هەواڵ

ئیدی بەرگری کردنتان لە ئێردۆغان زۆر ئەستەم دەبێت حەسەن جەمال

 

 

لە دوێنێوە سەیری کەناڵەکانی سەر بە کۆشک دەکەم.

بەڕاستی وەزعێکی خراپ و پڕ لە ناسۆریان هەیە.

خەریکی تەپاوتلن.

پێچ بە خۆیاندا دەهێنن کەوا بەرگری لە سەرۆک بکەن، یاخود خۆیان وا دەرخەن کە بەرگری لێ دەکەن.

بەڵام هەوڵێکی بێ هوودەیە، هەرچی بڵێن سوودی نیە.

چونکە هێزی متمانە پێکردنیان نزیکە لە سفر.

لەلایەک ڕونکردنەوەکانی کەڵچدارئۆغلو، لەلایەک ئەو بۆنەی لە نیویۆرکەوە هەڵدەستێت.

هەردولا کۆشکیان بە خۆیانەوە تۆقاندوە.

ئێردۆغان بەو هۆیەوە تا بێت زیاتر دەقیڕێنێت، تا دێت ئسلوبی خۆی زیاتر دەشێوێنێت.

بەکرێگیراوەکانی کۆشکیش لەگەڵ ئەودا هەڵدەستن بۆ پەلاماردان.

وا دەزانن چەندە زیاتر بقیڕێنن، چەندە زیاتر سوکایەتی بکەن، هیندە زیاتر لەسەر حەق دەنوێنن.

بەڵام بێهودەیە هەوڵەکەیان و خۆیان فریو دەدەن.

سەرۆکی جەهەپە ئەوەی ڕوونکردەوە، کە کوڕی ئێردۆغان، براکەی، خەزوری، لە ماوەی ٢٠ ڕۆژدا ١٥ ملیۆن دۆلاریان ناردوە بۆ کۆمپانیایەکی دوورگەی مان.

ئەمەشی بە بەڵگەوە ڕوونکردەوە.

دوای ئەوەی ئاماژەی بەوەکرد کە ئەمە بابەتێکی ئەخلاقیە پاشان وتی:

”دەبێت کاربەدەستانی دەوڵەت نمونە بن بۆ هاوڵاتیانی خۆیان، تۆ بە هاوڵاتیان دەڵێیت “باج بدەن”، گەر نەیدا سزای دەدەیت، کەچی خۆت دەجیت لە دوورگەی وڵاتانی دەرەوە کۆمپانیا دروست دەکەیت و بە منداڵ و کەسە نزیکەکانت دەڵێیت بڕۆن لەوێ پارەکانتان دابنێنن.

دواتر دەچیت لە شاری قەیسەری بە هاوڵاتیان دەڵێیت” دۆلارەکانتان ورد بکەنەوە، لیرەی تورکی زۆر بە نرخە، ئێمە میللی و خۆماڵین”، تۆ نە میللیت نە خۆماڵیت، تۆ نا میللیت، ئەوەی لەبەردەم ناحەقیەکاندا بێدەنگە، شەیتانێکی بێ زمانە”.

 

ئەمە باش بزانن:

کۆرسی جەماعەتی “بەڵگەکانی کڵچدارئۆغلو ساختەیە”، دەنگی ئێوە ناتوانێت بەر بە دەنگی کڵچدارئۆغلو بگرێت.

چونکە دەنگی ئەو، ئەوەمان پشان دەدات کە کۆشک لە چەند ساڵی ڕابردودا چەندە بەلاڕێدا ڕۆشتوە و چەندە خۆی لەکەدار کردوە.

بەلاڕێدا ڕۆشتن و خۆ لەکەدار کردن، لە نیویۆرکیشەوە دەخرێتە بەر دەممان.

دۆسیەی نیویۆرک ئەوەمان پشان دەدات کە ١٧ و ٢٥ ی کانون، یەک ڕەهەندی نیە و ڕەهەندی بەرتیل و گەندەڵیشی لەگەڵدایە.

ئەو دۆلارانەی لە قوتوی قۆنەرەکانەوە هەڵڕژان،

ئامێری بژاردنی پارە لە ژوری کوڕی وەزیرەکان،

چەندین دەستە پارە کە لە قوتوی چکۆلەتەدا کە وەک بەرتیل دەنێردران، سەعاتی دەست، تۆمارە دەنگیەکان، ئەمانە هەر هەمووی دووبارە سەر ئاو کەوتن.

سەیرکەن:

گەر دۆسیەی گەندەڵی و بەرتیل لە نیوان ساڵی ٢٠١٣ و ٢٠١٤ بە زەبری لێدان لە سەروەری یاسا دانەخرایە،

٤ وەزیرەکەی ئاکەپە بۆ دادگای باڵا بنێردرانایە،

رەزا زەراب لە بەردەم دادگادا ئامادە بووایە،

گەر ئێردۆغان ڕێگەی ئەمەی بکردایەتەوە، ئەوا ئەمڕۆ لە نیویۆرک ئەم دۆسیەیە نەدەکرایەوە.

بە پێچەوانەوە ئێردۆغان وتی ئەمانە کودەتان و دۆسیەکەی داخست.

بێگومان هەوڵی کودەتا هەبوو، بەڵام دۆسیەی گەندەڵی و بەڵگەکانیشی ڕاست بوون.

ئێستا تەواوی ئەمانە دووبارە بە بێ ئەوەی بەریان پێ بگرێت سەر ئاو کەوتنەوە.

پێناسەی ئەمە، لەکەداربوون و لە ڕێگە لادانی سیاسەتمەدارانە.

ئێردۆغان دوای ١٥ ساڵ حوکمڕانی، گەشتۆتە ئەم خاڵە.

هەر لەبەر ئەوە بانگتان لێ دەکەم،

هێیی، هەمووتان باش گوێ بگرن،

دوای ئەم ساتە، ئیدی بەرگریکردنتان لە ئێردۆغان زۆر دژوار دەبێت.

Show More
Back to top button