نوسەرانوتار

ئۆیا بایدەر: ئایا عەقڵ و ویژدان و تێگەشتنتان، بە نان و پەنیرەوە خواردووە؟ 

نوسینی: ئۆیا بایدەر

ڕۆژنامەنوس ئۆیا بایدار

نزیکی ساڵ و نیوێک بەسەر هەوڵی کودەتاکەی 15ی تەمووزدا تێپەڕیووە. لە ساتی دەست پێکردنی باری نائاساییەوە تا ئێستا 168 هەزار و 801 کەس ڕێکاری یاساییان لەگەڵ گیراوەتە بەر، زیاد لە 50 هەزار زیندانی کراو هەیە.

ئەم ژمارانە ئاماری فەرمی وەزارەتی دادن. ئەگەر شەپۆلەکانی گرتن و دەستگیرکردن وەک ڕۆژانی سەرەتایان خێراش نەبن، بەڵام هێشتا بە شێوازێکی ڕێکخراو بەردەوامیان هەیە.

ئۆیا بایدەریش لە نووسینیەکەیدا لە ماڵپەڕی T24 سەبارەت بە پێشێلکارییە یاساییەکان و ئەو بڕە سزایەی دیاری دەکرێت بۆ زیندانیان ئەم پەندە بەکار دەهێنێت “یا هیچ ژماردن نازانن یاخود هیچ لێیانتان نەخواردووە”، هەروەها دەڵێت:

” کاتێک خواستی داواکارە گشتییەکانی سکاڵاکانی دوای 16ی تەمووز و ئەو سزایانەی لە دادگاکاندا دراون دەبیستین و دەخوێنینەوە؛ کاتێک دەڕوانین؛ ژمارەی “ئەو مردووانەی کەوتوونەتە بەردەست” وەک تاکە چارەسەر و سەرکەوتن لە کێشەی کوردا نیشان دەدرێن، کاتێک ژمارەی ئەو کەسانەی لە سەردەمی باری نائاساییدا لە کارەکانیان دوور خراونەتەوە، ئەوانەی خراونەتەوە زیندانەکانەوە، ئەوانەی بێ ئامادەکردنی سکاڵانامە زیاد لە ساڵێکە خراونەتە بەندینخانەکان،  ژمارەی ڕۆژنامە نووسە دەست گیرکراوەکان، سیاسییەکان و بڕی ئەو سزایانەی داواکراون هەژمار دەکەین، خۆم پێ ناگیرێت نەڵێم: “بەڕێزان؛ ئەرێ نازانن ژماردن ئەنجام بدەن یاخود عەقڵ و ویژدان و تێگەشتنتان بە نان و پەنیرەوە خواردووە ؟”

هەفتەی پێشوو هاوسەرۆکی پارتی هەدەپە ‘سەلاحەدین دەمیرتاش’ کە یەک ساڵە زیندانی کراوە، لەگەڵ هاوسەرۆکی پێشووی هەدەپە کە لە کاری پەرلەمانتاری دوور خراوەتەوە، دادگایی کران.

داوای 250 ساڵ و 350 ساڵ زیندانی بۆ ئەم دوو هاوسەرۆکە دەکرێت. دوێنێش هەر یەک لە نووسەر؛ ئەحمەد ئاڵتان، براکەی کە مامۆستای زانکۆیە؛ مەحەمەد ئاڵتان و ڕۆژنامە نووس؛ نازلی ئیلیجاک بەو داوایەی پێی دادگایی کران، داوای سزای توندی هەتاهەتاییان بۆ کرا.

بایدەر زیاتر دەڕوات و ئەم شتانە بە بیر دێنێتەوە:

“وەک کەسێک کە لە تەمەندا سێ جار کودەتای بینیبێت، زۆر جار دادگایی کراوە، زۆر کەسی لە دادوەرانی شارستانی و سەربازی ناسیووە، لە ڕاستیدا پێم سەیرە و بە خۆم دەڵێم: بەڕاستی نەزانی بەو شێوازە بە دەست دەهێنرێت؛ ئەم لایەنگیری و وابەستە بوونەش لە ڕاستیدا تەنها لە بێویژدانیدا شیاوە و ڕێی تێدەچێت.

بوونی ڕۆژەڤی درووست کردنی سەدان گرتووخانەی نوێ بە هۆکاری نەمانی شوێن لە گرتووخانەکاندا، داواکاردنی دەیان و سەدان ساڵ زیندانی بۆ خەڵکی بێ تاوان، یاخود زیندانی کردنیان بە بڕیارێک، دەرکردنی دەیان هەزار مرۆڤ لە کارەکانیان بە بیانووی هەواڵێکی درۆ یان گومانێک، یاخود لەسەر واژۆیەک، ناچار کردنیان بە بێکاری و برسێتی، بە تایبەتیش یەکلایی کردنەوەی پێشتری بڕیارەکانی دادگا لەلایەن ئێردۆغانەوە، بیرکردنەوەکانمان لە نووسینی هەر دێڕێک کە ئایا تۆ بڵێی ئەمڕۆ منیش دەست بەسەر بکرێم، لە کاتێکدا ئەم وتانە لە وڵاتێکدا دەکرێن کە بە بیانووی باری نائاساییەوە هەموو ماف و سەربەستییەک بەرتەسک و قەدەغە کراون و سزای بۆ دانراوە. چیتر بە وتەکانی ئێردۆغان سەرم سوڕ نامێنێ، بەڵام زوو زوو لە خۆم دەپرسم؛ ئایا ئێمە لە هەمان وڵات و لە هەمان شوێن دەژین، یاخود هەر یەکەمان لە شوێنێکی جیاوازداین.

بایدەر باسی ئەو وتەیەی سەرۆکی ئاکەپە ‘ئێردۆغان’ دەکات کە لە بۆنەی هەفتانەی مافەکانی مرۆڤدا بە هەدەری دابوون و وتبووی: “لە ئیستادا تورکیا لە ڕووی سەربەستی و مافەوە لە هەموو کاتێک باشترە”، بایدەر دەڵێت:

“ئەها ئیتر من دەگەڕێمەوە سەرەتا: دادوەرەکان، داواکارە گشتییەکان و ئەوانەشی دەسەڵاتیان هەیە! ئێوە نازانن باجی دزینی چەند دەقیقەیەک لە تەمەنی کەسێک، نەک تەمەنی هەتا هەتایی، چەندە؟. نازانن بێکار کردن و برسی کردنی کەسێک چییە؟. نازانن تاوانبارکردنی بێ بنەمای کەسێک و هێشتنەوەی بۆ چەندین مانگ و ساڵ لە زینداندا چییە؟؛ هەروەها یا نازانن ماف و سەربەستی چییە؟، یاخود ئازادیتان ‌هیچ نەچەشتووە؟، هیچ باجێکتان نەداوە، هیچ لێدانتان نەخواردووە لەسەری؟. ڕەنگە سەرانی دەسەڵات و ئێوە لەم قۆناغەدا بە شێوەیەک ئاسوودە بن کە هیچ کات وا ئاسوودە نەبوون، بەڵام ئێمە، ئەو مرۆڤە بێ تاوان و بێ گوناهانەی داوای ماف و دادوەری و سەربەستی ئەم وڵاتە دەکەن، ئاسوودە نین.

ترس، مل کەچی و خۆ دانە دەستی دەسەڵاتدار ڕەوشت و ویژدانیش ڕەش دەکات. لە کۆتایشدا دەسەڵاتەکان و خاوەن دەسەڵاتەکان دەگۆڕێت، ئێوەش هەر بەو ڕەوشت و ویژدان و کەسێتییەی خاوەنین دەمێننەوە.”

 

سەرچاوە: ماڵپەڕی خەبەردار

 

Show More
Back to top button