وتار

ئایا کاتی تایبەت بە نزاکردنمان هەیە؟

نوسینی: سولەیمان سارگین

لە سەردەمێکدا دەژین کە واتاکان بە قوربانی ماددەکان کراوە. خۆسەپاندنی گۆشەنیگای دونیایی ماددەگەراکان وای کردووە، هەموو شتێک وەک ماددە ببینرێت. هەر لەبەر ئەمەشە ڕاستیەکان دەبنە قوربانی شتانێک کە وەک ڕاستی دیارن و زۆر جاریش ڕاستیەکان بە شاراوەیی دەمێننەوە.

لە زەمینەیەکی وەهادا کە ڕزین و بەستن ڕووی تێکردووە، بە داخەوە ئاین و ڕاستیە ئاینیەکان دەبنە قوربانی. ئەوەی بە ناوی دینەوە قسە دەکات و لەسەر شاشەکان دەردەکەون، یاخود لە ڕۆژنامەکاندا وتار دەنوسن، بە داخەوە زۆریان تووشی کوێرێتی مەعنەوی بوون.

لەو مامە حاجیەوە بیگرە کە ڕۆژانە بۆ دەرخستنی بەندایەتی خۆی بەرامبەر خودا 5 جار دەچێتە مزگەوت، هەتا مامۆستای مزگەوتەکە کە لە ڕوی مەعنەویەوە ئەو مامە حاجیە پەروەردە دەکات، خاوەنی ئەو باوەڕەن کە هێزێکی ڕاستەقینە هەیە بەسەر هەموو هۆکارەکانەوە. هەموو کەس بە دەمیان دەڵێن “هەموو شتێک لە دەستی خودادایە”، “گەر خودا یەک جار بڵێ ببە، هەموو شتێک یەکسەر دەبێت”، “گەر مۆڵەت و ئیرادەی خودا نەبێت، گەڵای سەر درەختەکانیش ناکەونە خوارەوە”. هەرچەندە هەموو کەس ئەم ڕاستیە قورئانیانە دەهێنێتە سەر زوبانی، بەڵام دڵەکان بە هەمان ئاڕاستەدا لێنادەن و، هزریان لەم زەمینەیەدا پەروەردە نەبووە.

نزاکردن کە وەک ” ڕووتێکردنی جەنابی حەق لەسەر هەموو هۆکارەکانەوە” پێناسە دەکرێت، واز لەوە بێنن کە کاتی دیاریکراوی بۆ تەرخان بکرێت، لە دوای 5 نوێژەکەش فەرامۆش کراوە.

سەبارەت بە کاریگەری نزاکردن لە قورئانی پیرۆز و فەرمودە شیرینەکانی سەردارمان (د.خ) و ئەو شاکارە بەپێزانەی بەردی بناغەی دونیای هزری ئێمەیان داناوە، ئەوەمان بۆ دەردەکەوێت کە نزاکردن زیاتر لە ڕەهەندی مەعنەوی، لە کاریگەری ماددی زیاتریش، لەسەر کەسەکان کاریگەری تایبەتمەندانەی بینراوە.

ئیمامی غەزالی، ئیبن عەرەبی، ئیمامی ڕەبانی و بەدیعوزەمان، کە بە ئەهلی لێکۆڵینەوە ناسراون، لە ڕێگەی ئەزموون و بەسەرهاتی دڵ و ڕۆحی خۆیانەوە، لەسەر ئاستی “عین الیقین” تا دەگاتە قوڵایی دڵ و ڕۆحیان لەسەر ئاستی “حق الیقین”، درکیان بەم ڕاستیانە کردووە و، وەک ئەوەی باسی بابەتێکی زانستی بکەن بۆمان ڕوون دەکەنەوە و سەلماندوویانە.

بەدیعوزەمان سەبارەت بە نزایەک کە لەلایەن کۆمەڵێک کەسەوە ئەنجام بدرێت دەستەواژەی “هەرەوەزی لە ئەنجامدانی کاری دواڕۆژیدا” بەکار دەهێنێت. بە نیسبەت خوداوە چۆن وتەیەک لە دەمی کەسێک یاخود گروپێکەوە بێتە دەرەوە هەر وەک یەکە، هەروەها پاداشتی خوێندنی فاتیحەیەک بۆ کەسێکی نزیکیشت پاداشتەکەی یەک یان هەزار بێت بۆ خودا هەر وەک یەکە، چونکە شتی باش وەک چاپخانە وەهایە، لە یەک وشە هەزاران وشەی هاوشێوە چاپ دەکات. ئەم تێڕوانینەی مامۆستا کلیلی کردنەوەی زۆر ڕاستی تریشە. هەر لەم ڕوانگەیەوە وشەیەک کە لەم دەبێت دێتە دەرەوە بە نمونەی “هو”، لە ڕێگەی هەواوە هەموو زەرەیەکی دەگوازرێتەوە و دەتوانێت بگات بە ملیۆنان گوێ و، تۆ لەم گەشتنەشدا هیچ ڕەنجێک ناکێشیت. خۆ گەر ئەو ملیۆنان مێشکە ئەو دەنگەیان پێشتر ناسیبێت، ئەوا دەزانن لە چ دەمێکەوە هاتوەتە دەرەوە و بەو شێوەیە لێی وەردەگرن. چونکە ئەو وشەیەی لە دەمی مرۆڤەوە دێتە دەرەوە بە قەبارەی ئەو واتایەی هەڵیگرتووە شەفافە، لە ڕوی ماددیەوە هیچ قورسایی و چڕیەکی نیە.  هەر بۆیە کاتێک بەندەیەک دەستەکانی بەرز دەکاتەوە و دەلێت “یا ربی”، خوداش لە وەڵامدا دەفەرموێت “لبیک، بەندەکەم چیت دەوێت قسە بکە”.

ئەم ڕاستیە لایەنێکی تری هەیە: کاتێک گروپێک پێکەوە کارێکی چاکە ئەنجام دەدەن، خودا پاداشتی ئەو کارە چاکە لە نێوان ئەنجامدەرانی کارەکەدا بەش ناکات، بەڵکو هەر تاکێکی ئەو جەماعەتە بە جیا پاداشتی تەواوی خۆی وەردەگرێت.

ئەمەش لە ڕەحمەتی ئەوەوە سەرچاوەی گرتووە. بۆ نمونە گەر ئەنجامدانی نوێژی بەیانی بە تەنیا 100 خێری هەبێت، ئەوا ئەنجامدانی هەمان کار لەلایەن 10 کەسەوە هەزار خێری هەیە و، خودا لایەنی کەم هەزار خێر بۆ هەریەکێک لە ئەنجامدەرانی دەنوسێت. لێرەدا دەڵێین لایەنی کەم لەبەر ئەوەی: لە پاڵ ئەم هەزار خێرەدا، گرنگی دانی هەر تاکێک بە نوێژەکەی، دیقەتیان لە کاتی ئەنجامدانی و دڵسۆزی و ئیخلاسی دڵیان و، خشوع و گەردەنکەچی و هەست کردن بە نوێژەکە لە قوڵایی ویژدانیانەوە، بە شێوازی جیا خێر و چاکەی زیادەیان بە نسیب دەکات. لە پاڵ هەموو ئەمانەدا، خودا هەندێک جار لە بەرامبەر ئەو کارانەی ڕەزامەندی لەسەری هەیە، لەلایەن خۆیەوە خێر و پاداشتی تایبەتی دەخاتە سەر. خودا لە ئایەتی 160ی سورەتی ئەنعامدا دەفەرموێت “هەرکەسێک بە ئەنجامدانی کارێک هەڵبستێت، خودا 10 قاتی ئەو کارەی پاداشتی دەداتەوە، هەرکەسێکیش کارێکی خراپ ئەنجام بدات، هێندەی کارە خراپەکەی خۆی سزا وەردەگرێت و هیچ کەسێکیش زوڵمی لێناکرێت”.

هەروەها لە ئایەتی 261ی سورەتی بەقەرەدا دەفەرموێت ” ئەوانەی ماڵیان لە ریگەی خودادا دەبەخشن، وەک تۆوی گەنمێکن حەوت گوڵە گەنمی گرتبێت، لە هەر گولێکیشدا 100 دەنکی تر ڕوابێت، خودا پاداشتی چەند قات دەدات بە هەرکەسێک لە بەندەکانی کە بیەوێت، خودا فراوانگیر و زانایە”.

 

“با دڵەکانمان وابەستەی یەکتر بکەین”

هاوشێوەی دەستەواژەی “هەرەوەزی لە کاری دواڕۆژی” ئوستاد سەعید نورسیدا، مامۆستا فەتحوڵڵا گولەنیش هەمیشە جەخت لەسەر “بەرجەستەبوونی گشتگیری نزا” دەکاتەوە. بەرجەستەبوونی گشتگیری نزایەک ئەوەیە هەزاران و ملیۆنان کەس لە یەک کاتدا بە هەمان ئاڕاستە و حاڵەتی ڕۆحیەوە ڕوو بکەنە دەرگای گەورەی خودا و لێی بپاڕێنەوە. سینگەلێکی دووچارە بە هەمان دەرد، گەر هەموویان پێکەوە ڕوو بکەنە تەنیا سەرچاوەی شفای دەردەکانیان و سوور بوون لەسەر داواکردنی، گەر تەنیا وەڵامی یەکێک لەو بەندانەی بداتەوە و پێی بڵێت “لبیک”، ڕەحمەتی خودا ڕووتێکردنی ڕاستگۆیانەی سەدان هەزاری کەسی تریش بە بێ وەڵام ناهێڵێتەوە.

هەر بۆیە پێویستە نزاکانی هاوشێوەی “جەوشەن و قلوب ضارعة” لە هەموو لایەک بڵاو بکرێتەوە. هەموو ویرد و نزایەک کە دەیکەین، پاداشتەکەی هێندەی ژمارەی کەسەکان چەند هێندە دەبێت و بە نسیبی هەموو لایەک دەبێت. ئەمە دەبێتە هۆی ئەوەی کەسایەتی مەعنەوی ئەو نزایە لەلای خودا لەسەرو هەموو نرخەکانەوە بوونی ببێت و بانگهێشتێکی پاکوبێگەردە بۆ فریاکەوتنی خودایی.   

ئەنجامدانی نزا بە هاوبەشی، لە نێوان دڵی ئەنجامدەرانیدا دەبێتە هۆی دروستبوونی پەیوەندیەکی نورانی. لە کەشوهەوایەکی وەهادا، نە وەسوەسەی شەیتان، نە ختورەی خراپی نەفس و پیسی دڵەکان،  نە پیسی دڵ و ڕۆح و زمان و قەڵەمە ڕەشەکان دەتوانن شوێنی کاریگەری لەسەر دڵیان بدۆزنەوە. چۆن گرنگە لە کاتی ڕۆشتن بەسەر رێگای خلیسکدا دەستی یەکتر بگرین، لە کاتی ئاوەها تەمومژاویدا وابەستەبوونی دلەکانمان گرنگی زیاتری هەیە.

ئەنجامدانی ئەمەش تەنیا لە ڕێگەی ئەوەوە دەبێت لە هەموو شوێنێکدا ساتی ئەنجامدانی نزا دیاری بکەین.

هەموومان بەشداریمان لە گروپێکدا هەیە کە وانە و ئامۆژگاری ئایینی تێدا ئەنجام دەدرێت، هەموو گروپەکان دەتوانن لە نێوان خۆیاندا بڕیارێکی لەم شێوەیە بدەن: پێکەوە نزایەک دیاری بکەن و هەموو ئەندامانی ئەو گروپە هەموو ڕۆژێک لە هەمان کاتدا ئەو نزایە بکەن. بۆیە دەبێت بە هەموویان کاتێک دیاری بکەن کە بۆ هەموو لایەکیان گونجاو بێت. بۆ نمونە دەتوانن کاتژمێر 20:00 ی هەموو شەوێک دابنێنن کە هەموویان پێکەوە نزای تێدا بکەن. هەموو تاکێکی ئەو خێزانەش دەتوانن لەو نزاکردنەدا بەشدار بن، ئەمە یەکێکە لەو رێگایانەی کە کاریگەری نزاکانمان زیاتر دەکات. دەتوانن بۆ ئەنجامدانی ئەمەش ڕێگە و هۆکاری زۆر جیاواز بگرنە بەر.

 

هەروەک چۆن مامۆستا فەتحوڵڵا گولەن هەمیشە جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە لە کاتی کۆبوونەوەکانماندا زۆرینەی کاتەکەمان بە پەیوەندیکردن بە خوداوە بەسەر ببەین، دەتوانین 30 تا 40 خولەکی یەکەمی هەموو کۆبوونەوەکانمان بە نزاکردن ببەینە سەر. بەم شێوەیە هیوای “خۆزگە هەموو براکانمان لە هەموو شوێنێک، کاتژمێری نزاکردنیان هەبووایە” تا رادەیەک دەهێنرێتە دی.

لە ڕۆژگاری ئەمڕۆماندا کە ماددە و هۆکارپەرستی وەک مۆتەکە خۆی داوە بەسەر ڕۆحەکانماندا، زۆر پێویستمان بە کەشوهەوای نورانی “بەرجەستەکردنی گشتگیری نزاکان” و “هەرەوەزی لە کاری دواڕۆژدا” هەیە .

 

سەرچاوە: ماڵپەڕی TR724

 

Show More
Back to top button