بیروڕاهەواڵ

ئەرکێکی پیرۆز

مەهمەت عەلی شەنگوڵ

هەموو مرۆڤەکان خوێندکاری قوتابخانەی دونیان. خوێندکاریش دەبێت بە تاقیکردنەوەدا تێپەڕێت. تا دەرکەوێت کێ بە باشی لە وانەکانی تێگەشتووە و کێ خەریکی تەمبەڵی و کەیف و ئارەزووی خۆی بووە.  دەرخستنی ئەمەش تەنیا لە ڕێگەی تاقیکردنەوە دەبێت.

لەگەڵ ئەمەشدا دەبێت ئەوە بزانین کە هەرچی بەلایەک بەسەرمان دێت بە هۆی هەڵە و گوناحەوە نیە. ئەو درەختەی گەورە دەبێت، دەبێت سەرچڵەکانی بقرتێنیت. گەر سەرچلەکانی نەبڕیت لاواز دەبێت و ناتوانێت میوەی باش بدات. دەبێت سەرچڵی بکەیت هەتا میوەی باشتر بدات.

کەسانی باوەڕدار هەمیشە خوازیارن ” خزمەت بەردەوامی هەبێت، هەمیشە بە عەشق و شەوق و تامەزرۆییەوە خزمەتی مرۆڤایەتی بکرێت، خۆیان بگەیەنن بە دڵە ئاتاجەکان، ئیمانی هەموو کەس ڕزگار بکەن”. بەڵام خودا هەرکەسێک بە شایەنی هەرچی بزانێت هەر ئەوەی بە نسیب دەکات. ئەوەی گرنگە مرۆڤەکان لە گرتنەبەری هۆکارەکان کەموکورتی نەنوێنن. لە بەرامبەر ئەو بڕیارەی قەدەریش دەیدات ناڕەزایەتی دەرنەبڕن.

قەت مەڵێ قەدەر بۆ وایە

ئەو لە شوێنی خۆیەتی بۆیە وایە

سەیرکە تا کۆتایی و ئارامبگرە

با بزانین مەولا چی دەکات

هەرچی بکات جوان دەیکات.

“هۆنراوەی ئیبراهیم حەقی”.

ئامانجی گەورەی ئیسلام، یەکتاپەرستی و باوەڕبوونە بە خودا. پەیامی سەرەکی هەموو پێغەمبەران و نێردراوانی خودا، لە بناغەکەیدا ئەمە هەبووە. ئەوان هەموو ژیانیان لە پێناو یەکتاپەرستی و بێدار بوونەوەی دڵەکان بەم حەقیقەتە بەخت کردووە. بەرگەگرتنیان بۆ بەڵا و موسیبەتێک کە لە سەروی توانای مرۆڤەوە بووە، لە پێناو ئەم ئامانجە بووە.

لە سەردەمی هاوەڵانی سەردارمانەوە، هەموو تێکۆشەران، ڕاڤەکارانی قورئان، شارەزایانی حەدیس، موڕشیدەکان، ئەو تێکۆشەرانەی ژیانیان بۆ خزمەتی ئیمان و قورئان تەرخان کرد، هەموو توانایەکی ماددی و مەعنەوی خۆیان بۆ ئەم پەیامە بەخت کردووە، ئەو شتەیان ئەنجامداوە کە چاوەڕوان دەکرا لێیان، بەم خەم و شعورەشەوە گەڕاونەتەوە بۆ لوتکەی ڕۆحی خۆیان.

لەم سەردەمەدا کە کارەسات و تیاچوون چواردەوری ڕۆحەکانی تەنیوە، مرۆڤەکان بە تایبەت گەنجان، مەحکوم بە زەلیلی و سەرشۆڕی کراون، حەزرەتی ئوستاد جگە پەرداخێک چا و ئاو و تیکەیەک نان و جلەکانی بەری هیچی تری نەبوو، بەڵام ئەو لەو شاخانە کە باڵندەکانیش هێلانە دەکەن و شەوانە سەر دەنێنەوە، ئەو هەر بێدار بوو.

هەموو خەم و دەرد و خەو و خولیای ئەوە بوو نوری یەکتاپەرستی بگەیەنێت بە دڵە ئاتاجەکان، مرۆڤەکان لە تاریکی کوفر و زوڵم و گومڕایی ڕزگار بکات، دینی ڕەوانی ئیسلام بە هەموو لایەک بگەیەنێت و دڵە مردووەکان زیندوو بکاتەوە.

کاتێک سەبارەت بەم بابەتە پرسیاریان لە ئوستاد دەکرد، لە وەڵامدا دەیوت” ئەوەی من دڵتەنگ دەکات، تەنیا ئەو مەترسیانەیە کە ڕوو لە ئیسلام دەکەن. جاران مەترسیەکان لە دەرەوە ڕوویان تێدەکرد، هەر بۆیە بەرگریکردن لێیان ئاسان بوو، ئێستا مەترسیەکان لە ناو خۆیەوە ڕوویان تێکردووە. گورگ خۆیان کردووە بە قەدەکەیدا، ئێستا بەرگری زۆر سەخت بووە، دەترسم پێکهاتەی کۆمەڵگا بەرگەی ئەم هێرشە نەگرێت، چونکە هەست بە دوژمنەکەی ناکات و شادەمارەکانی ژیانی دەپچڕێنێت، ئەو دوژمنە خوێنخۆرەی خوێنی هەموو لاشەی دەمژێت، بە دۆستی خۆیی لە قەڵەم دەدات. گەر چاوی کۆمەڵگا بەم ڕادەیە کوێر بوو بێت، ئیدی قەڵای ئیمان لە مەترسیدایە. هەر بۆیە تەنیا خەمی من ئەم بابەتەیە. بە پێچەوانەی هیچ کاتی بیرکردنەوەم نیە لەو زەحمەت و ناڕەحەتیانەی کە توشی شەخسی خۆم دەبن. خۆزگە هەزار هێندەی ئێستا توشی ناخۆشی ناڕەحەتی بوومایەتەوە، بەڵام قەڵای ئیمانی کۆمەڵگا لە مەترسیدا نەبووایە. هەر بۆیە من کاتەکانی خۆمم لە بۆ پاراستنی ئەو قەڵایە چڕکردۆتەوە”.

سەردارمان لە حەدیسێکدا دەفەرموێت جیهاد(جەنگی نێوان کوفر و ئیمان) هەتا ڕۆژی قیامەت بەردەوام دەبێت.

لە حەزرەتی ئادەمەوە هەتا ئەمڕۆ، بوغز و کینە و نەفرەتی ئەهلی کوفری ڕەها، ئەهلی گومڕایی، ئەهلی دوو ڕوویی، ئەهلی فاسقان و خراپەکاران و دووڕاوان، بە تایبەتی ئەوانەی خۆیان لە ژێر پەردەی موسوڵمانێتیدا حەشار داوە بوونی هەبووە، ئەو زوڵم و زۆرانەی ئەنجامیان داوە لە خەیاڵ نایەت و بە شێوەیەک نیە مرۆڤ بەرگەی بگرێت.

گەر سەیری قوڵایی مێژووش بکەین، ئەوا مرۆڤگەلێک دەبینین لە مەیدانەکانی زۆرانبازیدا دەرخواردی شێرە برسیەکان دراون، بە ئاسنی زۆر تیژ و بڕندە گۆشت و ئێسکیان لەیەک جودا کراوە، بە دارەکانەوە بەستراونەتەوە و بە مشار دوو قاشیان کردوون، لە ئاوی کوڵاودا خنکێنراون و بە زیندوویی فڕێ دراونەتە ناو ئاگرە خۆشکراوەکان و شەهید کراون.

هەروەها دەتوانین نمونەی ئەو شتانە بهێنینەوە کە بەسەر هاوەڵانی سەردارمان هاتن، بە تایبەت ئەو ڕووداوانەی بەسەر دوو نەوەی سەردارمان هات کە خۆی بە ڕێحانەکانی ناو بەهەشت ناویان دەبات.

ئەو مرۆڤانەی خۆیان بە موسوڵمان پشان دەدا و لە پشتی حەزرەتی حوسەینەوە نوێژیان دەکرد، هەر ئەوانە بوون کە سەری پیرۆزیان لە لاشەی جیا کردەوە. هەروەها ئەو زوڵمە هاوشێوانەی لەمڕۆدا ئەنجام دەدرێن. هەموویان ئەوەمان پشان دەدەن کە دونیا شوێنی تاقیکردنەوەیە.

تەواوی ئەو کەسانەی بە هەموو هێزی ماددی و مەعنەوی خۆیانەوە بەرپرسیارێتی خزمەتی ئیمان و قورئانیان لە ئەستۆ گرتووە، لە پێش هەموویانەوە ئەو زاتە گەورانەی قەدەری خودا وەهای کرد نوێنەرایەتی پەیامی ئیسلام بکەن، هەروەها تەواوی ئەوانەی بوونەتە پاڵپشتی کەسایەتی مەعنەوی ئەم پەیامە، لە “ئەلیف”ەوە هەتا “یاء”، چەند کەسی دڵسۆز و خەمخۆر هەبێت لە ژن- پیاو، پیر- منداڵ، چەند برای قارەمانی ئەهلی ئیمانمان هەبوو بێت، هەر هەموویان بە شێوەیەک کە لە مێژوودا وێنەی نەبووە، دووچاری تاقیکردنەوەیەکی زۆر سەخت و دژوار بوون.

جەنابی حەق لە ئایەتی ١٣- ١٤ سورەتی ئەحقافدا دەفەرموێت” ئەوانە کەسانێک دەڵێن خودامان الله و دواتریش ڕاستگۆیانە هەنگاوەکانیان هەڵدەگرن. ئەوانە ترس و خەم ڕوویان تێناکات و هیچ شتێک ڕوو نادات کە خەمباریان بکات. ئەوانە دەچنە بەهەشت و لە بەرامبەر ئەو کارە باشانەی ئەنجامیان داوە، ژیانی ئەبەدی بەهەشتیان بەنسیب دەبێت”.

گەورەترین خەم و کێشەی ئەو زاتە گەورانەی بە شەرەفی  هەست و شعوری ئیمان شەرەفمەند بوون، ئەو وێرانکاریەیە لە بەرامبەر خزمەت و دیندا ئەنجام دەدرێت. گەورەترین خەفەتیان ئەوەیە نەوەیەک لە ئیمان و قورئان بێبەش بێت.

ئەو زاتەی لە ویژدانیدا هەستی بە ئازاری بێبەشبوونی مرۆڤەکان دەکرد لە شعور و هەستکردن بە ئامانجی دروستبوونیان، هەمیشە دەیوت” گەر بێ بەنج هەموو دانەکانم دەرکێشن، هەموو ئەندامانی خێزانەکەم بمرم، تەواوی ئەم ئازارانە، هێندەی ئەوە ئازارم نادەن، کە دەبینم وێرانکاری بەرامبەر پەیامی ئیسلام، ئاشتی لەسەر ڕووی زەوی، مرۆڤەکان و ئەم وڵاتە ئەنجام دەدرێت”.

من هێندەی ئەو زاتە گەورەیەم ناسیبێت، ئەم قسانەی زۆر بە ڕاست بوو. خەمی ئەو ئەوە بوو مرۆڤەکان لە پێش دونیایاندا ژیانی ئەبەدی ئەو دونیایان ڕزگار بکەن و، هەوڵی دەدات لەم کارەدا یارمەتیان بدات.

گەر تێڕوانین و بەسیرەتمان کوێر بوو بێتەوە، ئیدی ئەو چاوانەمان کە وەک پەنجەرە لە سەری کۆشکی لاشەماندا دانراون توانای بینینیان نابێت. گەر مرۆڤەکان ڕاستی و حەقیقەتیان نەبینی، ئیدی پەیامی ئیمان دەکەوێتە مەترسیەوە.

هەر بۆیە لە بەرامبەر ئەوانەی کە بە ئەنقەست بێت یان بە نەزانی لە بەرامبەر خزمەتێکی وەها پیرۆز و بەسوود دا دەوەستنەوە، ئەوە لەسەر شانی ئێمەیە کە تەواوی ئەو لوتفانەی خودا لە هەر چواردەوری دونیا بە نسیبی کردووین، بۆ خزمەتی مرۆڤەکان و بەرقەرارکردنی ئاشتی لەسەر ڕووی زەوی بەگەڕ بخەین. ئیدی سەرئەنجامی ئەم کارە لە دەستی خودادایە و ئەوەی مۆری کۆتای لە ئەنجامی کارەکان دەدات هەر خۆیەتی.

 

فەرمانڕەوای ڕەها خودایە. هەر خۆی فەرمانی کۆتایی دەردەکات. لە گەردوندا هیچ شتێک خۆسەری ڕوونادات و ڕێکەوت جێگەی باس لێوەکردن نیە. گەر کارێک خواستی خودای لەسەر نەبێت ڕوو نادات. بێگومان ئەوەی سەختە لەسەر شانی ئەهلی ئیمانە، بەڵام گەر خۆی لە خودا بە میهرەبان و بە بەزەییتر بزانێت، ئیدی ئەو کاتە دەست دەخاتە کاری ئەوەوە و خۆی بەرپرسیار دەکات. سەرکەوتنە گەورەکان، سەرئەنجامی تێپەڕینە بە گرفت و کێشە گەورەکان. ئەوەی دەست دەکەوێت وەک غەنیمەت، هاوتای تەنگوچەڵەمەکانی ژیانتە. ئێمە زۆر بە ئاسانی موسوڵمانێتیمان دەست کەوتووە.  شەرەفمەند بوون بە لوتفی شوێنەکەوتنی پێغەمبەری خودا کە زۆر گرانبەهایە. ئەوانەی لەسەر ڕێگای ئەون، دەبێت هیچ کاتێک ئەمە لە یاد نەکەن. لە کاتێکدا هەموو کۆڵانەکان پڕن لە قوڕ و چڵپاو، گەر خودا دەرگای ژیانی ئەبەدی ئاخیرەت و خزمەتی ئیمان و قورئانی بۆ ئێمە خستبێتە سەر پشت، کە بۆنی بەهەشتیان لێدێت، گەر فەرمووی لێکردبین بۆ چوونە ژوورەوە لەو دەرگایە، وای ئەمە چ لوتف و شەرەفێکی گەورەیە بە نسیبمان بووە. هەربۆیە لەسەر شانی کەسی باوەڕدارە حەقی ئەم لوتفە گەورەیەی خودا بدات.

هەموو کەس فانی و تیاچووە، ئەوەی لەسەر شانی کەسی باوەڕدارە ئەوەیە بە بێ هیچ کەموکوڕیەک ئەم ئەمانەت و ڕاسپاردە خوداییە بگەیەنێت بە نەوەی داهاتوو. بێ ئەوەی خۆمان بە دونیا بدۆڕێنین، گەر بە لەپی دەستمان دونیا توڕ نەدەین، ئەوە پەیوەندیمان بە خوداوە بەو ڕادەیەیە و لاوازە.

خودا لە هەموو سەردەمێکدا لە بەرامبەر  “دار الندوة”، “دار الارقم” ێکی دروست کردووە. لە یەکێکیاندا بەردەوام پیلانی فیتنە و فەساد، وێرانکاری و ڕووخان، لە پێناو بەرژەوەندی بەرتەسکی خۆیان، چەوسانەوە و زوڵمکردن لە هاوڵاتیانی داماو بوونی هەیە.

لە ماڵەکەی تریشیاندا سۆز و بەزەیی و چاکە و بەرەکەت بوونی هەیە، لە هەمان کاتدا پلان بۆ چاکسازی دادەڕێژن لە بەرامبەر ئەوانەی تاڵان و وێرانکاری و ڕووخان ئەنجام دەدەن.

خودا نوێنەرایەتی ڕۆحی دارولئەرقەم دەبەخشێت بە خزمەتکارانی ئیمان و قورئان. ئەوانیش ڕێگەی مرۆڤەکان بەرەو بەهەشت دەکەنەوە و، ڕێگەی دۆزەخیان لێدەگرن، لەمپەرەکانی نێوان بەندەکانی خودا و خودا هەڵدەگرن، خوداش بە گوێرەی ئامانجی دروست بوونی مرۆڤەکان، هەلێکی یەکسانی بە مرۆڤەکان بەخشیوە کە خۆیان بەرەو ئاستی مرۆڤی ڕاستەقینە بەرز بکەنەوە.

نەوەکانی داهاتوو، کاتێک دەبینن بەم ڕادەیەی ئێستا خۆڕاگر و ئارامگربوون و، بە تەواوی پشتبەستن و خۆڕادەستکردن بە خوداو و وابەستەبوونتان بە خۆشەویستی پێغەمبەرەکەیەوە هێندە خزمەتی مرۆڤایەتیان کردووە، حەیران و سەرسام دەبن پێتان و بە چاکە یادتان دەکەنەوە.

حەزرەتی ئیبراهیم، حەزرەتی هاجەر و حەزرەتی ئیسماعیلی لە چۆڵەوانیەکی وشک و برنگ و بێ ئاو و ئاوەدانی وەک مەککەدا جێهێشت، نە خواردنیان لابوو نە ئاو، منداڵێک و ژنێکی بە تەنیا جێهێشت، ئەوانەی ئەمانەتی خودا کرد و جێیهێشتن.

دایکە هاجەرمان وتی ” ئەی ئیبراهیم بۆ جێمان دەهێڵیت و دەڕۆیت؟” ئەو پێغەمبەرە گەورەیەش لە ترسی ئەوەی سۆز و خۆشەویستی ئەوان بەسەریدا زاڵ نەبێت ئاوڕی لێنەدایەوە، دایکە هاجەریش لە بەرامبەر ئەم هەڵوێستەیدا وتی” ئەی ئیبراهیم گەر ئەمە فەرمانی ئەوە ڕێگات ڕۆشن بێت، بێگومان ئەو بە فریامان دکەوێت”. بەم شێوەیە خۆی تەسلیمی فەرمانی خودا کرد.

حەزرەتی ئیسماعیلیش منداڵ بوو، کاتێک حەزرەتی ئیبراهیم پێی وتم ” کوڕم لە خەومدا تۆم بینی دەمکردیت بە قوربانی”، ئەویش لە وەڵامدا وتی ” باوکە فەرمانی خودا جێبەجێ بکە، من یەکێک دەبم لە ئارامگران”، ئەویش بەم شێوەیە خۆی ڕادەستی خودا و باوکی کرد.

لەمڕۆشدا دەبینین کەسانێکی زۆر ئازادیان لێ زەوت کراوە، هەندێک بە حەسرەتی دایک و باوک و منداڵ و هاوسەرەکانیانەوە دەژین. تەنانەت ناتوانن لە کاتی وەفاتیشیان جەنازەکانیان ببینن.

سەرەڕای ئەمانەش کەسانێکی باوەڕدار، ئەندامانی خێزانەکانیان و کەسە نزیکەکانیان حەواڵەی خودا دەکەن و، بەو پەڕی تەسلیمیەت و تەوەکول بە خوداوە، بەردەوامن لە خزمەتکردنی خۆیان.

خۆ کەسانێکیش ئەرکێکی وەها پیرۆزیان لە ئەستۆی خۆیان گرتبێت، لە بەرامبەر ئەم بەڵاو موسیبەتانەی بەسەریان دێت، پێویستە ئارامگر و خۆڕاگر بن و بە وەفا بن بۆ ئەرکەکەیان.

 

http://www.shaber3.com/mukaddes-vaz-fe-haberi/1302349/

Show More
Back to top button