هەواڵ

ئێکۆنۆمیست: دۆسیەکەی زەراب مەترسیە بۆ سەر ئێردۆغان، بەڵام ئابوری و بانکەکانی تورکیا لە ژێر مەترسی گەورەدان

گۆڤاری ئێکۆنۆمیستی ئینگلیزی لە نوێترین ژمارەیدا باسی لە دۆسیەی دادگاییکردنی رەزا زەراب کرد و وتی” پێدەچێت دۆسیەی دادگایکردنی رەزا زەراب، مەترسی بۆ سەر ئێردۆغان هەبێت، بەڵام مەترسی گەورە لەسەر ئابوری و بانکەکانی تورکیایە”.

گۆڤارەکە لە ژێر مانشێتی ” دادگاییەکەی نیویۆرک، سەرۆک کۆماری تورکیا توڕە دەکات” ڕاپۆرتێکی شیکاری بڵاوکردەوە و ئاماژەی بە پێشهاتەکانی دۆسیەکە کرد.

لە ڕاپۆرتەکەدا باس لە دانپێدانانەکانی رەزا زەراب کراوە کە ئاماژەی بە ناوی هەریەک لە بانکی هەڵک و ڕەجەب تەییب ئێردۆغانی کردوە سەبارەت بە شکاندنی ئاڵوقەی ئابوری سەر ئێران و، دواتر ئاماژە بەوە دەکات کە زەراب دانی بە بەرتیل پێدان بە زەفەر چاغلەیانی وەزیری پێشووی ئابوری تورکیا ناوە.

ئێکۆنۆمیست باس لەوەش دەکات کە زەراب لە ١٧ ی کانونی یەکەمی ٢٠١٣ لە تورکیاشدا بە تۆمەتی گەندەڵی و بەرتیل پێدان دەستبەسەر کراوە، بەڵام ئێردۆغان بە پاساوی ئەوەی دۆسیەکە تەڵەی جەماعەتی گولەنە، پۆلیس و داواکاری گشتی و  دادوەری دۆسیەکەی لە کار دوور خستۆتەوە.

گۆڤارەکە دەڵێت” لە تورکیادا زۆر کەس بە هاوشێوەی ئێردۆغان پێیان وایە ئەم دۆسیەیە جەماعەتی فەتحوڵڵا گولەنی لە پشتەوەیە. بەڵام ژمارەی ئەو کەسانەی کە پێیان خۆشە بەڵگەکانی ناو ئەم دۆسیەیە پەردەپۆش بکرێت، زۆر کەمترە لە ژمارەی ئەوانەی هێندەی ئێردۆغان پێیان خۆشە پەردەپۆش بکرێت. ئەو فێڵ و تەڵەکانەی لە هۆڵی دادگای نیویۆرک ئاشکرا کراوە، مەترسیان بۆ سەر خودی ئێردۆغان هەیە”.

” مێدیای تورکیا بەرتیل و فەرمانی ئێردۆغانی بۆ شکاندنی ئابڵوقەی ئابوری ئێران سانسۆر کرد”

سەرۆک کۆماری تورکیا لە ڕێگەی سانسۆرکردنی مێدیاکانەوە، توانیویتی بەر بەو زیانە بگرێت، کە لە ڕێگەی ئەم دۆسیەیەوە بەر ئابڕوی دەکەوێت.

سەرەڕای ئەوەی زەراب لە دادگادا باسی لەوە کرد کە ٦٠ ملیۆن دۆلاری وەک بەرتیل بە زەفەر چاغلەیان بەخشیوە و هەروەها دانی بەوەدا نا کە بە فەرمانی ئێردۆغان ئەم کارانەیان ئەنجام داوە لە دوو بانکی تری تورکیادا، بەڵام هیچ کام لە ڕۆژنامە گەورەکانی تورکیا ئاماژەیان بەم بابەتە نەکرد.

ڕۆژێک پێش ئەو ڕووداوەش، سەرۆکی پارتی ئۆپۆزسیۆن، بە بەڵگە ئەوەی ڕوون کردەوە کە کەسە نزیکەکانی ئێردۆغان لە دوورگەکانی پارە سپیکردنەوە چەندین ملیۆن دۆلاریان سپی کردۆتەوە، بەڵام کەناڵی تایبەتی دەوڵەت ئەم قسانەی سەرۆکی پارتی ئۆپۆزسیۆنی لە ناوەڕاستدا بڕی.

بەڵام ئەوەی لە ژێر مەترسی گەورەدایە، بانکەکانی تورکیایە.

ئینان دەمیر ئابوریناسێکی تورکیا دەڵێت لە ئەگەری ئەوەی گومانلێکراوانی ناو دۆسیەکەی زەراب وەک تاوانبار ئەژمار بکرێن، بانکی هەڵک سزایەکی قورسی ماددی بەسەردا دەسەپێنرێت.

دەمیر سەبارەت بەو بابەتە دەڵێت”      لێرەدا باس لە بڕی ٥ ملیار دۆلار دەکەین کە ئەگەرە وەک سزا بەسەر بانکی هەڵکدا بسەپێنرێت،  ئەمەش بە واتای دوو هێندەی نرخی بانکەکە دێت، بەڵام گەر دادگای ئەمەریکا ئەم بڕ سزایەی بەسەردا بسەپێنێت، ئەوا بێجگە ملکەچی بوون بۆ سزاکە چارەیەکی تری نیە. هەروەها ئەمە وا دەکات کە بەهای لیرەی تورکیا زیاتر دابەزێت، کە تەنیا لە ساڵی ڕابردودا ٪١٠ بەهای خۆی لە دەستداوە بەرامبەر دۆلاری ئەمەریکی”.

http://t24.com.tr/haber/economist-abd-mahkemesinde-ortaya-cikan-dalavereler-erdogan-icin-sikinti-yaratabilir,507946

 

Show More
Back to top button