بیروڕاهەواڵ

ئیمان و هیوا!

ناجی قەرەداغ

پەیوەندی ڕاستەوانەی نێوان ئیمان و هیوا، لەم قۆناغەی ئێستادا و لە ڕێگەی ئەوەی تێیدا دەژین درکی پێدەبەین.

ئاسان نیە کەوا ئیمان بخەیتە ژێر تاقیکردنەوە، بەڵام دەتوانین هیوامان بخەینە ژێر تاقیکردنەوە.

ئەوەی هیوای هەبێت ئیمانیشی هەیە و، سەبارەت بە پەیوەندی ڕاستەوانەی نێوان ئەم دوو چەمکە، هێندەی ئەوەی پێشبینی نەکەین پەیوەندیەکی قوڵیان لە نێواندا هەیە.

 

هەربۆیە مرۆڤێکی ئیماندار نەک ئەوەی باسی بێ هیوایی بکات، بەڵکو بە گوێرەی جەمیل مەریچی ڕەحمەتی، مافی شتێکی وەهاشی نیە.

بەکر بەرک – جێگای بەهەشت بێت – لە وتارێکیدا دەڵێت ” ئیمانداری ڕاستەقینە ناکەوێتە بێ هیواییەوە”.

ئەندرە برەتۆنیش دەڵێت” هیوا مەرهەمی هەموو ئازارەکانی مرۆڤایەتیە”.

حەزرەتی بەدیعوزەمانیش لە شاکارە گەورەکەی خوطبەی شامیەدا، هیوابڕاوی بە نەخۆشی شێرپەنجە دەچوێنێت. بە گوێرەی نورسی یەکێک لە چوار نەخۆشیە کوشندەکە بریتیە لە هیوابڕاوی. هەروەها پێشی وەهایە ئەم نەخۆشی ژیر پەنجەیە هەموو گەلان و ئومەتی ئیسلامی گرتۆتەوە. ئوستاد دوای ئەوەی هیوابڕاوی بە بەهانە و گوناحی کەسە کۆڵەوار و ترسنۆکەکان ناو دەبات، پاشان بەم شێوەیە هاوار دەکات:” بژی صدق، بمرێت هیوابڕاوی، خۆشەویستی با هەر بەردەوام بێت!”.

لەوەدەچێت هەر بەم هۆیەشەوە بێت، خوێندنکارەکانی پەیامی نور بەهۆی ئەم پێکهاتە هزریەیانەوە، خاوەنی تێشوویەکی وەها بوون کە تەنانەت بتوانن لە تاریکترین تابلۆوە حیکمەت و دانایی هەڵبچۆڕێنن و لە کەسە “نەبەزیوەکان” پێکدەهاتن.

دوای کۆتایی دەسەڵاتی تاکە پارتی دەسەڵات، مێدیای جیاواز جیاواز شوێنی مێدیای سەر بە دەسەڵاتیان گرتەوە و، بە شێوەیەکی ڕێژەیش بێت، توانییان ببنە دەنگی خەڵکی چەوساوە و ڕۆژنامەیەکی وەک حوڕئادەم(پیاوی ئازاد) دەستی بە بڵاوبوونەوە کرد.

ئەم ڕۆژنامەیە بە شێوەیەکی گشتی، پشتگیری لە کەسانی باوەڕدار و چینی چەوساوەی ژێر دەستی دەسەڵات دەکرد. لە ژمارەیەکی ئەو ڕۆژنامەیەدا باس لە بێ هیوایی دەکرێت و ڕۆژێکیان لە مانشێتدا دەنوسن” هەموو ئومەت هیوابڕاوە، تەنانەت حەزرەتی بەدیعوزەمانیش!”.

بەکر بەرک هەر ئەم دێڕەی بەرچاو دەکەوێت، یەکسەر پڕ بە پێنوسەکەیدا دەکات و دەڵێت” حەزرەتی بەدیعوزەمان هەرگیز توشی هیوابڕاوی نەبووە”.

ئەم چەند دێڕە بەشێکە لەو وتارەی بەکر بەرک کە دەڵێت :” بە هەرحاڵێک بێت پێموایە بە هەڵە ئەم چەند دێڕەیان نوسیوە. لە ڕاستیشدا کەسێک خاوەنی ئیمانی ڕاستەقینە بێت، توشی هیوابڕاوی نابێت. تەنانەت لەو کاتەی فەرمانی لە سێدارەدانیشی بۆ دەرکرابوو وتی: “گەر هێندەی تاڵەکانی قژم سەرم پێوەبێت و هەموو ڕۆژێک دانەیەکیان ببڕن، ئەوا دەڵێم هەموویان بە قوربانی حەقیقەتە قورئانیەکان ببن و ئەم سەرەم هەرگیز بۆ زەندیق و کوفرە ڕەهاکان نەوی ناکەم؛ دەستبەرداری ئەم خزمەتە نورانی و ئیمانیە نابم. ئەوەی خەفەت بە من دەدات تەنیا ئەو مەترسیانەیە کە ڕوویان لە جیهانی ئیسلام کردووە. جاران مەترسیەکان لە دەرەوە دەهاتن، هەربۆیە بەرگریکردن لێیان ئاسان بوو. بەڵام ئێستا مەترسیەکان لە ناوەوە دێن، گورگ خۆی کردووە بە ناوی پێستماندا و بەرگری وەک کارێکی دژواری لێهاتووە. ترسی من ئەوەیە کۆمەڵگا بەرگەی ئەمە نەگرێت. چونکە درک بە دوژمنەکەی نابات؛ شادەماری ژیانی دەپچڕێنێت و خوێنی دەمژێت، بەڵام هەر پێیوایە گەورەترین دۆستێتی. گەر چاوی کۆمەڵگا بەم شێوەیە کوێر ببێت، قەڵای ئیمان لە مەترسیدایە. هەربۆیە تەنیا و تەنیا خەم و ناسۆری من ئەم بابەتەیە. ئەگەرنا من تەنانەت کاتی بیرکردنەوەم نیە لەو زەحمەت و مەشەقەتانەی توشی خۆم بوون. خۆزگە هەزار هێندەی ئێستا توشی ناڕەحەتی و مەشەقەت بوومایە، بەڵام قەڵای ئیمانی ئومەت لە سەلامەتیدا بووایە!”، هەربۆیە باسکردن لەوەی بریگرتەکەم توشی هیوابڕاوی بووبێت، قسەیەکی هەڵەیە”.

جێگای بەهەشت بێت، وەک شاعیرێکی خەمخۆر، یەکێک لەو سیفاتانەی بە هۆیەوە ناسراو بوو ئەوە بوو کە هەرگیز توشی هیوابڕاوی نەبووە، تەنانەت لە دژوارترین و سەختترین هەلومەرجەکانیشدا هەر پر هیوا بووە. ئەو هیچ کاتێک و لە ژێر هیچ هەلومەرجێکدا توشی هیوابڕاوی نەبووە و هەردەم ئەرکی مێژووی بە بیری هاوڵاتیانی خۆیدا هێناوەتەوە.

نەجیب فازڵ تەنانەت لە زیندانەوە هاواری سبەینێ ڕۆشنەکانی کردووە و هەمیشە موژدەی بەسەر چواردەوریدا بەخشیوەتەوە.

 

نزا، نزا، بەری دەستمان خوروی تێکەوتووە

ئەستێرەکان لە مشتمان و ئاسمانیش پارچە پارچە بووە

فرمێسکی چاوەکان وەک کێڵگە

 هەموو هەناسەکان چەشنی شەوەرگ گوڵیان گرتووە

بوغردێکە و دوکەڵی لێهەڵدەستێت

چەشنی تاڵە دەزوو، تەنک و باریک، بۆشایەکان دەچنێت

ئەم قاوشی زیندانی ئێمە، چەشنی ڕەحمی دایک

لە تاریکیەکەیدا نور و دەنگی نوێی لە دایک بوونی تێدا دەبیستم

هەستە و پەلامار بدە!

تۆ دێویت و ئەرکی دێوەکان سەختە

هەستە سەرپێ و ڕێک و قنج بە پێوە بوەستە

حەمەکەم، دڵخۆشبە، سەرەکان لە سەرەوەن!

گەر بشمرین دڵخۆشبە و گەر گەڕاشینەوە بۆ ماڵەوە

وا مەزانە ئەم تایەیە لەم هەورازەدا دەچەقێت

بەیانی بۆ ئێمەیە، بەیانی بۆ ئێمە!

ڕۆژئاوا بووە یاخود هەڵهات، ئەبەد هەر بۆ ئێمەیە!

وابزانم هەر بەو هۆیەوەشەوە کاتێک زاڵمان دەبینن کەوا سەرەڕای ئەوەی هەموو شتێکیان لە دەست کەسە بێ گوناحەکان دەرهێناوە جگە لە هیواکانی ناو دڵیان، هەمیشە و هەردەم بە دوای فێڵ و تەڵەکەی تازەوەن.

 

لەناوچێت هیوابڕاوی…

 

 

 

 

 

 

Show More
Back to top button