەکەدا ئاماژە بەوە دەکات کە سەبارەت بەم بابەتە پرسیاریان ئاڕاستەی کاربەدەستانی تورکیا کردووە، بەڵام وەڵامیان نەدراوەتەوە.

 

بانگەشەی ناو هەواڵەکە: هاوسۆزانی بزاڤی خزمەت دەڕفێندرێن و لە تورکیا ئەشکەنجە دەدرێن

 

بە گوێرەی هەواڵی ZDF  کە بە هەماهەنگی لەگەڵ ٨ دەزگای مێدیایی ئەوروپا هەواڵەکەیان ئامادە کردووە،  دەزگای هەواڵگری تورکیا لە سەرانسەری دونیا بە دوای هاوسۆزانی بزاڤی خزمەت و کەسانی ئۆپۆزسیۆنی دەسەڵات دەگەڕێت و لە دوای ڕفاندنیان لە دەرەوەی وڵات، لە تورکیا دەیانخاتە ژێر ئەشکەنجەوە.  دەزگا مێدیایەکان لە هەواڵەکەیاندا تۆماری ڤیدیۆیی و بەڵگەی نهێنی و قسەی شایەتحاڵی ڕووداوەکەیان خستۆتە ڕوو.

بە گوێرەی هەواڵی ZDF   کە دووهەم گەورەترین دەزگای مێدیایی ئەڵمانیایە، هەردوو شایەتحاڵەکە بە بێ ئەوەی ئاگایان لە یەکتری بێت، ئاماژە بە هەمان بابەت دەکەن کە بەسەریان هاتووە. هەردوو هاوڵاتیەکە باس لەوە دەکەن کە شەوێک لە ناوەڕاستی شەقامێکدا لەلایەن چەند کەسێکی نەناسراوەوە دەخرێنە ئۆتۆمبیلێکی جام ڕەشەوە و دەڕفێنرێن بۆ زیندانێکی نهێنی و دواتر دەخرێنە ژێر ئەشکەنجەوە.

هەردووکیان باس لەوە دەکەن کە لە کاتی ئەشکەنجەدانیاندا زۆریان لێکراوە بۆ ئەوەی شایەتی لە دژی هەندێک کەسی سەر بە بزاڤی خزمەت بدەن و لە دادگا ببنە شایەتحاڵی نهێنی. هەردوو هاوڵاتیەکە کە ناوی خوازەیان بەکارهێناوە لە میانەی چاوپێکەوتنەکەیاندا، باس لەوە دەکەن کە بە هۆی ڕازی بوونیان بەوەی لە دادگا شایەتی درۆ بدەن، لە زیندان ڕزگاریان بووە و پاشان بەرەو دەرەوەی وڵات هەڵهاتوون.

تۆلگا لە میانەی چاوپێکەوتنەکەدا ئاماژە بەوە دەکات کە لە زینداندا خراوەتە ژێر ئەشکەنجەوە و هەڕەشەی برسیکردن و  دەستدرێژی سێکسی بۆ سەر خۆیی و ئەندامانی خێزانەکەی لێکراوە و بەو هۆیەوە ناچار بە دانپێدانانی درۆ کراوە.

تۆلگە لە درێژەی قسەکانیدا دەڵێت” ڕووتیان کردمەوە و بە چیچکانەوە دایاننیشاندم، دواتر لەسەر پشتم دانیشتن و هەستێکی وەهایان پێدام کە ئامێرێک بۆ دەسدرێژی سێکسی  لە دژم بەکاردەهێنن”، تۆلگا پاشان باس لەوە دەکات کەوا هەڕەشەی ئەوەی لێکراوە کەوا هەمان شت لە هاوسەر و منداڵەکانیشی دەکەن و بە گرتەی ڤیدیۆیی هەمان شت پشانی کەسوکارەکەشی دەدەن.

هەروەها ئەو هاوڵاتیەی ناوی عەلی بەکارهێناوە، ئاماژە بەوە دەکات کە تەنیا دەرپێی ژێرەوەی لە پێدا ماوە و دەستی بە کەلەپچەوە بووە و تورەکەیەکیش لە سەری کراوە،  هەتا ئەو کاتەی هێز لەلاشەیدا ماوە بە پێوە وەستاوە و پاشان کەوتۆتە سەر زەوی، بەڵام سەرەڕای ئەوەش ئەشکەنجەچیەکان پەلاماریان داوە و دارکاریان کردووە.

عەلی لە درێژەی قسەکانیدا دەڵێت” لە ژوورەکەدا مایکرۆفۆنێک و کامێرایەک هەیە و ٢٤ کاتژمێر لە ژێر چاودێریدا دەمێنیتەوە. لە مایکرۆفۆنەکەوە بەردەوام فەرمانت پێدەکەن بە پێوە ڕابوەستیت و لە کاتی ڕاوەستانیشدا بەردەوام مۆسیقای سەربازی لێدەدرێت بە دەنگێکی بەرز. مرۆڤ پاش ماوەیەک وەڕز دەبێت و بێدەنگ دەبێت، پاشان لەبەر شەکەتی و ماندوویەتی دەکەویت بە زەویدا، بەڵام ئەشکەنجەچیەکان لەو کاتەشدا دێن و بەر شەقت دەدەن”.

ئەو قسانەی لەلایەن تۆلگا و عەلیەوە کراوە لە میانەی بەرنامەکەی کەناڵی ZDF  ، لەلایەن کاربەدەستانی ڕێکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤیشەوە پشتڕاست دەکرێتەوە. وینزەل میخالیسکی نوێنەری ڕێکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤ لە ئەڵمانیاوە پشتڕاست دەکرێتەوە و دەڵێت” ئەم ڕووداوانەی لەم دوایانەدا بەدیمان کردووە پێمان دەڵێن کەوا ئەم کارانە بە شێوەیەکی سیستەماتیکی ئەنجام دەدرێت لە تورکیادا”.

ئۆزتورک تورکدۆغان هاوسەرۆکی ڕێکخراوی مافەکانی مرۆڤی تورکیاش دان بە هەمان ڕاستیدا دەنێت و دەڵێت کەوا نەیانتوانیوە ئەم ڕووداوانە بۆ ڕای گشتی تورکیا بگوێزنەوە بە هۆی ئەوەی قوربانیەکان ناوێرن بە ئاشکرا دان بەو ئەشکەنجەدانەدا بنێن کە بینیویانە. تورکدۆغان ئاماژە بەوەش دەکات کە لەو باوەڕدایە قوربانیەکان لەلایەن دەزگای هەواڵگری تورکیاوە دەڕفێنرێن و پاشان دەخرێنە ژێر ئەشکەنجەوە.

شەبنەم کۆرور فینجانجی ئەندامی یەکێتی پزیشکانی تورکیا و دامەزرێنەری وەقفی پاراستنی مافەکانی مرۆڤ لە تورکیا، کە لە ماوەی ڕابردوودا خەڵاتی ئاشتی “Hessen” ئەڵمانی پێدرا بە هۆی ئەوەی ئەشکەنجەی ناو زیندانەکانی تورکیای بە بەڵگە کردبوو، باس لەوە دەکات کە تورکیا هیچ کاتێک دیاردەی ئەشکەنجەی لێنەبڕاوە.

فینجانجی ئاماژە بەوە دەکات کە ئێستا لە تورکیادا قسەکانی سانسۆری خراوەتە سەر و پاشان دەڵێت” لە تورکیادا هیچ کاتێک ئەشکەنجە کۆتایی پێنەهێنراوە، بەڵکو ئامرازەکانیان گۆڕیوە”. فینانجی باس لەوەش دەکات کەوا بەردەوامن لە بە بەڵگەکردنی ئەشکەنجەی ناو زیندانەکانی تورکیا و درێژکردنەوەی ماوەی دەستبەسەریش بە یەکێک لە هۆکارەکانی زیادبوونی پێشێلکاریەکان لە قەڵەم دەدات.

 

دۆسیەی “تونێلە ڕەشەکانی تورکیا”

ماڵپەڕی Euronews Türkçe لەلای خۆیەوە هەواڵەکەی ماڵپەڕی Correctiv.org بڵاوکردەوە و تێیدا ئاماژە بەو کارە نایاسایی و نادادپەروەرانە دەکات کە لەلایەن کاربەدەستانی تورکیاوە بەرامبەر هاوسۆزانی بزاڤی خزمەت ئەنجام دەدرێن.

ماڵپەڕی Euronews Türkçe کە دۆسیەی هەواڵی  “ Black Sites Turkey” بە ناونیشانی “تونێلە ڕەشەکانی تورکیا” وەرگێڕاوە، بە شێوەیەکی بەرفراوان ئاماژەی بە خاڵە گرنگەکانی ناو دۆسیە هەواڵیەکە کردووە و بە دۆسیەیەکی “توێژینەوە و بەدواداچوونی ڕۆژنامەنوسی” ناوی دەبات.

دۆسیەکە لەلایەن ١٣ ڕۆژنامەنوس و ٩ مێدیای جیاوازی سەر بە ٨ وڵاتی جیاواز ئامادە کراوە و چاوپێکەوتن لەگەڵ کەسانێکی نزیک لە بزاڤی خزمەت کراوە کە لە دەزگا و دامەزراوەکانی بزاڤەکەدا کاریان کردووە و بە ناوی ڕاستەقینەی خۆیان یاخود ناوی خوازەوە، بەسەرهاتەکانی خۆیان لە زیندانەکانی تورکیا دەگێڕنەوە.

 

لە هەواڵەکەدا ئاماژەش بەوە کراوە کە لە کاتی ئامادەکردنی هەوالەکەدا ئەگەری ئەوەی “هاوسۆزانی بزاڤی خزمەت بە مەبەستی سەرنج ڕاکێشان بۆ ڕۆژەڤی خۆیان، زیاد لە پێویست خۆیان بە مەغدور و ستەملێکراو پشان بدەن هەتا لایەنگری زیاتر بۆ خۆیان کۆبکەنەوە” لەبەرچاو گیراوە و زۆر بە وردی بە دواداچوونیان بۆ بانگەشە و قسەکانیان کردووە.

Correctiv.org ئاماژە بەوەش دەکات کە هەندێک لە ڕووداوەکانیان لە ڕێگەی تۆماری ڤیدیۆیی و تۆماری فەرمیەوە پشتڕاستکردۆتەوە و تەواوی وردەکاریەکانی ناو هەواڵەکە لەلایەن ڕۆژنامەنوسانەوە بەدواداچوون و پرسیاری پێچەوانەوە و لێکۆڵینەوەی وردی بۆ کراوە و، باس لەوەش دەکات کە هەندێک وردەکاری هەیە ناتوانرێت بە بەڵگەی بەرجەستە و بەهێز پشتڕاستی بکەنەوە و دیسان پێداگری لەوە دەکات کە سەرچاوەی زانیاری ناو هەواڵەکانیان باوەڕپێکراو و جێگای متمانەن.

ئەمەش هەندێک لەو چیرۆکانەی لە دۆسیەکەدا ئاماژەی پێکراوە:

گرتەیەکی ڤیدیۆیی لە کۆسۆڤۆ کە هاوڵاتیەکی بزاڤی خزمەت دەڕفێنرێت:

لە بەرواری ٢٩ ی ئازاری ٢٠١٨ لە پیریشتینەی پایتەختی کۆسۆڤۆ، کاتژمێر ٠٠:٠٨ سەرلەبەیانی، دوو کەس بە بەرگی پۆلیسەوە ئۆتۆمبیلێک ڕادەگرن و، دوو کەس دێن قسە لەگەڵ شۆفێرەکە دەکەن بە ناوی یوسف کەرەبینا و لەولاشەوە دوو کەسی تر بەزۆر هاوڵاتیەک دەگرن کە لەلای شۆفێرەوە دانیشتووە و لە جامەکەوە دەیبەنە دەرەوە، لەم کاتەدا هاوسەری یوسف کەرەبینا بە ناوی یاسەمین لە دوای ئۆتۆمبیلەکە دادەبەزێت و دەست دەکات بە قیژاندن، لەم ساتەدا یەکێک لە پۆلیسەکان یوسف لە ئۆتۆمبیلەکە دادەبەزێنن و بە ئۆتۆمبیلەکەی خۆیانەوە کەلەپچەی دەکەن.

هاوسەرەکەی یوسف بە ناچاری داوای یارمەتی لە خەڵک و ئۆتۆمبیلەکانی چواردەوری دەکات و پاش ماوەیەک پۆلیسەکان یوسف دەخەنە ناو ئۆتۆمبیلەکە و لە شوێنی ڕووداوەکە دوور دەکەونەوە. لە دۆسیەی هەواڵەکەدا سات بە ساتی ڕووداوەکە کە لە کامێرای چاودێری سەر شەقامەکەوە تۆمار کراوە، خراوەتە ڕوو.

 

کاتژمێر ١٠ ی سەرلەبەیانی هەمان ڕۆژ فڕۆکەیەکی تایبەتی تورکیا لە جۆری Bombardier Challenger دێتە کۆسۆڤۆ و ٦ کەسی تر لەگەڵ خۆی دەبات بۆ ئەنقەرە. ٤ کەس لەوانەی لەم فڕۆکەیەدا بوون و براونەتە ئەنقەرە، مامۆستای خوێندنگەی مەهمەت ئاکیفن لە پیریشتینای پایتەختی کۆسۆڤۆ.

وەک لە دۆسیەکەشدا ئاماژەی پێکراوە هەر ٦ هاوڵاتیەکە بە هەمان شێوە نەڕفێنراون، هەندێکیان لەلایەن پۆلیسی ناوچەکەی خۆیانەوە بانگهێشتی بنکەی پۆلیس کراون و دواتر بە بێ ڕاگەیاندنی هیچ هۆکارێک قۆڵبەستیان کردوون. یوسف کەرەبیناش لە هەمان خوێندنگە کار دەکات. دوای ئەوەی هاوسەری یوسف کەرەبینا هەواڵی ڕفاندنی مێردەکەی بە بەڕێوەبەرانی خوێندنگەی مەهمەت ئاکیف دەگەیەنێت، هەموو خوێندنکارانی خوێندنگەکە و مامۆستاکانی لە فرۆکەخانەی نێودەوڵەتی پیریشتینە دەست دەکەن بە خۆپشاندان؛ دروشمی “مامۆستاکانمان پێ بدەنەوە” بەرز دەکەنەوە.

 

“سەرزەنشتی پەڕلەمانتارێکی کۆسۆڤۆ بۆ ڕووداوەکە”

ژێلال سڤیچلا ئەندامی پەڕلەمانی کۆسۆڤۆ کە ڕووداوەکەی بە ئابڕوبەرانە لەقەڵەمدا لە لێدوانێکیدا بۆ پەیامنێرانی Correctiv.org

 وتی” بەڵگەکان ئەوە دەردەخەن کە ئەم ڕووداوانە سەربەخۆ نەکراون و بە واتای ئەوە دێت کە فەرمانڕەوایی ئەم وڵاتە حسابی هیچی بۆ کراوە. هەروەها ئەوەشمان پشان دەدات کە کاربەدەستانی خۆیشمان بەشدارن لەم کارەدا”.

 

“ئۆپەراسیۆن بە فڕۆکەی میتەوە”

 

لە هەواڵەکەدا ئاماژە بەوەش کراوە کە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی پیریشتینا لەلایەن بەڵێندەرێکی نزیک لە ئێردۆغانەوە دروست کراوە. بە گوێرەی ئەو بەدواداچوونانەی پەیامنێرەکانی Correctiv.org ئەنجامیانداوە، فڕۆکەی ژمارە TC-KLE کە لە تورکیاوە هاتبوو بۆ کۆسۆڤۆ، سەر بە دەزگای هەواڵگری میتە. بە گوێرەی ئەو تۆمارەی لە فڕۆکەخانەی پیریشتینا تۆمارکراوە، فڕۆکەکە سەر بە کۆمپانیایەکی گەشتیاری بازرگانیە و ناونیشانیشی لە گەڕەکی یەنیمەحەلەیە لە شەقامی ئەحمەد حەمدی، کە بنکەی سەرەکی میتی لێیە و کۆمپانیاکەش یەکێکە لە کۆمپانیا سێبەرەکانی میت کە بۆ ئەو جۆرە کارانە بەکاردەهێنرێت.

بە گوێرەی بە دواداچوونی  پەیامنێرەکان، هەمان فڕۆکە دوو جاری تر لە مانگەکانی شوبات و ئەیلولی ساڵی ٢٠١٧ سەردانی ئەڵمانیای کردووە و هاوکات بووە لەگەڵ سەردانەکانی ڕەجەب تەییب ئێردۆغانی سەرۆک کۆماری تورکیا و کاربەدەستە باڵاکانی تورکیا.

 

“تۆلگا” و “عەلی”

تۆلگا ناوی ڕاستی هاوڵاتیەکە نیە و خوازەیە، ڕۆژێک دوای ئەوەی کچەکەی دەباتە خوێندنگە، بە پاسێکی بچوک دەڕفێنرێت و باس لەوە دەکات کە ڕفاندنەکەی تەنیا چەند سانیەیەکی پێچووە. تۆلگا باس لەوە دەکات بە شێوەیەکی زۆر پیس لەناو پاسەکەدا لێیدراوە و پاشان تورەکەیەکی ڕەشیان بەسەردا کردووە. هەروەها باس لەوە دەکات کە ماوەی ٣ مانگ زۆربەی کاتەکان ئەو تورەکە ڕەشە بەسەر سەریەوە بووە و پاشان دەڵێت:

منیان بردە هۆڵێک و جلەکانیان لێسەندم و قاتێک بیجامەیان پێدام، خستیانمە ژوورێکەوە و دەرگاکەیان داخست و پێیان وتم کەوا پێویستە لەسەر ئەژنۆ دانیشم و سەرم بخەمە سەر زەوی. دوای نیو کاتژمیر کەسێکی تر هات و بردمی بۆ ژوورێکی تر. لەوێ لێیان دام و کارەبایان لە لەشمدا و پاشان بە ئامێرێک دەستدرێژی کرایە سەرم و هەڕەشەی ئەوەشیان لێکردم کە هەمان شت لە هاوسەر و منداڵەکانیشم دەکەن”.

“پێموایە لە ژوورەکانی زیندانەکەدا کامێرا هەیە، چونکە هەرکاتێک هەوڵمبدایە تورەکە ڕەشەکەی سەرم داکەنم، لە بڵندگۆی ژوورەکەوە هاواریان لێدەکردم و ئاگاداریان دەکردمەوە”.

تۆلگا باس لەوەش دەکات کە ئەم مامەڵەیە ماوەی ١٠ ڕۆژی خایاندووە و هەموو گیانی بووە بە برین.

 

“هەر پرسیارێکیان دەکرد وەڵامەکەیان دەزانی”

تۆلگا باس لەوەش دەکات کە ڕۆژانە خواردن و ئاوێکی کەمی پێدراوە و ٢ تا ٣ جار لە ژێر ئەشكەنجەدا لێپرسینەوەی لەگەڵ کراوە. لە کاتی لێپرسینەوەدا وێنەی هەڵواسراو بە دیواری هەندێک لە هاوسۆزانی بزاڤی خزمەتیان پشانداوە و داوای زانیاریان لێکردووە و پرسیاری ئەوەیان لێکردووە کە کامیان لە چ بوارێکدا خاڵی لاوازی هەیە و، کامیان لایەنی ئابوری بەهێزی یاخود لاوازی هەیە. تۆلگا لە درێژەی قسەکانیدا دەڵێت” پێموایە خۆیشیان وەڵامی هەموو ئەو پرسیارانەیان دەزانی کە ئاڕاستەیان دەکردم”.

عەلیش بە هەمان شێوە هاوڵاتیەکی سەر بە بزاڤی خزمەت و بانگەشەی ئەوە دەکات کە ڕفێندراوە و خراوەتە ژێر ئەشکەنجەوە. عەلی لە شارێکی تری تورکیا ڕفێندراوە و پاشان براوە بۆ ئەنقەرە و سەبارەت بە چۆنیەتی ئەشکەنجەدانی و شێوازەکانی، پەیامنێرەکانی کەناڵەکە ئاماژە بەوە دەکەن کە هەمان قسەی کەسە زیندانیەکانی تری دووبارە کردۆتەوە.

عەلی باس لەوە دەکات کە ڕووتکراوەتەوە و بە پێوە وەستێنراوە هەتا ئەو کاتەی بووراوەتەوە و پاشان تۆمەتی تیرۆرست بوونیان خستۆتە پاڵی لە کاتی ئەشکەنجەداندا و هەڕەشەی ئەوەشیان لێکردووە کە هەمان شت بەرامبەر خێزانەکەشی ئەنجام دەدەن.

عەلی ئاماژە بەوە دەکات کە ئەشکەنجەچیەکان خۆیان پێشتر سیناریۆیەکیان داڕشتووە و بە گوێرەی ئەو ڕۆڵەی بۆیان داناوە ئەشکەنجەیان داوە هەتا ئەو کاتەی ڕۆڵ بینینەکەی خۆی قبوڵ دەکات.

 

“هاوسەرەکەت خەریکە بێزارمان دەکات”

هاوسەری تۆڵگە و عەلی بابەتەکەیان لە سۆشیاڵ مێدیا گەورە کردووە، پەیامنێرەکانی ماڵپەڕە بەدواداچوونیان بۆ ئەژمارەکان کردووە و بۆیان دەرکەوتووە کە هەر لەو بەروارانەی بانگەشەی دەستگیرکرانیان دەکەن ئەو پۆستانە کراوە و ئەژمارەکانیش تایبەت بە خۆیانە و دروستکراو نین.

خێزانەکانیان لە پاڵ ئەوەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان هەواڵی ڕفاندنی مێردەکانیان بڵاو کردۆتەوە، لە هەمان کاتدا پەنایان بۆ بنکەکانی پۆلیس و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و ئەندامانی پەڕلەمان بردووە.

تەنانەت یەکێک لە ئەشکەنجەچیەکان بە تۆڵگایان وتووە” ژنەکەت خەریکە بێزارمان دەکات”.

لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بەوەش کراوە کە لە هەموو وڵاتانی جیهان ڕێگە بە ڕفاندنی هاوسۆزانی بزاڤی خزمەت نەدراوە و بۆ ئەم بابەتەش نمونەی وڵاتی مەنگۆلستان هێنراوەتەوە، کە دوای ئەوەی مامۆستایەک لەلایەن کاربەدەستانی تورکیاوە دەڕفێنرێت، لەلایەن کاربەدەستانی ئەو وڵاتەوە ئازاد دەکرێت؛ ڕووداوەکە لە ٢٧ ی تەموزی ئەمساڵ ڕوویدا و پاش ئەوەی ڤەیسەل ئاکچای ڕفێندرا، دواتر لەلایەن کاربەدەستانی ئەو وڵاتەوە ئازاد کرا.

هەروەها ئاماژە بەوەش کراوە کە دوای ڕفاندنی مامۆستاکە، هیچ کەسێک لە وڵاتی مەغۆلستان وەک بەرپرسی ڕووداوەکە دەستگیر نەکراوە و کاربەدەستانی تورکیاش لەو بابەتەدا هیچ بەرپرسیارێتیەکیان قبوڵ نەکردووە.

بە هەمان شێوە وێنەی ئەو فڕۆکەیە لەلایەن پەیامنێرێکی وڵاتی مەغۆلستانەوە گیراوە کە ژمارەی TT-4010 لەسەر نوسراوە و سەر بە هەمان کۆمپانیا بووە کە پێشتر مامۆستاکانی وڵاتی کۆسۆڤۆی ڕفاندووە، ئەم زانیاریانەش لەلایەن پەیامنێرەکانی Correctiv.org بە دواداچوونی بۆ کراوە و دواتر پشتراستکراوەتەوە.

“هەندێک وڵات هەماهەنگی لەگەڵ تورکیادا دەکەن”

 

لە هەواڵەکەدا ئاماژە بە وڵاتی مالیزیا کراوە کە وڵاتی مالیزیا یەکێکە لەو وڵاتانەی هەماهەنگی لەگەڵ تورکیادا دەکات لەم بابەتەدا. هەروەها باسی ڕووداوی ڕفاندنی مامۆستاکانی بزاڤی خزمەت کراوە لە وڵاتی مۆڵدۆڤا کە بە فڕۆکەیەکی بازرگانی تایبەت بە گەشتیاران گواستراونەتەوە تورکیا.

 

Show More
Back to top button