هەواڵوتاری هەفتانەی م.فەحوڵڵا گولەن

ئیکسیری سەداقەت و ژەهری دەستەوسانی. وتاری هەفتانەی م. فەتحوڵڵا گولەن 26.02.2018

 

  لە هەر شتێکدا کە بەسەرمان دێت، پێویستە سەیرێکی ناخی خۆمان بکەینەوە و لە پاکی دڵمان بکۆڵینەوە. بە شێوەیەک دەبێت دڵمان پاک و بێگەرد بێت. نەک لە بەشێکی خەیاڵمان یاخود ناوەڕاستی، یاخود هەموو خەیاڵمان،  تەنانەت نابێت لە نوکی خەیاڵماندا قسەیەکی خراپ، سەیرکردنێکی خراپ، گوێدان بە شتێکی خراپ بوونی هەبێت، لە مەجلیسێکی غەیبەتکردندا بەشداربیت یاخود گوێ بگریت، یاخود سەر بۆ بوختانێک بلەقێنیت و بڵێیت ” پێدەچێت وابێت، لەوانەیە”…

ئەمانە ڕێگە خۆش دەکەن بۆ پیسبوونێکی زۆر جددی ڕۆحمان و بیر و هزر و هەستەکانمان.

ئەمە لە هەمان کاتدا بانگکردنی بەڵا و موسیبەتە بۆ سەر هەست و هزرمان. بانگهێشتکردنی بەڵایە، بانگهێشتکردنی بەڵایەک هەزاری تر بە دوای خۆیدا دەهێنێت.

هەر بۆیە لە بەرامبەر هەر شتێک بەسەرماندا دێت دەبێت بڵێین :

رَبَّنَا لاَ تُعَذِّبْنَا بِذُنُوبِنَا

واتە خودایە بە هۆی گوناحەکانمانەوە توشی سزامان مەکە…

لێمان خۆشبە یا غفار، نەنگیەکانمان بپۆشە یا ستار، بمانبورە یا غفور، دەبێت ئەمانە وەک پیک بماڵیت بەسەری ئەو هەستە خراپانەدا…

بە نیازی ئەوەی کە جارێکی تر سەر دەر نەکەنەوە، بەڵام دەبێت ئەوەش لە بیر نەکەین گەر ٥٠ جار بە پیک بماڵیت بەسەری ئە هەستە خراپانەدا، ٥٠ جار پشتیان بدەیت لە زەوی و ناکاوتیان بکەیت، ئامادەگیەکی سەرهەڵدانەوەی وەهایان تێدایە، دەمرن و زیندوو دەبنەوە، دەمرن و زیندوو دەبنەوە، دەمرن و سەر لە نوێ زیندوو دەبنەوە…

هەر لەبەر ئەوەشە سەرداری ڕۆحی مرۆڤایەتی، ڕۆژانە ٧٠ تا ١٠٠ جار دەیوت استغفر الله، لە بەرامبەر ئەوەی کە هیچ گوناحێکیشی ئەنجام نەدەدا، بەڵام شورا و قەڵای بەرزی دروست دەکرد، ئەمە وانەیەک بێت بۆ ئەوانەی تێدەگەن! خۆ گەر کەسێک تێنەگات، ئیدی ناتوانیت هیچی تێبگەیەنیت…

لەو ڕێگەیەوە پێمان دەفەرموێت” گەر من بەم شێوەیە بکەم، دەبێت ئێوەش لای خۆتانەوە دانیشن و زۆر بە قوڵی بیر بکەنەوە، کە دەبێت چی بکەن!”.

دەبێت لەمەوە وانەیەک فێربین، دەبێت بەردەوام لە بەرامبەر کارە نەرێنیەکاندا هێڵ و دووریەک دابنێین، هەر خۆی نیە دەفەرموێت اَللَّهُمَّ بَاعِدْ بَيْنِي وَبَيْنَ خَطَايَايَ كَمَا بَاعَدْتَ بَيْنَ الْمَشْرِقِ وَالْمَغْرِبِ

خەتا چیە؟ کاتێک بە ڕێگایەکی ڕاستدا دەڕۆیت و پێت هەڵدەنوتێت یاخود لەرزەیەکت تێدەکەوێت، بەڵام لە دوو ئایەتی کۆتایی سورەتی پیرۆزی بەقەرەدا، بە هەمان شێوە دەفەرموێت:

رَبَّنَا لاَ تُؤَاخِذْنَا إِنْ نَسِينَا أَوْ أَخْطَأْنَا

شتێکمان لەبیر چوو یاخود فەڵتەیەکماندا، یاخود خەتایەکمان ئەنجامدا، خودایە بەو هۆیانەوە مەمانگرە…

تابلۆی شانازی مرۆڤایەتی گەر ئەم دوو ئایەتەی نەخوێندایە نەدەخەوت، ئێمەش لە دوای نوێژی خەوتنان و تەسبیحاتەکەی، هەموو کاتێک ئەو دوو ئایەتە دەخوێنین، فەرز نیە، بەڵام بە نیەتی ئەوەی فەرزە، بە تێبینی ئەوەی کە بۆ ئێمە زۆر پێویستە، دەبێت بیخوێنینەوە…

مادام ئەو بە بێ خوێندنەوەی نەخەوتووە، دەبێت ئێمەش بە تێبینی ئەوەی خودا لەبەر خەتا و هەڵەکانمان نەمانگرێت هەمیشە ببیخوێنین.

گەر خەتا ئەوە بێت کە باسمان کرد، پەنا بە خودا، ئەی دەبێت لەبەرامبەر ئەو گوناحانە چۆن بێت کە بە دەست و قاچ ، چاو و گوێ، دەم و زمان، ئەنجام دەدرێت؟ ئەوانە لە نێوان دڵ و خودادا شورای وەها بەرز لێدەدەن، پەیوەندی نێوان خودا و دڵ دەپچڕێنن…

ئیدی نازانیت پەیوەندی هەیە یاخود نا؟ مرۆڤ بۆی دەرناکەوێت…

کاتێک عیبادەتیش بۆ خودا ئەنجام دەدات، بە ڕواڵەت هەڵدەستێت و دادەنیشێت، نە هەستی هەیە نە خرۆشان، وەک عاکیف دەڵێت:

هەستت نیەو جوڵە نیە

بۆ لێمان بوویی بە دارەمەیت

بە کەسێکی بێ هەست و جوڵە دەڵێت دارەمەیت،

هەستت نیە و جوڵەت نیە

بۆ لێمان بوویت بە دارەمەیت

تۆ بەم شێوەیە نەبوویت سەرم سوڕ دەمێنیت

لە بۆ ڕزگار بوون، عەزمت بۆ هێندە بە بێ گوڕ

تۆی یاخود هیواکانتە وەها بێ دڵ

بەڵێ ئەمەش بە دەڕبڕینێکی شاعیرانە…

با بگەڕێینەوە دواوە، با خراپە لە خۆمانەوە ببین  و چاکەش لە خوداوە، مَا أَصَابَكَ مِنْ حَسَنَةٍ فَمِنَ اللهِ وَمَا أَصَابَكَ مِنْ سَيِّئَةٍ فَمِنْ نَفْسِكَ

اَلظَّالِمُ سَيْفُ اللهِ، يَنْتَقِمُ بِهِ اللهُ، ثُمَّ يُنْتَقَمُ مِنْهُ

ئەو زاڵمانەی بەسەرتاندا زاڵ بوون، ئەو شمشێرەی خودایە کە لەسەر سەرتان دەیخولێنێتەوە…

خودا زاڵمەکانی بەسەر ئێوەدا زاڵ کرد، بێ هیچ شتێک بە دوای تۆڵەدا دەگەڕێن، بەڵام نابێت لە گۆشە نیگای هیچەوە سەیری ئەم بابەتە بکەین. دەبێت بڵێین ” هاخۆ دەبێت چیمان کردبێت وەها ئەم شتانەمان بەسەر دێت”. زیاتر لەوەی بیر لەوە بکەینەوە ” کە بۆچی دێن و ئێمە دەچەوسێننەوە”، وەک مرۆڤێکیش بیر لەوە دەکەینەوە کە تا مرۆڤایەتی نواندن وەستابێت، لەبەرچی ددانمان لێ جیڕ دەکەنەوە، لەبەرچی تا مرۆڤایەتی نواندن وەستابێت، قەپمان لیدەگرن.

لەبەرچی لە جیاتی پشاندانی مرۆڤایەتیەکی ئاستبەرز، لیکی دەمیانیانمان پێدا دەڕێژن…

دەشێت ئەم شتانە بە مێشکی مرۆڤدا بێن  و بچن.

دەبێت داوای هێدایەتی خوداییش بکەین بۆ دڵ و سەلامەتی دڵی ئەوان. بەڵام دەبێت زیاتر سەیری خۆمان بکەین، دەبێت بپرسین ” هاخۆ چیمان کردووە، وەها خودا ئەم زاڵم و فاسق و خائینانەی بەسەرماندا زاڵ کردووە”.

تەنیا چارەی ئەمەش ئەوەیە سەر لە نوێ عەهد و بەیعەتمان بە خودا تازە بکەینەوە و ڕێگەی ئەمەش بە سەرلەنوێ ڕووکردنەوە جەنابی حەق تێدەپەڕێت…

رَبَّنَا عَلَيْكَ تَوَكَّلْنَا وَإِلَيْكَ أَنَبْنَا وَإِلَيْكَ الْمَصِيرُ

زیاتر بڕۆن : حَسْبُنَا اللهُ وَنِعْمَ الْوَكِيلُ

زیاتر بەردەوام بن : نِعْمَ الْمَوْلَى وَنِعْمَ النَّصِيرُ

گەر زیاتر بەردەوام بین، هەرچەندە لە قورئاندا نیە بەڵام لە ویردەکاندا هەیە:

نِعْمَ الرَّبُّ أَنْتَ

تۆ چەند خودایەکی جوانیت، گەر سەیری ئەو هەموو فەڵتەیە بکەین کە لە ژیانماندا ئەنجامی دەدەین  بەراوردی بکەین بەوەی بەسەرماندا هاتووە، ئەمانە وەک گوێڕاکێشانێکی سادە وەهایە، وەک شەپازلەیەک وەهایە لە پشتەملمان درابێت، پێمان دەڵێت ئەقڵتان بێننەوە سەر خۆتان، بەڵێ نِعْمَ الرَّبُّ أَنْتَ، نعم المولی انت، نعم النصیر انت، نعم السمیع انت، نعم الستار انت، نعم الغفار انت، ئەمانە بڵێ و هەمیشە بە دوای ” مَقْعَدِ صِدْقٍ ”  دا بگەڕێ…

اَللَّهُمَّ صِدْقَ الْحَالِ، اَللَّهُمَّ صِدْقَ الْمَآلِ، اَللَّهُمَّ صِدْقَ التَّمْثِيلِ، اَللَّهُمَّ صِدْقَ الْقَوْلِ، اَللَّهُمَّ صِدْقَ الْعَاقِبَةِ

پێغەمبەر ئەمەی وتووە و فەرموویەتی…

مادام کاری ئێمە لەگەڵ ڕاستگۆی و ڕاستی و دۆستایەتیە، سەرکاری ئەم سیفاتانەش حەزرەتی ئیبراهیمە، وَاجْعَلْ لِي لِسَانَ صِدْقٍ فِي اْلآخِرِينَ

مرۆڤ لە ڕووی مامەڵە و کردارەوە، گەر هەموو کات ڕێچکەی ڕاستگۆیی بگرێت، لەلایەن نەوەکانی داهاتووشەوە هەمیشە بەو شێوەیە یاد دەکرێتەوە، هەرکاتێک هات بە ئەقڵیاندا پێی دەڵێن ” خودا هەمیشە لێت ڕازی بێت”، ئەبوبەکر و عومەر و عوسمان و عەلی، کاتێک بە ئەقڵی مرۆڤدا دێن، کاتێک بە ئەقڵی ئێوەدا دێن، کام لە ئێوە بێ ئەوەی یادێکی باشی ئەوان بکاتەوە، هەروا بە سەریاندا تێدەپەڕێت؟ ژیانێکی وەها باش ژیاون، لە دڵەکاندا خێمەی خۆیان داکوتاوە، هەر بیرهاتنەوەیەکی ئەوان بەسە بۆ ئەوەی بە باشی یادیان بکەینەوە، خۆ لە حەدیسە شەریفەکان و تەنانەت لە ناو نوێژەکانیشماندا، بە خێر یادی ئەوان دەکەینەوە، بە “ال” ناویان دەبەین. “ال العلی” بریتیە لە منداڵ و نەوە و خێزانەکانی، “ال الوسطی” بریتیە لە هاوەڵەکانی، “ال الادنی” گەر لەسەر ڕێچکەی ئەو بڕۆین، ئێمە و ئێوە دەگرێتەوە، لایەنی کەم با حەقی ئەوە بدەین کە ببینە شایستەی “ال الادنی” واتە چینی خوارەوەی ئەوانەی شوێنەکەوتەی پێغەمبەرن…

ئەهلی حەقیقەت و ڕاستی بەم شێوەیە “ال” یان هەڵسەنگاندووە، ئەهلی تەحقیق و لێکۆڵینەوە بەم شێوەیە هەڵیانسەنگاندووە، دەرگاکەیان بە کراوەیش بۆ ئێوە ئاوەڵا کردووە، وتوویانە سەیرمان بکەن و لێمان وەرگرن…

بە لایەنی کەمەوە دەبێت وەک ئەوان بین، چونکە ئەو بابەتە پەیوەندی بە “دوێنێ” و

“موێنێ” وە نیە،  کاتێک دەچیتە ئەو چوارچێوەیەوە، ئەوانی تریش دەستان بۆ درێژ دەکەن…

لە سەرو هەموویانەوە خاوەنی شان و شکۆ دەستان بۆ درێژ دەکات، لە نیوەی ڕێگا جێتان ناهێڵێت. لە نێو سەرسوڕمان و سەرلێشێواوی و دۆڕاویدا جێتان ناهێڵێت. دەڵێت من براکانم بە تەنیا باڵ لە نیوەی ڕێگا بەجێ ناهێڵم. لە ڕێگا دڕندەکاندا جێیان ناهێڵم، بەڵام دەبێت ئێمەش حەقی ئەمە بدەین کە وامان پێ بڵێت…

دڵەکانمان دەبێت بۆ ئەو لێبدەن، قوڵپە قوڵپی خرۆشانەکانمان دەبێت هەر بۆ ئەو هەڵبقوڵێت،  هەستەکانمان هەمیشە بەوەوە هەستن و دانیشن، مرۆڤ دەبێت ئەوانە بکات ویردی سەر زوبانی…

صدق، ڕاستگۆیی، فِي كُلِّ حَالٍ صِدْقٌ، فِي كُلِّ مَقَالٍ صِدْقٌ، فِي كُلِّ تَمْثِيلٍ صِدْقٌ

لە هەموو حاڵ و وتە و نوێنەرایەتیەکماندا ڕاستگۆیی…

ڕاستگۆیی، ڕاستگۆیی، ڕاستگۆیی…

صداقة، لە دوای پێغەمبەرایەتی بەرزترین پلەیە…

بەڵام لە پێغەمبەرایەتیدا یەکێکە لە سیفاتەکانیان، لە دوای پێغەمبەر پلەی صدقیەت، لەلایەن خوداوە بە تایبەتی بەخشراوە بە کەسێکی وەک ابوبکر الصدیق، کە سیفاتێکی زۆر نایابە…

ابوبکر الصدیق، عائیشة الصدیقة…

هەمیشە هەر وتوویانە ڕاستگۆیی ڕاستگۆیی…

درۆ چۆن وشەیەکە هاوتای کافرە، ڕاستگۆییش سیفاتی کەسی ئیماندارە،  ڕاستگۆی هاوواتای کەسی ئیماندارە، باوەڕدار دەبێت بەم سیفاتەوە هەستێت و دانیشێت، هەر ئەو سیفاتەش بکاتە ویردی سەر زوبانی…

ئیماندار کاتێک دڵی ڕوو لە ژاکان و ڕەنگپەڕین بێت، کاتێک بە هۆی بای خەزانەوە ئامادەی هەڵوەرین و خلۆر بوونەوە بوو، دەبێت بەو ڕاستگۆی و صداقة هەوڵی زیندووکردنەوەی بدات و بە پێوە ڕایبگرێت…

اَللَّهُمَّ رَحْمَةً تُغْنِينَا بِهَا عَنْ رَحْمَةِ مَنْ سِوَاكَ * اَللَّهُمَّ صَدَاقَةً تُغْنِينَا بِهَا عَنِ الْغِلِّ وَالْغِشِّ يَا أَرْحَمَ الرَّاحِمِينَ، يَا ذَا الْجَلاَلِ وَاْلإِكْرَامِ

لە قورئانی کەریمدا هەر کاتێک باسی کەسانی باوەڕدار دەکات، ڕاستەوخۆ باسی کرداری چاکەش دەکات. ئێمە لە زمانی خۆماندا دەڵێن “عمل”، بەڵام ئوستاد نەجیب فاضل لە کۆنفرانسەکەیدا بە “ئیمان و ئاکسیۆن” ناوی دەبات…

ئیدی نازانم وشەی ئاکسیۆن ڕێک پڕاو پڕی وشەی “عمل” یاخود لە بەرامبەر “فعل” بەکار دێت، گەرچی “فعل” و “عمل” لە یەکتری جودان. فعل واتە ئەنجامدانی کارێک، “عمل” یش ئەوەیە بە هەست و شعوری ئەنجامدانی بەرپرسیارێتیەکەوە هەستی بە ئەنجامدانی کارێک…

کاتێک مرۆڤ باوەڕ بە خودا دەهێنێت، بۆ ئەوەی ئەم ئیمانەی بخاتە ژێر گەرانتی و پاراستنەوە، دەبێت وابەستەی کردار و ئاکسیۆنی بکات. گەر ئیمان کردار و ئاکسیۆنی لەگەڵدا نەبێت، بە پێی تێپەڕینی کات دەپوکێتەوە…

ئیدی بە شێوازێک دەچێتە قاڵبی تەقلید و لاسایکردنەوەوە، بە شێوازێک دەچێتە قاڵبی ڕواڵەت و ڕواڵەتگەراییەوە، لە ڕۆژگاری ئەمڕۆماندا، زۆرێک – با نەڵێم ئێوە- هاوشێوەی کەسانی وەک من، بابەتی ئیمانیان تەنیا لە گاگۆڵکێی ناو دۆڵەکانی ڕواڵەت و شێوە و لاساییکردنەوەدا کورت کردۆتەوە…

مۆرڤ تەنیا لە ڕێگەی “کردار” و  ” کرداری پڕ ئیخلاس و دڵسۆزی” و “کردارێک کە لە ئیخلاسەوە سەرچاوەی گرتبێت”، کردارێک کە ڕەزامەندی خودای بە ئامانج گرتبێت، لە کۆتایشدا کردارێک کە عەشق و تامەزرۆیی گەشتن بە خودای کردبێتە ئامانج، دەتوانێت ئیمانی بە زیندوویی بهێڵێتەوە…

ئیدی گەر لە مرۆڤدا شێوازێک لە دەستەوسانی بەدی کرا، ئیدی ئەمە بە ناوی ئیمانەوە یاخود ئیسلامەوە توشی ببێت،  وەرین و هەڵفڕینی وەک گەڵای وەرزی خەزان کارێکی حەتمی دەبێت!

لە کاتێکدا مرۆڤ بە هۆی ئیمانیەوە دەتوانێت بە سەری درەختەکانەوە هەمیشە شنەی بێت و، ئامێزیشی بۆ شەونمەکان گرتبێتەوە، لە هەمان کاتدا زەردەخەنە بگرێتە بولبولەکانی چواردەوری… مەگەرنا وەک چۆن گەڵاکان هەڵدەوەرن، ئەویش ئاوەها هەڵدەوەرێتە سەر خاک و دەبێت بە پەیین!

لە باوەڕ و هەست و هزردا، چۆن کردار پەیوەندیەکی وەهای لەگەڵ باوەڕدا هەیە، وەک چۆن ئیمان تەحەمولی ئەوە ناکات مرۆڤ دەستەوسان و بێ کردار بێت، کاتێک کارەکانت ڕوو لە تەقلید و لاسایکردنەوە دەکەن، لە هەمان کاتدا لە بابەتی خزمەتی قورئانی و ئیماندا توشی دەستەوسانی دەبێت و ئەمەش فەلاکەت بە دوای خۆیدا دەهێنێت…

   ئەم دەستەوسانیە هەندێک جار بە هۆی خووپێوەگرتن و ڕاهاتن لەسەر هەندێک کردارەوە دروست دەبێت. حەزرەتی پیریش ئاماژەی بەم بابەتە کردووە، دەفەموێت هەندێک جار خوو پێوەگرتن و ڕاهاتن لەسەر هەندێک شت ئیمانی مرۆڤ کول دەکات.

ئەم خووپێوەگرتنە وای لێدەکات بڵێت بەم شێوەیەش دەبێت…

گەرچی مرۆڤ دەبێت هەردەم وەک پەرداخێکی پڕ، ئیمانی لێ هەڵقوڵێت، وەک عاکیف دەڵێت هەردەم ئیمانی سەرڕێژ بکات…

دەبێت بەردەوام ئیمانی لێهەڵبقوڵێت و دڵی سەرڕێژی ئیمان بکات، دەبێت لەو سەرڕێژەی کەسانی تریش سوودمەند ببن، دەبێت بەردەوام سەرڕێژی مرۆڤایەتی لێ بەدی بکرێت، دەبێت هەست و خرۆشانی بەشی هەموو کەسێک بکات…

بەردەوام بەسەریدا بڕژێت، دەبێت لە خزمەتی ئیمانی و قورئانیش بە هەمان شێوە بێت…

وەک وتمان مرۆڤ بێ ئەوەی ئاگای لە خۆی بێت، بە هۆی خووپێوەگرتن و ڕاهاتنەوە توشی دەستەوسانی و ڕاوەستان دەبێت، ئیدی خۆی بە خووپێوەگرتن و ڕاهاتن دەدۆڕێنێت…

دڵ بەم هۆیەوە ڕەنگی دەپەڕێت، لەتیفەی ڕەببانی (دڵ) ئیدی ئەرک و کاری خۆی لە دەستدەدات، کاتێک سەیریان دەکەیت چاوەکانیان لە فرمێسک ڕشتن کەوتووە، تابلۆی شانازی مرۆڤایەتیش فەرمویەتی خودایە پەنات پێدەگرم لە چاوێک کە نەگری…

دەڵێن ئیمامی غەزالیش فەرمویەتی “هەندێک جار ئەوەی فرمێسک دەڕێژێت و ئەوەی ناشیڕێژێت هەر دەدۆڕێت”…

بەڵام پێم وایە ئەوانەی فرمێسک دەڕێژن و دۆڕاویشن، ئەوانەن ڕیا تێکەڵی کارەکانیان دەکەن و لەبەرچاوی خەڵکی دەگرین…

بەڵام ئەوانەی لەبەر عەشق و تامەزرۆیی گەشتن بە خودا دەگرین، ئەوانەی لە دواڕۆژیان دەترسن و دەگرین، ئەوانەی نیگەرانن لە ژیانی دۆزەخ و دەگرین، ئەوانەی لە ترسی دوورکەوتنەوە لە خودا دەگرین، ئەوانەی نیگەرانن لەوەی هەموو سات و ئانێک دڵیان ناڵێت ” الله، الله، الله” و چاوەکانیان فرمێسک دەڕێژێت، ئەمانە هەموویان براوەن…

بردنەوەش هەیە، دۆڕانیش هەیە، بۆیە لەو بابەتەشدا دەستەوسانی و وەستان دەردێکی کوشندەیە، ژەهرێکی کوشندەیە، ژەهرێکە قەهرت بەسەردا دەبارێنیت…

نەفس ئەمانە بەکار دەهێنێت، بە شێوازێکی لێ دێت کە پێشوازی  لە شەیتان دەکات، شەیتانیش وای لێ دێت لەو دەرگا ئاوەڵا کراوەیە دێتە ناو لەتیفەی ڕەببانی  دڵتەوە، دزە دەکاتە ناوی و دەستی بەسەردا دەگرێت…

گەرچی ئەوێ لە ڕاستیدا شوێنی دەرکەوتەی بێ خەوشی جەنابی حەقە…

دڵ بەیتی خودایە پاکی بکەوە لە “بێجگە ئەو”

تا ڕەحمان لە شەواندا بنیشێتە سەر کۆشکی دڵت

هەروەها دەستەوسانی لە ئەنجامدانی خزمەتدا، ئەویش لە خووپێوەگرتن و ڕاهاتنەوەیە، بەڵام لایەنێکی تری بابەتەکە ئەوەیە، کاتێک بەڵا و موسیبەت بە لێزمە دەبارێت بەسەرتاندا، وات لێ دێت دەڵێی ” جا چیبکەین و چیمان لە دەست دێت”، ئیدی بەو شێوەیە دەبێتە تەماشاکاری ڕەوشەکە، لە ڕاستیدا وەهاش نیە…

لەوە دەچێت لە بەرامبەر ئەو شتانەی وەک پیک دەماڵن بەسەر سەرتاندا، پێویست بەوە بکات دان بە خۆتاندا بگرن و ئارامگر بن، بەڵام وەک لە ڕووی زمانەوانیشەوە واتاکەی زۆر بە باشی دەزانن، پێویست بە ئارامگری کارا هەیە، ئێستا وەک حەزرەتی یوسف فڕێ دراوینەتە بنی بیرەکەوە، وەک حەزرەتی یونس لەلایەن ماسیەکەوە قوت دراوین، دەبێت بپرسین کە هاخۆ لێرەدا چیمان پێ دەکرێت، بۆ نمونە دەتوانین ختوکەی سکی حوتەکە بدەین هەتا فڕێمان بداتە دەرەوە، بە پەنجەکانتان هەوڵی دروستکردنی چەند کونێک دەدەن لە بنی بیرەکەدا، هەتا وەک حەزرەتی یوسف دەستی پێوەبگرن، گەر ئێوە تەواوی هیممەتی خۆتان بخەنە گەڕ، ئەمە بە شێوازێک بانگەواز و بانگهێشتکردنی  دەرکەوتنی نهێنی ئەحەدیەتی خودایە لە نوری یەکتاپەرستیدا…

لە کاتێکدا هەموو هۆکارەکان بە ڕووتاندا داخران، وات لێ دێت بڵێی ئیدی من ناتوانم لەم کونە بڕۆمە دەرەوە، تازە منیان فڕێ داوەتە ئێرە، بەڵام خۆ دەبێت شتێک بکەم هەتا بڕۆمە دەرەوە، گەر وەک پاڵەوانەکانی ناو ئەفسانەی یۆنانیەکان بە شاخەکانەوە بمبەستنەوە، دەبێت بە خۆت بڵێی خۆ دەبێت شتێک بکەم  هەتا خۆم قورتار بکەم، لایەنی کەم دەتوانم سەرم ڕابپسکێنم، دەبێت ئەوە پشان بدەن کە قبوڵم نیە وەهام لێبکەن، ئەمەش لایەنێکی تری دەستەوسانیە کە بێ ئەوەی ئاگاتان لە خۆتان بێت ژیانی خۆتانی تێدا دەخەنە مەترسیەوە…

نابێت ڕابوەستیت، تەنانەت لە خراپترین حاڵدا، وەک ئەوەی لە کونی بیرێکدا بیت یاخود لە سکی حوتێکدا، یاخود هەموو لەشتان برین و خوێن بێت، کاتێک دڵیشتان لەو خوێن و برینەدا بوو هەتا دەگاتە سەری زوبانتان، تەنانەت لەو کاتەشدا  نابێت بوەستیت…

دونیای هزر و هەستت لە کاتی برینداربوونی لەتیفەی ڕەببانیت کە دڵتە، دەبێت خەمی ئەوەی بێت کە ناتوانێت بە شێوەیەکی شایستە یادی خودا بکات و بڵێت مَا عَبَدْنَاكَ حَقَّ عِبَادَتِكَ، مَا ذَكَرْنَاكَ حَقَّ ذِكْرِكَ، مَا شَكَرْنَاكَ حَقَّ…

دەبێت بەم پێودانگانە لاوازی خۆمان دەربڕین، بڵێی خودایە ئیدی ناتوانم بە شێوازێکی شایستە بە تۆ هەناسە بدەم، چونکە سەرچاوەی ئەو کارە دڵ بوو، تەرجومانەکەشی زوبانم بوو، هەردووکی بریندار بووە و ناتوانم وەک جاران یادت بکەم، حەزرەتی ئوستاد بەو شێوەیە بەسەرهاتی حەزرەتی ئەیوبمان بۆ دەگێڕێتەوە…

    هەرچیەک ڕووبدات با ڕووبدات، مرۆڤ بە هەزار دەردیشەوە گیری خواردبێت، دەبێت کۆڵ نەدات و لە هەوڵی ئەنجامدانی کار و ئەرکی خۆیدا بێت، گەر تەنانەت بە شتی بچوکیش هەوڵ و کۆششی خۆتان پشان بدەن، گەر ئاکسیۆنێک پشان بدەن، جەنابی حەق بە قودرەتی خۆی وەڵامێکی وەهایان دەداتەوە مەپرسە…

خۆ  ئەوەی لەسەر شانی مرۆڤیشە ئەوەیە ئیرادەی خۆی لەو هەلومەرجەی چواردەوریان داوە پشان بدات.

بە هیچ شێوەیەک مرۆڤ داوای شتێکی لێنەکراوە کە نەتوانێت ئەنجامی بدات و ئەو پاداشتەی وەریشی دەگرێت بارتەقای کارەکانی نیە.

پشاندانی ئیرادەیەک چیە کە لە بەرامبەریدا بەهەشتت پێ بدەن؟! ئیرادە چیە کە بتوانێت مرۆڤێک بگەیەنێتە لوتکەی مرۆڤایەتی؟ ئیرادە چیە کە مرۆڤ بگەیەنێتە پلەی ئەولیا، ئەسفیا، ئەبرار، مقربین؟

بەڵام ئیرادە تەنیا دڵۆپێکە، خۆ گەر ئێوە ئەو دڵۆپە لە شوێنی خۆیدا بەکار بهێنن، بڵێی خودایە هەر هێندەم لە دەست دێت، هێزی من هەر هێندەیە، گەر واتان وت، قودرەتی بێ کۆتای ئەو، خاوەنی ئەو ئیرادە بێ کۆتاییە، خاوەنی ئەو توانا بێ کۆتایە، خاوەنی ئەو زانستە بێ کۆتاییەی هەموو شتێکی گرتۆتەوە، بە گوێرەی گەورەیی خۆی وەڵامی خۆی دەخاتە ڕوو…

لە پڕێکدا سەیر دەکەن ئەو دڵۆپەیەی ئیرادەی ئێوە گۆڕاوە بە زەریایەک… ئەو زەڕە ئیرادەیەی ئێوە بۆتە خۆر و بەرەو باوەشی ئێوە هاتووە…

هەر بۆیە دەستەوسانی شتێکی زۆر مەترسیدارە، وەک نەخۆشیەکی کوشندە وەهایە. هەرچیەک ڕووبدات و بێت، گەر لە هەر چوار لاوە تەوقیان دایت، گەر بکەوینە ناو چنگی بەڵا و موسیبەتەکانەوە، بە ڕای من ئەوەی لەسەر شانمان پێویستە ڕاوێژ بە یەکتری بکەین و، بە ئەقڵێکی سەلارەوە هەنگاو هەڵبگرین، ئیدی کێ لەو بوارەدا خاوەنی ئەقڵ بێت و لە ڕێگەی ئەزمونی ژیانەوە بزانێت کە چۆن هەنگاوێک هەڵدەگریت، لەگەڵ ئەو مرۆڤانەدا دادەنیشیت و باسی تابلۆی بارودۆخەکەی بۆ دەکەیت، دەڵێی ڕێگای ڕزگاربوون لەم بارە چیە؟

دەبێت قسەیان لەگەڵ بکەیت، دەبێت بە تێبینی ڕێزگرتنەوە گوێ لە بیروڕای کەسانی تر بگریت، نەک هەر قسە قسەی خۆت بێت و بەس، نەک بڵێی گەر قسەکانی من جێبەجێنەکەن بەشداری ئەو مەجلیسە ناکەم، ئەمە تێبینیەکی شەیتانیە…

دەبێت شوێنی تێبینی پێغەمبەرانە بکەوین.

کە چوون بۆ غەزای ئوحود، ئایا وتی با بە هاوشێوەی بەدر لە سنورەکانی خۆماندا بمێنینەوە و نەڕۆینە دەرەوە، ئەمەی وت یاخود نا؟ بەڵام زۆرێک لەو هاوەڵانەی بەشداری بەدریان نەکردبوو، وتیان یا رسول الله با بچینە دەرەوەی مەدینە و وەک برا گەورەکانی جەنگی بەدرمان، بە پشتیوانی و کۆمەکی خودا، بۆ ئەوەی بگەینە پلەی بەرزی ئەوان، پێویست بە هەرچی قارەمانیەک بکات پشانی دەدەین.  سەرداریشمان لەبەر ڕێزی بۆ ڕاوێژکردن بە قسەی کردن…

تەنانەت کەسێک بوو بە وەحی پشتیوانی لێکرابوو، خاوەنی فەتانەت و دووربینیەکی گەورە بوو، ملیم بە ملیم دەیزانیت کە چ کارێک لە چ کاتێکدا ئەنجام دەدەیت. دەڵێن بۆ کەسانی عەبقەری شتێک نیە بە ناوی هەڵبژاردن لە نێوان دوو بژاردەدا، چونکە ئەوان لە کاتی ئەنجامدانی کارێکدا کت و مت ئەوە ئەنجام دەدەن کە پێویستە ئەنجامی بدەن…

جا ئیتر عەبقەریەت لە بەرامبەر فەتانەتی پێغەمبەردا چ نرخێکی دەبێت…

سەرەڕای ئەوەی فەتانەتێکی بەو شێوەیەی هەبوو، سەرەڕای ئەوەی تێڕوانینێکی فراوانی هەبوو، سەرەڕای ئەوەی بە وەحی پاڵپشتی کرابوو، لەوێدا ڕێز لە ڕاوێژی چەند گەنجێکی بچووک لە خوار تەمەنی خۆیە دەگرێت و بە قسەیان دەکات…

پێشتریش قسەی ئەو موفەسیرە گەورەیەم دووبارە کردۆتەوە، ئێستاش دووبارەی دەکەمەوە، گەر بیشیزانیایە خۆی و هەموو ئەوانەی لە چوار دەورین بە هۆی ئەو بڕیارەوە شەهید دەبن، لەبەر خاتری ڕاوێژکردن دووبارە هەمان بڕیاری دەدایەوە…

چونکە ڕاوێژکردن یاسایەکی ئاینیە…

هەرکەسێک ئەو یاسایە بەکار بهێنێت فریو ناخوات، نابێت هەر قسە قسەی خۆت بێت، بۆ نمونە خۆت سەد لە سەد لەسەر حەق دەبینیت، هەروەها بڕیارەکەشم لە ڕووی قورئان و سونەتەوە هەڵسەنگاندووە و تەواوە، بەڵام کاتێک باسی بڕیاری خۆم دەکەم لەگەڵ ٤ برای خۆم، ٣ کەس لەوان بە پێچەوانەی منەوە قسە دەکەن، بەڵام سەیری دەموچاویان و بیلبیلەی چاویان دەکەم، لە هەموو گیانیانەوە باوەڕ هەڵدەقوڵێت، ئەوەی لەسەر شانمە واز لە ڕاکەی خۆم بهێنم، بە گوێرەی بڕیارەکەی ئەوان هەنگاو هەڵبگرم. دەبێت هێندەی ئەوەی ئەمە بڵێیت مرۆڤ بیت. بمبەخشن کە ئەمە بەکار دەهێنم، پێچەوانەی ئەمە کارێکی ئاژەڵیانە دەکەیت…

مادام تابلۆی شانازی مرۆڤایەتی بڕیارێکی لەو جۆرەی داوە، دەبێت ئێمەش هەمان شت بکەین.

ئێستا بۆ ڕزگاربوون لەو تەنگژەیەی چواردەوری داوین، یەکەم شت ئەوەیە ڕاوێژ بە ئەقڵی سەلاری ئەو کەسانە بکەین، کە بە ڕاستی دڵیان بەم بانگەواز و پەیامە داوە…

خودا بە گەورەیی خۆی ماوەی یەک سەدەیە، بە شێوازێکی تریش ماوەی ٣٠ تا ٤٠ ساڵە، بە گۆڕینی ڕەنگ لە دوای ڕەنگ، بە گۆڕینی شێواز لە دوای شێواز، بە گۆڕینی کاڵا لە دوای کاڵا، هەتا ئەمڕۆی هێناوین، سەردەمانێک ٥ تا ١٠ کەس لە ماڵێکدا کۆ دەبوونەوە و کتێبتان دەخوێندەوە، سەردەمانێکیش ژمارەیان زیاتر بوو، دواتر لە پڕێکدا وەک ئەوەی باز بدەن، بەشی ناوخۆییتان کردەوە و بە کۆمەڵ لەگەڵ خەڵکدا مامەڵەتان دەکرد، دواتر هەلومەرجی بۆ ڕەخساندن خوێندنگەتان کردەوە،  هەلومەرجی بۆ ڕەخساندن کەسانێکتان پێگەیاند و ئەوانیش کەسانێکی تریان پێگەیاند…

دواتر دەستان کرد بە کردنەوەی زانکۆکان، کاتێک کەسانێکیش لە زانکۆکان پێگەشتن و چووینە دەرەوەی وڵات، وتمان ئەوەی لە ناوخۆی وڵات جێبەجێمان کرد، بە پشتیوانی خودا لە دەرەوەی وڵاتیش جێبەجێی دەکەین…

هەتا هەلومەرجەکە دەستی دا، کرانەوە ڕوویدا، لەوە دەچێت لەم بابەتەشدا توشی دەستەوسانی بوو بێتین. لەوە دەچێت ئەو ئیمکانیەتەی خودای گەورە بۆی فەراهەم هێنابووین، لە شوێنی خۆیدا بەکارمان نەهێنابێت. بەڵام خودا دڵۆپێکی کرد بە دەریایەک، زەڕڕەیەکیشی کرد بە خۆر، دەبێت ئەم کارانە بۆ ئەو بگەڕێنینەوە.

ئێستا بۆ ڕزگاربوون لە چنگی ئەو بەڵا و موسیبەتانەی زاڵمان بەسەرمانیاندا سەپاندووە، دەبێت لە پلەی یەکەمدا ڕاوێژ ئەنجام بدەین، دەبێت بیر لەوە بکەینەوە کە چۆن ڕزگارمان دەبێت لەم بارودۆخە…

دووهەم شت ئەوەیە: دەبێت بزانین ئێمە شتێکمان کردووە کەوا خودا بە موستەحەقی ئەم تاقیکردنەوەیەی زانیوین، هەر بۆیە خودا بەو بەڵایە ئێمە تاقی دەکاتەوە…

ئەگەر هەیە هەندێک لە ئیمکانیەتی خۆمانمان بە باشی بەکارنەهێنابێت، بەکارنەهێنانی ئیمکانی خۆت، بە واتای ئیسراف لە ئیمکانیەتەکانتدا دێت، بۆ نمونە دەبێت لە خۆمان بپرسین کە بۆچی ڕۆژانە ١٥ کاتژمێر کارمان نەکرد…

لەبەرچی هەندێک جار ڕێگەی ماڵی خۆمانمان لەبیر نەکرد، لەبەرچی هەندێک جار ناوی هاوسەرەکانمان لەبیر نەکرد، لەبەرچی هەندێک جار کەسە نزیکەکانی خۆمان وەک یەکێک توشی نەخۆشی لەبیرچوونەوە بووێت لە بیر نەکرد و پێیان بڵێین ئەرێ ئێوە کێن بۆ تا ئێستا نەمدیون؟

ئەو بابەتە هەتا ئەم ڕادەیە ڕێگەی تێدەچوو، کەواتە ئێمە لەو بابەتەدا بە گوێرەی چوارچێوەی بابەتەکە هەڵنەستاوین بە ئەرکی خۆمان و، یاخود نەمانتوانیوە ئەرکەکانمان ئەنجام بدەین،  جەنابی حەق پێمان دەڵێت ئەقڵتان بێننەوە سەر خۆتان، بە چ حەقێک ئەو ئیمکانیەتەی پێمبەخشیبوون ئیسرافی تێدا دەکەن، من ٢٤ کاتژمێر کاتم بە ئێوە بەخشی، ژیانم بە ئێوە بەخشی، هەروەها ئەو شوێنانەم بە ئێوە بەخشی کە خۆتان تێدا پەروەردە کرد…

لە هەمان کاتدا کەسانێکمان پێ بەخشین کە تیشک بخەنە سەر ڕێگای پێغەمبەران و ڕێچکەی ئەوانتان بۆ ڕوون بکەنەوە، لە سەرەتای سەدەوە، کەسێکی گرنگم وەکو ڕابەر بۆ ناردن، لەبەرچی ئەم ئیمکانیەتانەتان ئیسراف کرد؟ لەبەرچی بە شیوازێکی قازانجهێنەر بەکارتان نەهێنان.

ئەمەی ئێستا ڕوو دەدات جۆرێکە لە گوێ ڕاکێشان.

دەبێت بەم شێوەیە سەیری بابەتەکە بکەین و، گەر لە ڕابردوودا کەمتەرخەمیەکمان هەبێت، گەر فەرامۆشی ئەوەمان کردبێت یەک بکەین بە هەزار، گەر مەجالی ئەوەمان هەبووبێت بابەتەکە زیاتر ببەینە پێش و کەمتەرخەمیمان تێدا کردبێت، پێم وایە لەمەودوا بۆ ئەوەی نەکەوینە هەمان هەڵەوە، مادام خودا ئاگاداری کردینەوە، با واز لە دەستەوسانی بهێنین و گێڕی ڕۆشتنمان بگۆڕین و ، گێڕی ٤ بکەین بە ٨، هەشتیش بکەین بە ١٦، شانزەش بکەین بە ٣٢، خێراتر و خێراتر بڕۆین…

بە خێرایی فڕۆکە بڕۆین، هەرچی خواستی خودا بێت بەرەو ئەوە بکەوینە ڕێ…

وەک جاران دەیانوت ڕێگات ڕەوان بێت، “یۆڵ” لە زمانی ئێمەدا واتە ڕێگا، ڕەوانیش لە فارسیەوە هاتووە.

دەبێت بە ڕەوانی بکەوینە ڕێ، مادام خودا ئەم لوتفانەی لەگەڵ ئێمەدا پشان داوە، ئەم ئیمکانیەتەی بە ئێمە داوە، دواتر چووینە هەر شوێنێک، ئێستا کاتێک دەڕۆنە هەندێک شوێن، لەبەر ئەوەی سەریان لێشێواوە، هەندێک کۆسپ دێتە سەر ڕێگاتان، بەڵام دڵنیابن لەو شوێنانە هەندێک کەس پێگەشتوون، کە هەڵگری هەست و هزری ئێوەن، هەر بۆیە تەنیا دامودەزگاکانیان داخستن، ئەم بەدبەختیەش لە وڵاتانی ئیسلامی ڕوویدا…

لە شوێنەکانی تر ڕووینەدا، بە شتێک فریویان خوارد، نوێنەرانی فیتنە و فەساد و زوڵمیان وەک موسوڵمانی ڕاستەقینە لە قەڵەمدا، فاسق و زاڵم و دووڕووانیان بە موسوڵمانی ڕاستەقینە لە قەڵەمدا…

 

توشی وەهم و خەیاڵی ئەوە بوون کە ئەو کەسە دەتوانێت هەموو جیهانی ئیسلام لە ژێر یەک چەتردا کۆ بکاتەوە…

هەر لەبەر ئەوەش لەو وڵاتانەدا کلیلیان لە دەرگای ئەو دامودەزگایانەی بزاڤی خزمەت دا. دەرگاکانیان داخست. بەڵام لەو وڵاتانە کەسانێکی پێگەشتوو بوونی هەیە. گەر ئەمڕۆش نەبێت سبەینێ، دەڵێن کورە بۆ خاتری خودا ئەم مرۆڤانە هاتوون لە وڵاتی ئێمە، ماوەی ٣٠ گوێمان لە لەرەی دڵیان گرت. وەک پزیشکێک گوێمان لە ڕیتمی دڵیان گرت. هەرگیز گوێمان لە لەرەیەکی ناڕێک نەبوو.        هەمیشە دڵیان بە ڕێکی لێی دەدا، دڵیان بۆ ڕاستگۆیی لێی دەدا، لەو شوێنانەی لێی دەژیان بە شێوەیەک تێکەڵی ئەو کۆمەڵگایانە بوو بوون، وامان دەزانی بەشێکن لە خۆمان، تەنانەت فێری زمانی ئێمەش بوو بوون. زمانی ئێمەیان بەکار دەهێنا لە کاتی قسەکردندا. لای ئێمە قسەیەک هەیە دەڵێت ” کشەیان لە مریشکی کەس نەکردبوو”.

ئەمانە دەڵێن هەر ڕۆژێک بێت، ڕۆژێک وەفا ئەم قسەیەیان پێ دەکات، ئەو کاتە ئەو تۆوانەی ئێوە چاندبووتان، لە شوێنی خۆی بەردەوام دەبێت…

واتە ئەو وێرانکاریەی ئەنجامیانداوە، وەک وێرانکاریەکی کاتی لێ دێت…

دواتر کاتێک زیندوو بوونەوەی دوای مردن خۆی پشاندایەوە، بە هۆی ئەو گرێ دەروونیەی لە هەندێک کەسدا  هەیە، توشی جەڵتەی مێشک دەبن…

دەڵێن ئێمە هێندەی هەوڵی شەیتانانەمان دا، بەڵام ئەمانە شەیتانیش دەتەقێنن، ئێ گوناح نیە ئەویش دروستکراوی خودا نیە!!!

لەبەرچی دڵی شەیتان دەتەقێنن!

بەڵام دڵی شەیتان دەتەقێنین أَعُوذُ بِاللهِ مِنَ الشَّيْطَانِ الرَّجِيمِ * رَبِّ أَعُوذُ بِكَ مِنْ هَمَزَاتِ الشَّيَاطِينِ، وَأَعُوذُ بِكَ رَبِّ أَنْ يَحْضُرُونِ * اَللَّهُمَّ اسْتُرْ عَوْرَاتِنَا وَآمِنْ رَوْعَاتِنَا؛ اَللَّهُمَّ احْفَظْنَا مِنْ بَيْنِ أَيْدِينَا وَمِنْ خَلْفِنَا، وَعَنْ أَيْمَانِنَا، وَعَنْ شَمَائِلِنَا، وَمِنْ فَوْقِنَا، وَنَعُوذُ بِكَ بِعَظَمَتِكَ أَنْ نُغْتَالَ مِنْ تَحْتِنَا، يَا أَرْحَمَ الرَّاحِمِينَ

بەڵێ ئەو تۆوە چێندراوانە، ئەو نێونەمامە چێندراوانە، بە پشتیوانی و کۆمەکی خودا، بە شێوازێک کاتێک وەرزی خەزان تێدەپەڕێت، تۆوە زستانەکان، ئێستا زستانە، لەوە دەچێت لە هەموو شوێنێک نەبێت، لە هەندێک شوێن بەهاران تۆو دەکەن، ئەوانە دەخەون، دواتر لەگەڵ یەکەم شنەبای بەهاردا، ئەو تۆوانە سەر دەردەهێنن، بەڵام ئەو توانانەی لە پایزدا دەچێنرێن، پێیان دەڵێن تۆوی زستانە، ئەوانەی لە بەهاریشدا دەچێنرێن، پێیان دەڵێن تۆوی بەهارانە، ئێوە هەموو ئەو تۆوانە وەک تۆوی زستانە ئەژمار بکەن، لەو شوێنانەی ڕواندتان بەفر و کڕێوە لێیدان، نەیاندەزانی وای لێ دێت…

لە هۆنراوە سەر تابلۆ هەڵواسراوەکاندا هاتووە:

نەیاندەزانی و دووبارە ناشیزانن

نازانن لە دوای بەفر و کڕێوە بەهارێک دێت

ئەوە نازانن کە زستان و بەفر  و کڕێوە، لە ئامێزیدا نەوبەهارێکی هەڵگرتووە و پەوەردەی دەکات…

نەیاندەزانی کە بەفر دەبارێتە سەر خاک و دەچێتە ژێری، دەبێت بە هێز بۆ تۆوەکان هەتا سەر دەرکەن، ئەمە بەو شێوەیەیە…

گەر ئێمە بەم تێبینیانەوە و لەم چوارچێوەیەدا خۆمان نوێ بکەینەوە، بە پشتیوانی خودا، لەو ڕێگەیەدا دەست لە دەستەوسانی هەڵبگرین و، عەزم و بڕیاری بەردەوامبوونمان دەخەینە گەڕ…

ئیدی نازانم خێراییمان دەکەین بە ٣٢، یاخود ٦٤ ، تا چەندە بتوانین دەیگەیەنینە ئەو ڕادەیە…

ئیدی خێرایی موشەکەکان بێت یاخود فڕۆکەکان، دەیگەیەنینە ئەو ڕادەیە و بە پشتیوانی و کۆمەکی خودا لەسەر رێگای خۆمان بەردەوام دەبین…

بەڵام ئەم دەستەوسانی و بێ چارەییەی ئێستا، وەک دانەی داوە، دەبێتە هۆی دەستەوسانی تۆوەکانی ژێر خاک، وایان لێ دەکات بڵێن ئەوانەی وێرانکاریان ئەنجامدا لەسەر حەق بوون، دەڵێن سەیرکە خۆشیان باوەڕیان بە بابەتەکە نەبوو، هەر بۆیە دەستیان لێهەڵگرت. خۆیان ئەوەیان قبوڵ کرد کە دۆڕاون. بێ ئومێدی لەمپەرە لەبەردەم هەموو کامڵ بوونێک…

بێ هیوایی نشێوییەکی وەهایە بکەویتە ناوی دەخنکێیت

دەست بگرە بە عەزمتەوە بە توندی با هەرچیەک ڕوو بدات

ئەوەی ژیا هەر بە هیواوە بووە

کەسی بێ هیوا رۆح و ویژدانی لە دەستداوە

هەمیشە بزاڤ و جوڵە، ئیمان گەر بە کردار ئاوی نەدەیت، بێ ڕەنگ دەبێت، وەک گەڵاکان هەڵدەوەرێت، لە جیاتی ئەوەی لەبەردەم گوڵ و خونچەکاندا بگەشێتەوە، دەوەرێتە سەر خاک و دەبێت بە پەیین!

دواتر مەحکوم دەبیت بەوەی لە ناخی خاکدا ببیت بە پەیین…

بۆ ئەوەی نەبین بە پەیین، لە دوای ئیمان پێویستمان بە کردار دەبێت، تەمومژ و مەترسیەکانی دەستەوسانی، بە ڕای من لە ڕێگەی ئیمان و کردارەوە دەڕەوێتەوە، لە کردەوەشدا پێویستمان بە دڵسۆزی و ئیخلاس دەبێت، لە ئیخلاسیشدا ڕەزامەندی خودا دەکرێتە ئامانج، لە ڕەزامەندی خوداشدا عەشق و تامەزرۆیی گەشتن بە خودا دەکرێتە ئامانج.

بەردەوام رۆشتن، بەردەوام ڕێ تەیکردن، بەردەوام ڕۆشتن…

گەر بەردەوام نەبیت لەسەر رۆشتن، مرۆڤ مەحکوم دەبێت بەوەی بەردەوام بتلێتەوە، پێویستە بەردەوام بیت لە ڕۆشتن، هەتا دووچاری ئەوە نەبین بە بەردەوامی بتلێینەوە… والسلام…

 

 

 

 

 

 

Show More
Back to top button