بیروڕاهەواڵ

“ئاشکرابوونی نهێنی تاکێتی خودا لە نوری یەکتاپەرستیدا” چی واتایەکی هەیە؟

جەمیل تۆکپنار

تکایە لە ڕێگەی خوێندنەوەی مانشێتی وتارەکەوە بڕیاری پێش وەختە مەدەن و مەڵێن : پێشتر ئەم ڕستەیەمان زۆر بیستووە و هەرچۆحنێک بێت دەیزانین.

لەبەر چی وا دەڵێم؟ چونکە ماوەیەک ئەم دێڕە لە هەرکەسێک دەپرسم و دەڵێم : دەتوانیت بە چەند دێڕێک باسی ” ئاشکرابوونی نهێنی تاکێتی خودا لە نوری یەکتاپەرستیدا؟ ” بکەیت… ئامان خوایە، وەڵامی وەهام دەستکەوت توشی سەر سوڕمانی کردم.

ئیدی لەوانەوە بیگرە کە هیچی لێنازانن تا دەگاتە ئەوانەی کەمێکی لێدەزانن، یاخود لەوانەی بە کەموکورتیەوە دەیزانن تا دەگاتە ئەوانەی بە هەڵە لێیتێگەشتوون، کۆمەڵێک وەڵامی جیاوازم دەستکەوت و هەندێکیشیان بە دروستی وەڵامیان دایەوە.

ئەوەی جێی سەرسوڕمانی من بوو لەم بابەتەدا ئەوە بوو کە ئەوانەی ئەم پرسیارەم لێدەکردن، زۆر جار ئەم قسەیەیان بیستووە و لەسەریان خوێندۆتەوە، بەڵام هۆکاری چیبوو بە تەواوی و بێ کەموکورتی نەیاندەزانی ، منیش تێنەگەشتم.

هەربۆیە گەر بە تەواوی واتای ئەم دێڕە دەزانیت ئەوا پێویست ناکات ئەم وتارە بخوێنیتەوە.

بەڵام گەر دڵنیا نین لەوەی کە واتاکەی دەزانن، ئەو بە ئارامگریەوە هەتا کۆتایی وتارەکە بڕۆن.

ئەم دەستەواژەیە بۆ یەکەم جار لە کتێبی بریسکەکانی ئوستاد سەعید نورسیدا بەرچاومان کەوتووە. ساڵانێکی زۆرە گوێمان لێدەبێت و خوێندومانەتەوە و بۆیان باس کردووین.

مامۆستا م.فەتحوڵڵا گولەنیش لە ماوەی ئەم ٥ ساڵەی ڕابردوودا چەندین جار بەکاریهێناوە. چونکە لەم قۆناغەدا هێندە ئاتاجی دەرکەوتنی ئەم حەقیقەتەین، گەر هەموو ڕۆژێک بیهێنینە سەر زارمان و تەواوی تواناشمان بۆ جێبەجێکردنی داخوازەکانی بگرینە بەر، هێشتا هەر کەمە.

بەڵام لێرەدا من دوو نمونەی دەرەکی دەهێنمەوە، سەرەتا لە مامۆستا فەتحوڵڵا گولەنەوە دەست پێدەکەم و، من سەرچاوەکەیتان پێدەدەم و بە هیوای ئەوەی هەمووی بخوێننەوە و خۆشم لێرەدا بەشێکی دەهێنم کە دەڵێت:

“چیرۆکی یونسی کوڕی مەتتا بۆ ڕوونکردنەوەی ئەم بابەتە نمونەیەکی جوانە. وەک دەزانن لە کاتی قوتدرانی لەلایەن ماسیەکەوە کە تەواوی هۆکارەکانی بەردەمی کول و کوێر بوون، دەڵێت: لَا إِلَهَ إِلَّا أَنْتَ سُبْحَانَكَ إِنِّي كُنْتُ مِنَ الظَّالِمِينَ. “. بەم نیازەوە ڕووی لە خودای خۆی کردووە و پاک و بێخەوشی بۆ خودوا دەربریوە. ئەمەش بۆتە هۆی ڕزگاربوونی. حەزرەتی بەدیعوزەمانیش بە شێوەیەکی ناوازە شیکاری ئەم بابەتەی کردووە لە بریسکەکاندا. گەرچی هەندێک بە هۆی خوو پێوەگرتنەوە ڕوونکردنەوەکانی ئەویان سادە دێتە پێش چاو، بەڵام لە ڕوانگەی یەکتاپەرستی و بنەماکانی ئیمانەوە گرنگی زۆر قوڵی هەیە.

حەزرەتی یونس لە بەرامبەر جەنابی حەقدا عەرزی حاڵی خۆی کردووە و باسی لەو حاڵە کردووە کە تێیکەوتووە. ئەو کاتێک لە نەینەوا جیا دەبێتەوە بە بێ ئەوەی فەرمانێکی پێبکرێت و لە خۆیەوە سواری کەشتیەکە دەبێت، کاتێک بۆی دەردەکەوێت کە بە هۆی هەڵبژاردەکەی خۆیەوە توشی ئەم کارەساتە  بووە، بە شێوەیەکی زۆر قوڵ لێپرسینەوە لەگەڵ نەفسی خۆیدا دەکات و دواتر دەست دەگرێت بە دەسکی دەرگای ئەوەوە، چونکە لەو کاتەی هەموو هۆکارەکان کول و کوێر بوون و، لە تاریکی شەو و لە بنی دەریایەکی تۆقێنەر و لە سکی ماسیەکەدا، تەنیا الله یە ئەوەی کە دەتوانێت بە فریای بکەوێت. لە ڕێگەی ئەم لاڵانەوە و نزاکردنەوەی حەزرەتی یونسەوە، لە نوری یەکتاپەرستیدا، نهێنی تاکێتی جەنابی حەق کە بە واتای ڕووتێکردنێکی تایبەتیانەی ئەو دێت، خۆی بەدەرخستووە. لە پڕێکدا هەموو پەردە تاریکەکان دڕێنراون و تەواوی هۆکارەکان و کاریگەریەکانیان هەڵگیراوە و حەزرەتی یونسیش گەشتۆتە کەناری سەلامەتی.

حەزرەتی یونس بە گوێرەی ئەوەی پێغەمبەرێکی خودا بووە، لەوە دەچێت سەبارەت بە پێویستی ئەوەی کە دەبێت لە بەڵا و کارەساتێکی ئاوەهادا  چی بکات، لەلایەن خودا ڕێوشوێنی دیاریکراویشی پشاندرابێت. لە ڕاستیشدا ڕووداوەکە هەر بۆ خۆی موعجیزەیەکە. چونکە لە هەلومەرجی ئاسایدا ناگونجێت مرۆڤێک لە سکی ماسیەکدا ژیان بەسەر ببات و بە زیندوویەتی بێتە دەرەوە.

سروشتی مرۆڤێک بە شێوەیەکە کە لە شوێنێکی بێ ئۆکسیجیندا ژیان بەسەر نەبات. بەڵام ئەو لە ڕێگەی ئەو پەیامەی لە الله و بۆی چووبوو، هەرگیز توشی هیوابڕاوی نەبوو، بەڵکو بە تەواوی ڕووی لەو کرد و بە شعورێکی پوختی یەکتاپەرستیەوە ڕووی هەر لەو کرد و لەم سایەیەوە ڕزگاری دەستکەوت”.

 

ئێستا با سەیرێکی بریسکەی یەکەمیش بکەین کە مامۆستا ئاماژەی پێداوە و ئەوە بەشەی ئاماژەمان پێداوە دەگوازینەوە:

” سەبارەت بە چیرۆکە بەناوبانگەکەی حەزرەتی یونس: فڕێدراوەتە دەریاوە و ماسیەکی گەورە قوتی داوە، لە دەریاکەدا تۆفان هەستاوە و شەویش بە هەموو ترسناکی خۆیەوە باڵی بەسەر دەریاکەدا کێشاوە بە شێوەیەک کە هیوابڕاوی توشی مرۆڤ دەکات، بەڵام حەزرەتی یونس لە ڕێگەی موناجاتی لَا إِلَهَ إِلَّا أَنْتَ سُبْحَانَكَ إِنِّي كُنْتُ مِنَ الظَّالِمِينَ ڕزگاری دەستکەوت.

نهێنی گەورەی ئەم نزا و موناجاتە لەمەی خوارەوەدایە:

لەو کاتەدا تەواوی هۆکارەکان کول و کوێر بوون. لە ساتێکی ئاوەهادا پێویست پەنا بۆ زاتێکی ئاوەها بەریت کە دەسەڵاتی بەسەر ماسیەکە و دەریاکە و شەو و کەشوهەوای ئاسمانیشدا بشکێت. چونکە شەو و دەریا و ماسیەکە پێکەوە لە دژی ئەو ڕێکەوتوون. تەنیا زاتێک کە بتوانێت مل بە هەرسێکیان کەچ بکات، توانای ئەوەی هەیە ئەو ڕزگار بکات. گەر هەموو خەڵکی سەر زەوی خزمەتکار و یاریدەدەری ئەو بوونایە، لەو حاڵەدا بە نیسبەت ئەوەوە ٥ فلسیان نەدەهێنا. کەواتە هۆکارەکان هیچ کاریگەریان نەماوە. لەبەر ئەوەی بە یەقینی چاویشی بینی کە بێجگە هۆکاری هۆکردەکان هیچ پەنا و هانایەکی تری نیە سەری بخاتە بەر،  لەبەر ئەوەی نهێنی تاکێتی خودا لە نوری یەکتاپەرستیدا خۆی بەدەرخست، ئەم نزایە لە یەک کاتدا ملی بە ماسی و دەریا و تاریکی شەو کەچ کرد. بەو نوری یەکتاپەرستیە، سکی حوتەکەی چەشنی بەلەمێکی ژێر دەریایی لێکرد و لە نێو تەوژمی شەپۆلەشاخئاساکانی دەریادا، گەیاندیە کەناری ئارامی و هەروەها لە ڕێگەی هەمان نوری یەکتاپەرستیەوە، هەورەکانی سەریشی لە ئاسمان ڕەواندەوە، هەتا مانگی چواردە چەشنی چرایەک بەرپێی بۆ ڕوون بکەنەوە. ئەو دروستکراوانەی خودا کە لە هەموو لایەکەوە هەڕەشەبوون بۆ سەری و تەنگیان پێهەڵچنیبوو، لە پڕێکدا بوونە دۆستی. بوونە یاریدەدەری هەتا گەیاندیانە کەناری ئارامی و لە ژێر داری کولەکەکەدا لوتفی ڕەبانی الله یان پێ پشاندا”.

گەرچی ئەم دوو نمونەیە کافیە بۆ ڕوونکردنەوەی بابەتەکە، بەڵام بۆ کەسانێک کە خوازیارن، حەز دەکەم چەند تێبینیەک بخەمە ڕوو:

ئەم دەستەواژەیەی کە دەڵێت ” لە نێو نوری یەکتاپەرستیدا نهێنی تاکێتی خودا بەدەردەکەوێت” دوو چەمکی گرنگی لە خۆی گرتووە؛

 

یەکەم نوری یەکتاپەرستی دووهەم نهێنی تاکێتی خودا.

یەکەمیان کە بریتیە لە نوری یەکتاپەرستی پەیوەندی بە تێگەشتن و باوەڕی ئێمەوە هەیە و نهێنی تاکێتی خوداش ڕووی لە الله یە.

واتە ئەوەی دەکەوێتە نێو بەڵا و موسیبەت و کێشەیەکەوە، سەرەتا بە دوای هۆکارەکاندا دەگەڕێت. بە دوای ڕێگە چارەیەکی ڕزگاریدا دەگەڕێت و دەپرسێت کەوا لە ڕێگەی کام ڕێگەچارەسارەوە دەتوانم خۆم قورتار بکەم.

حەزرەتی یونس هیچ دەرچە و هۆکارێکی ڕزگاری لەبەردەستدا نەمابوو، بە تەواوی لە گەروی بێ چارەیدا گیری خواردبوو، هەربۆیە پەنا بۆ یەکتاپەرستی خودا دەبات و لە ڕێگەی درک پێبردن و دان پێدانان بە یەکێتی و تاکی خوداوە ئەم هاوارە دەکات:

کاتێک دەڵێت ” لَا إِلَهَ إِلَّا أَنْتَ ” واتە دەڵێت تەنیا تۆ دەتوانیت ڕزگارم بکەیت و هیچ هۆکارێکی بەردەست بوونی نیە، تەنانەت گەر هەموو مرۆڤەکانیش کۆببنەوە هێشتا ناتوانن یارمەتیم بدەن و سودێکیان نیە. جگە لە تۆ خودایە، هیچ خودایەک و یاریدەدەرێک و ڕزگارکەرێک بوونی نیە کە دەستەکانم بگرێت. هەزار و یەک ناوت دەکەم بە شەفاعەتکار و  داوای یارمەتی و ڕزگاریت لێدەکەم، چاوەڕێی ڕەحمەتت دەکەم.

 

کاتێک دەڵێت سُبْحَانَكَ واتە پاک و بێخەوشی بۆ تۆ دەردەبڕم، هیچ کەموکورتی و نوقسانیەک لە تۆدا بوونی نیە. تۆ خاوەنی هەزار و یەک ناویت و توانات بەسەر هەموو شتێکدا هەیە و  تاقە سوڵتانی هەموو گەردونیت. لەم بەڵایەی بەسەریشمدا هاتووە، هیچ هەڵە و تاوانێکی تۆیشی تێدا نیە. هەروەها دڵشکاو و نیگەرانیش نیم بەرامبەرت.

إِنِّي كُنْتُ مِنَ الظَّالِمِينَ واتە من بوومە یەکێک لە زاڵمان، هەڵە و تاوانی خۆمە کە وام لێهات. خودایە بێ ئەوەی فەرمانم پێبکەیت و مۆڵەتم بدەیت هەستام بە جێهیشتنی گەلەکەم. بەم شێوەیە ناحەقیم بەرامبەر خۆم کرد.

بەڵێ کاتێک بەم شێوەیە لە گەروی بێ چارەییدا و کاتێک هەموو دەستی لە هەموو هۆکارەکان شت، کاتێک لە ڕوانگەی ئیمانی ناوازەی یەکتاپەرستیەوە ڕووی لەو کرد و وابەستەیی خۆی بەوەوە پشاندا، جەنابی حەقیش بە یارمەتیەکی تایبەت و  بە پاڵپشتیەکی دەراسا لە سکی حوتەکە بە زیندوویی هێنایە دەرەوە، شەوی تاریکی لە ڕێگەی مانگە شەوەوە بۆ ڕوناک کردەوە و لە شەپۆلە خنکێنەرەکانی دەریا ڕزگاری کرد و گەیاندیە کەناری ئارامی.

بەم شێوەیە لە نوری یەکتاپەرستیدا نهێنی تاکێتی خودا بەدەرکەوت.

واتە حەقیقەتی یەکێتی کە لە هەموو گەردوندا درەوشانەوەی دەرکەوتی هەیە، بە دەرکەوتێکی تایبەت گۆڕا بە نهێنی تاکێتی خودا و بە لوتفێکی سوپریز و یارمەتیەکی دەراسا شێوازی موعجیزەی وەرگرت.

دەشتوانین بەمە بڵێین دەرکەوتی ئەحەدیەتی خودا لە سیفاتی واحیدیەتی ئەودا. بەڵام بەندەیەکی خودا بۆ ئەوەی ببێتە جێدەرکەوتی لوتفی ئەحەدیەتی خودا، پێویستە بە عیبادەت و گوێڕایەڵی و نزاوە ڕوو لەو بکات.

باشە جیاوازی واحیدیەتی خودا لەگەڵ سیفاتی ئەحەدی چیە؟

پەیوەندی ئەم بابەتە بەم قۆناغەی ئێستاوە چیە وەها مامۆستا هەموو کاتێک باسی دەکات؟

ئەمەش لە وتاری داهاتوودا باس دەکەین.

 

Show More
Back to top button