هەواڵ

ئازادی بۆ سەفیەی بچوک و دایکە زیندانیەکەی

ئازادی بۆ سەفیەی بچوک و دایکە زیندانیەکە!
خەدیجە شاهناز یەکێکی تر لەو خانمانەی لە کاتی دوو گیانیدا دەخرێتە زیندانەوە، لە بەرواری ٢٣ ی ئایاری مانگی ڕابردوو، منداڵێکی بە ناوی سەفیە، هێنایە دونیاوە.
ناوبراو ماوەی ٨ مانگە لە زیندانە و، پاش ئەوەی ماوەی ٣ ڕۆژ لە نەخۆشخانە مایەوە، دیسان برایەوە بۆ زیندانی جۆری “L” لە ئەنتالیا.

خەدیجە و هاوسەرەکەی لەبەر ئەوەی ناتوانن دەنگیان بە کاربەدستانی دەوڵەت بگەیەنن، کەسوکارەکەیان لە ڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانەوە، کەمپینێکیان دەست پێکردووە، هەوڵی کۆکردنەوەی واژۆ بۆ ڕزگارکردنی دایک و منداڵەکەی دەدەن.
لە بەشێکی نوسراوی کەمپینەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، کە حوسەین شاهنازی باوکی سەفیە، ناتوانێت بەو مووچە کەمەی هەیەتی، پێداویستیەکانی منداڵەکە و دایکی پەیدا بکات و پاشان دەڵێت” داوا لە کاربەدەستانی تورکیا دەکەین بە زووترین کات و بە بێ هیچ مەرجێک، سەفیەی تەمەن ٣ ڕۆژ و دایکە زیندانیکراوەکەی، ئازاد بکات. هەروەها کۆتایی بهێنرێت بە زیندانیکردنی دایکانی خاوەن منداڵ، زەیستان، دووگیان”.

“سکەکەی ٣ هەفتە بوو کاتێک دەستبەسەر کرا، ئێستا لە زیندان منداڵی بووە”

خەدیجە لە بەرواری ٤ ی ئەیلولی ٢٠١٨ دەسگیر دەکرێت، لە بەرواری ٦ ی ئەیلول، لەلایەن دادگاوە فەرمانی دەستبەسەرکردنی بۆ دەردەکرێت.


پاشان لە بەرواری ١١ ی تشرینی دووهەمی هەمان ساڵدا، لە دادگا سزای زیندانی بەسەردا ساغ دەبێتەوە؛ ئێستا دۆسیەکەی لە دادگای باڵایە و هەتا ئێستا سزاکەی یەکلایی نەبۆتەوە.
زیندانیکردنی ئەم خانمە و منداڵە ساواکەی لە کاتێکدایە، یاسای سزاکانی تورکیا، ڕێگە نادات بە زیندانیکردنی خانمانی دوو گیان و زەیستان، هەتا ٦ مانگ بەسەر لە دایک بوونی منداڵەکەیدا تێنەپەڕێت. بەم شێوەیە یاسا ناوخۆیەکانی تورکیا و تەواوی بەڵێننامە نێودەوڵەتیەکان، ئیجتیهادە یاسایەکان پێشێل دەکرێت.

“زیاد لە ٥٠ خانمی دوو گیان لە زیندانن”
بە گوێرەی ئامارەکانی مانگی تشرینی دووهەمی ساڵی ٢٠١٨، ٥٠ خانمی دووگیان کە ٢٢ کەسیان لە کاتی منداڵ بووندا بووە، دەستگیرکراون؛ یاخود خراونەتە ناو زیندانەکانەوە.
هەتا ئێستاش ٣٥ خانمی دووگیان لە زیندانەکانی تورکیایە. لەلایەکی ترەوە، ٧٤٣ دایک کە تەمەنی منداڵەکانیان لە نێوان ٠-٣ ساڵاندایە، لە هەلومەرجی سەختی زیندانەکانی تورکیا ژیان بەسەر دەبەن.

بانگەوازی ئازادی بۆ سەفیەی تەمەن ٣ ڕۆژ و دایکە زیندانیەکەی!

نیگەرانین بەرامبەر تەندروستی و مافی ژیانی سەفیەی تەمەن ٣ ڕۆژ کە لەگەڵ دایکیدا زیندانی کراوە. تکایە وەرن بەدەنگ بانگەوازەکەمانەوە.
خەدیجە شاهناز لە بەرواری ٤ ی ئەیلولی ١٩٩٠ لە ئەنتالیا لە دایک بووە، بەشی کارگێڕی زانکۆی ئولوداغی تەواو کردووە، لە بەرواری ٢٦ ئایاری مانگی ڕابردوەوە، بە خۆیی و منداڵە ساواکەیەوە، لە زیندانی جۆری “L” ی شاری ئەنتالیا دەستبەسەر کراوە.
ناوبراو کاتێک سکەکەی ٣ هەفتە دەبێت، لە بەرواری ٤ ی ئەیلولی ٢٠١٨ دەسگیر دەکرێت، لە بەرواری ٦ ی ئەیلولی هەمان مانگدا، لەلایەن دادگای سوڵح و سزاکانی ئەنتالیاوە، بە تۆمەتی ئەندامێتی لە گروپی تیرۆرستی، فەرمانی دەستبەسەرکردنی بۆ دەرکراوە.
لە بەرواری ٨ ی تشرینی دووهەمی ٢٠١٨، لە کاتی ئەنجامدانی یەکەم دانیشتنی دادگادا، کە ١٥ خولەکی خایاندووە، خەدیجە بە هۆی ئەوەی دوو گیان دەبێت و باری تەندروستی تەواو نابێت، تەنیا بە “بەڵێ، نەخێر” وەڵامی پرسیارەکان دەداتەوە، ناتوانێت بە شێوەیەکی کاریگەر بەرگری لە خۆی بکات.
هەروەها ئەو بەڵگانەی کە داواکاری گشتی لە دژی ناوبراو جوڵاندوویەتی، لە پێشتردا بە خانمە دووگیانەکە ڕانەگەیندراوە و کاتی پێویستی پێنەدراوە هەتا بتوانێت بەرگری لە خۆی بکات.
دادگا پاش ئەوەی ١٠ خولەک کاتی پشوو وەردەگرێت، لە یەکەم دانیشتنی دادگادا کە تەنیا ١٥ خولەکی خایاندووە، لەبەردەمی پارێزەر و هاوسەر و ئەندامانی خێزانەکەی، سزای ٦ ساڵ، ١٠ مانگ، ١٥ ڕۆژ زیندانی بەسەر ناوبراودا دەسەپێنێت.
پارێزەرەکەی لە بەردەم دادگادا دەڵێت” جەنابی دادوەر، بریگرتکەم دووگیانە، لەبەر ئەوەی پێمان وەهابوو کە قۆناغی دادگایکردنەکەی لە دەرەوەی زیندان دەبێت، داوای درێژکردنەوەی ماوەی داگاییکردنەکەمان نەکرد”.
دادوەریش لە وەڵامدا دەڵێت” هەتا ئێستا هیچی بە ئێمە نەوتووە، ناتوانین ئازادی بکەین، تەنانەت گەر کاتی زیاتریش وەربگرن، ئێمە هەر دەستبەسەری دەکەین، هیچ شتێک بەو هۆیەوە گۆڕانکاری بەسەردا نایەت”.


پاشان بە خەدیجە شاهناز دەڵێت” بە بەلاش خەفەت مەخۆن، دادگای تێهەڵچوونەوە، دوای ئەوەی ٦ مانگ بەسەر لە دایک بوونی منداڵەکەتاندا تێدەپەڕێت، ئازادت دەکات”.
پارێزەرکەی دەڵێت” جەنابی دادوەر، ئێمە چاوەڕوانی ئەوەمان نەدەکرد، کە لەیەک دانیشنی دادگادا بڕیاری کۆتایی دەربکەن”.
دادوەریش لە وەڵادا دەڵێت” ئێمە هەر لە سەرەتاوە بڕیاری خۆمان دابوو. ئێوە هەرچیەکتان بووتایە، لەم بابەتەدا هیچ شتێک گۆڕانکاری بەسەر بڕیارەکەماندا نەدەهات”.

پاشان دادگای ئەنتالیا، لە بەرواری ٢٨ ی شوباتی ٢٠١٩، بێ ئەوەی دانیشتنی دادگاییکردن دەست پێبکاتەوە و گوێ لە خەدیجە شاناز و شایەتەکان بگرێت، بێ ئەوەی لێکۆڵینەوەی بابەتیانە ئەنجام بدات و لەلایەن کەسی بێ لایەنەوە بە بەڵگەکاندا بچێتەوە، داوای ناردنی دۆسیەکە بۆ دادگای تێهەڵچوونەوە، لە بنەڕەتەوە ڕەت دەکاتەوە.

لە کاتێکدا هەلومەرجی زیندان بە تەواوی مەترسی بۆ سەر تەندروستی خانمێکی دوو گیان دروست دەکات، ئیستا بە خۆیی و منداڵێکی ساواوە، زیاتر لە ژێر مەترسیدایە.
لە زیندان شوێنێکی گونجاوی لێ نیە هەتا دایک و منداڵەکە تێیدا پشوو بدەن، سەرین و سەرچەف و بەتانی پاکوخاوێنیش بۆ دایک و منداڵەکەی بەردەست نیە. لەبەر ئەوەی دایکەکە بێ بەشە لەوەی، کە وەک پیویست پرۆتین، ڤیتامین و کانزا پێویستەکان وەربگرێت، هەلومەرجی گونجاو بۆ گەشەی منداڵەکەیی و پاراستنی تەندروستی، لە ئارادا نیە.
لەلایەکی ترەوە، کاتێک دایکی خەدیجە شاهناز و هاوسەرەکەی، هەندێک کەلوپەلی پێویست بۆ دایک و منداڵەکە دەبەن، کاربەدەستانی زیندانەکە بە پاساوی ئەوەی، کە دایکەکە دەتوانێت لە زیندان ئەو شتانە بکڕێت، زۆرینەی کەلوپەلە پێویستەکانی دایک و منداڵەکە، رەت دەکاتەوە.
ئەمە لە کاتێکدایە زۆرێک لەو پێداویستیانەی لەلایەن بەرپرسانی زیندانەکەوە ڕەتکراوەتەوە، لە زینداندا بوونی نیە و لە هەمان کاتدا ئەوەی دەتوانێت لە زیندان بیکڕێت، نرخێکی زۆر بەرزی هەیە و، باوکی منداڵەکەش، بە هۆی کەمی موچەکەیەوە، کە کەمترین موچەی فەرمیە لە ناوخۆی تورکیادا، توانای کڕینی نیە.

Show More
Back to top button