هەواڵ

ئاژانسی ئەنەدۆڵو نوێژی تەراویحی وەک کۆبوونەوەی نهێنی پشاندا

ئاژانسی ئەنەدۆڵوی سەر بە حکومەتی تورکیا، لە هەوالێکی درۆیدا، نوێژی تەراویحی هاوسۆزانی بزاڤی خزمەتی لە ویلایەتێکی ئەمەریکا، وەک کۆبوونەوەی نهێنی پشاندا.

ئاژانسەکەی حکومەتی تورکیا لەهەواڵەکەیدا دەڵێت” کۆبوونەوەیەکی نهێنی جەماعەت، لە گەڕەکی کلیفساید پارک لە ویلایەتی نیوجێرسی، لەلایەن کامێراکانی ئاژانسی ئەنەدۆڵو تۆمار کرا”.

بەڵام ڕاستی بابەتەکە ئەوەیە، کە هاوسۆزانی بزاڤی خزمەت ڕێگەیان نادرێت بچنە مزگەوتەکانی ئەمەریکاوە بە هۆی ئەوەی مزگەوتەکانیان لەلایەن سەرۆکایەتی کاروباری ئاینی تورکیاوە کۆنتڕۆڵکراوە.

کەنیسەیەکی ئەو ویلایەتەش بە ناوی ترینیتی ئەپیسکۆپال، وەک هەڵوێستێکی مرۆڤانە بەشێک لە کڵێسەکەی بەخشی بەو موسوڵمانانەی ڕێگەیان نادرێت لە مزگەوتە تورکیەکاندا نوێژ بکەن.

کاربەدەستانی تورکیا لە دەرگای هەموو مزگەوتەکانی ویلایەتی نیوجێرسی نوسیویانە ” ئەوەی سەر بە جەماعەتە بۆی نیە بێتە ژوورەوە”.

هاوسۆزانی بزاڤی خزمەتیش بە ناچاری ڕوویان لە بەشێکی ئەو کەنیسەیە کرد کە بۆ ئەنجامدانی نوێژی تەراویحی مانگی ڕەمەزان پێیان درابوو.

بەڵام پەیامنێرەکانی ئاژانسی ئەنەدۆڵو، ئەم ڕووداوەیان وەک کۆبوونەوەیەکی نهێنی هاوسۆزانی بزاڤی خزمەت لە کەنیسەدا بڵاوکردەوە.

ئاژانسی ئەنەدۆڵو دەنگی خوێندنەوەی ئایەتەکانی قورئانی وەک ” دەنگی قسەی بەشداربووان لە دەرەوەی کەنیسەکەش دەبیسترا” پێناسە کرد.

دەڵێن لە حوشتریان پرسیوە کەوا بۆچی ملت خوارە؟ ئەویش لە وەڵامدا وتوویەتی لە ئاژانسی ئەنەدۆڵو کار دەکەم. هەرچەندە هەموو زانیاریەکانی ناو “هەواڵەکە” پڕە لە درۆ و بوختان و بەلاڕێدا بردن، بەڵام هەر لە بڵاوکردنەوەی نەوەستاون.

هەرچەندە لایەنێکی تێدا نیە شایەنی ڕاست کردنەوە بێت، بەڵام با هەر باسی چۆنیەتی هەواڵەکە بکەین.

من ناچمە ناو وردەکاری ئەوەی کە هەواڵ چۆنی دەبێت بنوسرێت، بەڵام ئەو مانشێتەی دەڵێت “کۆبوونەوەیەکی نهێنی لە کەنیسە”، شایەنی خەڵاتە لە بواری فیلمە “کۆمیدی فانتازیەکان”.

سیناریۆکەیان زۆر جوان ڕێکیان خستووە و مۆسیقای پشتی هەواڵەکە زۆر خۆشە. گەرچی زیاتر لە فیلمی ترسناکدا گوێمان لەو جۆرە میوزیکە دەبێت، بەڵام هەر قەیناکات. سیناریۆکەی باسی کۆبوونەوەی نهێنی هاوڵاتیان دەکات، کردنەوەی دەرگاکان بە کلیل و دواتر داخستنەوەیان، بە تەواوی جێگای سەر سوڕمانە!

باشە ڕاستیەکەی چۆنە؟

بەڵێ هەر بە ڕاستی کۆبوونەوەکە هەموو شەوێک ئەنجام دەدرا لە نێوان کاتژمێر ٢٢:٠٠ – ٢٢:٣٠، ئەمەش لەبەر ئەوە بوو کە لەو ویلایەتە نوێژی تەراویح لەو کاتەدا ئەنجام دەدرێت.

ئاژانسی ئەنەدۆڵو کە بە دەستی میتەوە بۆتە گاڵتەجار، گەر لە ئۆتۆمبیلە ڕەشەکانیان دابەزینایە و لە پەنجەرەی ئەو شوێنەیان تەماشایەکیان بکردایە، ڕاستی بابەتەکەیان بۆ دەردەکەوت. یاخود گەر تۆزێک لە ژوورەکە نزیک ببونایەتەوە، گوێیان لە دەنگی قورئان و نوێژ خوێندنەکە دەبوو.

باشە لەبەر چی لەو کەنیسەیەدا نوێژ دەکەن؟

چونکە لە مزگەوتەکان سەر بە حکومەتی تورکیا دەرتان کردن. لە دەرگای مزگەوتەکان نوسیتان ” ئەوەی جەماعەتە بۆی نیە بێتە ژوورەوە”.

لە ڕاستیدا ئەمە شتێک نیە بە هەواڵ ناوی ببەین. ئاژانسێکی گەورەی وەک ئەنەدۆڵو، ئێستا لە دەستی چەند تڕۆڵێکی ئینتەرنێتدا وەک ئامرازی پڕوپاگەندەی ڕەش بەکار دەهێنرێت.

یەکێک لە نوێژخوێنەکان بە ناوی جاڤیت کەسکین سەبارەت بە کۆبوونەوەیان لە کەنیسەکەدا وتی” بۆ ئەوەی بتوانین عیبادەتەکانی مانگی ڕەمەزانمان ئەنجام بدەین، بەشێکیان لە کەنیسەکە تەرخانکرد بۆ ئێمە. کلیلی ئەو شوێنەیان پێداین هەتا لە ماوەی مانگی ڕەمەزاندا بەکاریبهینین. ئیتر نازانم ئاژانسی ئەنەدۆڵو هەواڵێکی لەم شێوەیە بۆ بڵاو دەکاتەوە، گەر وەک ڕۆژنامەنوسی ڕاستەقینە بهاتنایە و لە ئێمەیان بپرسیایە بۆ لێرەین، ئەوە ئێمەش ڕاستیەکانمان بۆ ڕوون دەکردنەوە”.

ئەنەس یاپیجی کە بە بەردەوامی نوێژە تەراویحەکانی ئەنجام دەدات  لە مانگی ڕەمەزاندا سەبارەت بەم بابەتە وتی” زۆرێک لە هاوڕێکانمان لە مزگەوتەکانی سەر بە کاروباری ئاینی دەرکران و نەیانهێشت بچنە ژوورەوە. ئێمەش بە دوای شوێنێکدا دەگەڕاین کە شوێنی هەموومان ببێتەوە. ئەم کەنیسەیەش کاتێک بە حاڵی ئێمەی زانی جێگای کردینەوە، تەنانەت ویستمان کرێی مانگێکیان پێبدەین، بەڵام قبوڵیان نەکرد”.

 

http://www.tr724.com/anadolu-ajansi-diyanet-camilerine-alinmayan-cemaatin-teravih-namazini-kilise-bulusmasi-diye-carpitti/

 

Show More
Back to top button